له 8/2/2014 پوخته‌یه‌کی به‌سه‌رهاتی پێشمهرگهفهرانسهوییهکهم له سایتی ڕووداو خوێنده‌وه که له‌سه‌ر مافی کورد، ده‌ستی له پله‌و پایه‌ی باش و ژیانی ئاسووده‌ی له وڵاتی خۆی هه‌ڵگرت و به‌توندی دژی ههڵوێستهنامرۆڤانهکهی ده‌وڵه‌تی خۆی وه‌ستاوه و ڕووی ده کهژوکیوی کوردستان و لانه‌ی هه‌میشه‌یی پێشمه‌رگه کرد. ئه‌و مرۆڤه هه‌ر ئاشقی کورد نهبووو، ئه‌و ئه‌ڤینی مرۆفایهتیی به‌گشتی گڕی ده‌دڵی به‌ردابوو، به‌ڵام کوردستان بۆ‌وی له‌وکاته‌دا گۆڕه‌پانێکی گونجاو بوو بۆ شه‌ڕ له‌دژی نامرۆڤایه‌تی و سته‌مکاری. (دۆرین)ی دیپلۆماتکاری فه‌رانسه‌وی، له‌کاتێکدا که یاریده‌ده‌ری سکرتێری گشتیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌رانسه‌بوو، وه‌ک بۆ سایتی ڕووداو ده‌گێڕێته‌وه: “ڕۆژێکیان ته‌له‌گرافێکی باڵیۆزی فه‌ره‌نسام له له‌نده‌ن به‌ده‌ست گه‌یشت. له ته‌له‌گرافه‌که‌دا هاتبوو که بریتانیا ده‌یه‌وێت ڕه‌زامه‌ندیی فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ست بێنێ بۆ فرۆشتنی هێندێک چه‌ک به عێراق. . . من ده‌مزانی ئه‌و فڕۆکه هاوکهرههنتهرانه له‌شه‌ڕی دژه گه‌ریلادا به‌کار ده‌هێنران. ده‌مزانی که بۆمبی ناپاڵم دژی خه‌ڵکی سیڤیل به‌کار ده‌هێنرێت. . . ” دۆرین له‌سه‌ر ئه‌وه زۆر به‌توندی ده‌که‌وێته ده‌مه‌قاڵه له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌که‌ی خۆی و به‌وهۆیه‌وه له‌کاره‌که‌ی ده‌رده‌کرێ و ده‌چێته کوردستان و ده‌بێته پێشمه‌رگه‌یه‌کی فیداکار. ئه‌و ڕووداوه ئی ده‌وری 50 ساڵ پێش ئێستایه. ئێستا ئه‌و پێشمه‌رگه ئهمهگدارهی کوردستان کله‌یی له یه‌کڕیز و یه‌کگرتوو نه‌بوونی کورد ده‌کاو به‌هۆکاری سه‌ره‌کیی سهرنهکهوتنمانی ده‌زانێ. بێجگه له دۆرین، زۆر دۆستی دیکه‌ی گه‌لی کوردیش له وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌ر ئه‌و گلهیییهیان لێمانه، به‌ڵام بۆخۆمان هه‌ر بیریشی لێ ناکه‌ینه‌وه یا ئه‌گه‌ر باسێکی کورت و که‌م ڕه‌نگیشی لێ بکه‌ین هه‌ر بۆ بانگه‌شه‌یه نه‌ک کرده‌وه!. . .
