هەر ساڵە و نوێ بوونەوەی یادی هەوڵ و تیکۆشانی ژنان کە ساڵی1857ی زایینی لە نیۆیۆرک ، ی ئەمریکا دەستی پێکرد و 121 ساڵ دواترواتە سالی 1978 گەیشتە ئەنجامێکی سەرەتایی و لە لایان رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەفەرمی ناسرا، لە زۆربەی وڵاتانی دونیا یاد و بیرەوەرییەکانی 8ی مارس کە بە رۆژی جیهانی ژن دیاری کراوە رێزێکی تایبەتی لێدەگیردریت.
هەر چەند کە 8ی مارس بۆنەیەکی پیرۆزە و دەستکەوتی بە بایەخی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بۆ ژنان لە رۆزبەی وڵاتانی جیهاندا هەبووە و، ئیستاش چالاکان و هەڵسووڕاوانی ئەو بوارە لە ژێر سایەی ئەو دەستکەوتانەدا بەرادەیەکی بەرچاو ژیان و گوزەرانیان ئاڵگۆڕی جیدی بەسەردا هاتوو، بەڵام ژنانی وڵاتەکەی من تا دێت ژیانیان پڕ مەینەتر و پڕ ئازار تر دەبێت.
ئەگەر ژنانی هەر وڵاتێک بۆ هەر چی باشتربوونی ئاستی گوزەران و بەرەو پیشەوە چوونیان لە بوارە جۆراوەجۆرەکاندا دێنە سەر شەقامەکان و لە پێناو ویست و خواستەکانیاندا دەنگ هەڵدەبڕن، ئەوە ژنانی ولاتەکەی من لە بێ دەنگیدا بەردەباران و ئەشکەنجە دەکرێن و لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا رۆژانە دبنە قوربانی سێو خۆرەکەی جەنەت و داگیر کەرانی بیر و هزربۆگەنی نیشتمانەکەمان و،بە داب و نەریتی بێگانە حیسابی یەک لە دووی مرۆڤیان بۆ دەکرێت.
کەوابوو ئەرکی ژنی کورد زۆر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت قورسترە و بۆ ئەوەی بتوانێ لەو کۆت و بەندە رزگاری بێت و بگاتە ئەو ئاستەی کە شیاوێتی ، پێویستە بە هەممو توانای خۆیە تێبکۆشێت کە نموونەی " خانزاد و لەیلا قاسم و حەبسەخان و دایەبەهییە و ئامینەخانی فیزوولابەگی و لەیلازانا " و هتد........ زیاتر بکات و ، چاو نەترسانە بەگژ داب و نەریتی بێگانە و یاسای سەپێندراوی داگیرکەرانی کوردستان ، کە سەرلەبەری سووکایەتی و بێ رێزییە بە ژنانی نەتەوەکەمان، بچێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کچان و ژنانی کورد چاوەڕانی هیممەت و بخششی هیچ کەس و لایەنێک نەبن و، خۆیان بێنە مەیدان و شان بە شانی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان هەولەکانی خۆیان زیاتر بخەنەگەڕ و، خەمی رزگاری ئاو و خاک ئاویتەی ویست و خواستە رەواکانی خۆیان کەن و، بۆ رزگاری نیشتمان کە بەدایکی هەر نەتەوەیەک دێتە ئەژمار تێ بکۆش و ریزەکانی خەباتی نەتەوایەتی هرچی زیاتر برازێننەوە و لە پتەو کردنی کاروانی شۆرشی کوردایەتی بەردەوام بن.
لە کۆتاییدا وێرای ئەوەی کە 8ی مارس لە سەرجەم ژنانی جیهان بەگشتی و ژنان کورد بەتایبەتی پیرۆز دەکەم ، سەری رێز و نەواز بۆ شەهیدانی رێگای ئەو بۆنە پیرۆزە و رزگاری نەتەوەکەمان دادەنەوێنم.
8ی مارسی 2014