نازانم چی بۆ ئه‌و ئازادیخوازه فه‌رانسه‌وییه بنووسم، نووکی قه‌ڵه‌مه‌که‌م ئاره‌قه‌ی شه‌رمی لێ ده‌تکێته‌وه. ئوڕووپایییهکی له‌نازو نیعمه‌تدا ژیاوی پله‌وپایه‌دار بۆ کوردی هه‌ژار پله‌و پۆسته‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دا و گیانی له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی داده‌نێ و بێ هیچ چاوه‌ڕوانییه‌ک ده‌بێته پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت له وه‌رگرتنی وێنه‌یه‌کی به‌نرخی یادگاریش (که‌خاوه‌نی وێنه‌که به‌ویستی خۆی ده‌یداتێ)، دوودڵه چونکه به‌سامانی خاوه‌نه‌که‌ی ده‌زانێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه پێشمه‌رگه فیداکاره‌کانی دوێنێی ڕێگای کوردایه‌تی که ئه‌وڕۆ که‌وتوونه که‌ڵکه‌ڵه‌ی پاوانی ده‌سته‌ڵات، ههموودهستکهوتهکانی گه‌لیان فیدای ده‌سته‌ڵاتخوازی و سامان په‌رستیی خۆیان ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت هه‌ڵسه‌نگاندنی گه‌له‌که‌یان به پووشێکیش نازانن و هێشتا هه‌ر له‌خه‌وی بێخه‌به‌ری دان و نازانن یا نایانه‌وێ بزانن و خۆ له‌و ڕاستییه تاڵه گێل ده‌که‌ن که ئه‌وڕۆ گه‌ل به‌ده‌نگی خۆیان به‌گوێیدا چرپاندوون. ئه‌وان ئه‌و چرپه‌یه به ده‌نگی جندۆکه ده‌زانن و ناچنه ژێرباری و به‌داواکردنی زیاتر لهسهنگیان، پێکهاتنی میری له‌کوردستاندا وه‌دوا ده‌خه‌ن، ده‌نا هیچ مانایه‌کی نییه ئه‌وڕۆ حیزبی کوردی به‌هۆی داسه‌پاندنی داوا له ئه‌ندازه تێپهڕاوهکانی ببێته ته‌نیا هۆکاری دواکه‌وتنی پێکهاتنی حکوومه‌ت. فارس کوته‌نی: میان ماه من تا ماه گردوون تفاوت از زمین تا آسمان است، واته له‌نێوان مانگی من تا مانگی گه‌ردوون جیاوازی زه‌مین تا ئاسمانه، به‌ڵێ پێشمهرگهکۆنه گیانبازه‌کان! شۆڕشتان بۆ ئه‌وه‌ی کرد که ئاوای لێ بێ؟ هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌کانی شاختان بۆ پله‌وپایه‌ی شار ئاوا له‌بیر کرد؟ ئه‌وه ئه‌و پارچه هه‌ڵبه‌سته‌ی خۆمم دێنێتهوهیاد که له‌پشت وێنه‌یه‌کی کۆنم نووسیوه. ئه‌وکاته‌ی تازه له ماڵهخۆم قاچاخ ببووم و ناچاربووم لهههمووکهسه نیزیکهکانم دوور که‌ومه‌وه، له‌به‌شێکیدا ده‌ڵێم:
ئه‌وێ له‌کوێ و ئێره له‌کوێ خه‌رمان له‌کوێ و گێره له‌کوێ
له‌کوێ خه‌رمانمان هه‌ڵداوه گێره له‌کوێ دابه‌ستراوه!
هه‌ر ئه‌وڕۆ خۆزگه‌م به‌دوێنێ که‌ی ئاواتمان به‌ری دێنێ!؟
ئه‌وڕۆ بابه‌تێکی دیکه‌شم خوێنده‌وه که له‌سه‌ر تۆڕی فه‌یسبووک، هه‌رێمی کوردستان شه‌ڕی له دژی حکوومه‌تی عێراق ڕاگه‌یاندووه. دیاره ئه‌وهه‌واڵه وه‌درۆ خراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێ، ئه‌وه کوردستان نیه که شه‌ڕی ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵکوو وه‌ڵامی شه‌ڕ ڕاگه‌یاندنێکه که ده‌وڵه‌تی عێراق چه‌ندین ساڵه دژی کورد ئه‌نجامی داوه، به‌ڵام ئێمه خۆمان لێ که‌ڕکردووه. ئه‌وشه‌ڕه هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانه‌وه‌ی حکوومه‌تی دوای سه‌ددام ڕاگه‌یه‌ندراوه. به جێبه‌جێ نه‌کردنی مادده‌ی 140 و ته‌نانه‌ت حاشا لێکردنی، به تێپه‌ڕاندنی قانوون سه‌ره‌ڕای بایکۆتکردنی کورد له پارله‌مان، به سه‌رژمێری نه‌کردن، له‌ترسی ده‌رکه‌وتنی ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی کورد له‌عێراق، به بڕینی بۆدجه‌ی پێشمه‌رگه له 17%ه‌که‌ی به‌شه بۆدجه‌ی هه‌رێم، به‌نه‌دانی پووڵی کۆمپانییه نه‌وتییه‌کانی کوردستان و تێپه‌ڕاندنی بۆدجه‌ی ئه‌وساڵ له هه‌یئه‌تی وه‌زیراندا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زیرانی کورد، گێچه‌ڵی نه‌وت، نه‌ناردنی بۆدجه و هاندان و هارووژاندنی کارمه‌ندان و. . .
کورد مه‌سه‌لێکیان هه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک زێده‌ڕه‌ویی کرد ده‌ڵێن: “هه‌ر چه‌کان هه‌وراز دێنێ!” به‌ڵی به‌ڕێزان له‌سایه‌ی پرشوبڵاوی و له‌ئاکامی یه‌کڕیزنه‌بوونی گه‌له‌که‌مان و لاوازیی هه‌ڵوێستمان، دوژمنانی کورد هه‌ر چه‌که‌که‌یان هه‌وراز و هه‌ورازتر دێنن و ئێمه‌ش جاری هه‌ر ده‌بیری دابه‌شکردنی دهستهڵاتێکداین که خه‌ریکه بهسهرسهرمانیدا ده‌ڕووخێنن.
ده‌سته‌ڵاتخوازی و گاڵته کردن به بیر‌و ڕای گه‌ل وای به‌سه‌ر هێناوێن که دۆست و دوژمن تێمان گه‌یشتوون و هه‌موو به ڕاست یا درۆ داوامان لێده‌که‌ن یه‌ک ڕیز و یه‌ک هه‌ڵوێست بین، که‌چی کاتێک سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه ده‌کا، ئۆپۆزیسیۆن گاڵته‌ی پێده‌کا و ته‌نانه‌ت له‌نێو خه‌ڵکدا قاو داده‌خا که ده‌یه‌وێ کوڕی کورد به‌کوشت بدا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕێک له ڕابردووی خۆشی بداته‌وه که ئه‌دی بۆ بۆخۆی ئه‌وهه‌موو شه‌هیده‌ی له‌پێناو که‌رکووک و ناوچهدابڕێندراوهکانی کوردستان دان، مه‌گه‌ر ئه‌وان له (زاوه) ڕا هاتبوون و کوڕی کورد نه‌بوون؟
به‌ڵێ ئه‌ی له‌خه‌وی خۆشی ده‌سته‌ڵاتێکی ڕواڵه‌تیدا خه‌وتووان، دوژمن له‌مێژه شه‌ڕی ڕاگه‌یاندووه و دۆستانیش له‌مێژه به‌هه‌وڵی بێئاکامیان خه‌ریکن وریاتان ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئێوه به‌و له‌حاست یه‌کتردا دڕبوون و له‌حاند دوژمن‌دا له‌رزۆک و بێ هه‌ڵوێست بوونه‌تان، نا‌وێرن وه‌ڵامی ڕاگه‌یاندنه‌که‌یان بده‌نه‌وه. هیچ بیرتان له‌وه کردۆته‌وه که ئه‌گه‌ر داعش و توندڕه‌وه سوننییه‌کان له‌دژی خۆداسه‌پاندنی زۆرینه‌ی شیعه‌ی عه‌ره‌ب وه‌خۆ نه‌که‌وتبان، ئێستا ئه‌گه‌ری زۆری هه‌بوو، که ئه‌و چه‌کانه‌ی ئێستا له شه‌ڕی نێوان ئه‌وانه‌دا ده‌کار ده‌کرێن، ڕوویان ده‌ئێوه کردباو ماڵی کوردیان به‌سه‌ردا وێران کردبانه‌وه؟