كۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار ...هەژێن

بەر لەوەی بەوە تاوانباربكرێم، كە من ناهۆشیاریی چەوساوان بە دیاریكراوی لەم پەیوەندەدا ژنان، بۆ باری تاكایەتی و ڕەگەزیی دەگێڕمەوە و سەرچاوە بنەڕەتییەكان و هۆكارە سەرەكییەكان نابینم، بەپێویستی دەزانم بڵێم، هیچ ناڕۆڕشنیم لەو بارەوە نییە، كە سەرچاوەی هەموو هەڵاواردنێك و هەموو ستەمێك هەبوونی چینی ناكۆك بە یەك و ناكۆكی و جەنگی ئەوان و بوونیان بۆ بوونی دارایی تایبەت و كاریكرێگرتە و سەروەریی هەندێك بەسەر هەندێكی دیكە دەگەڕێتەوە و دەبەنگكردنی تاكە ژێردەستەكان بە ئایدیۆلۆجییەكانی دەسەڵاتخوازیی و پێبەخشینی شوناسە دەستكردەكانیش هەر بۆ ڕاگرتنی ئەو كۆیلەتییەیە دەگەڕێتەوە، كە بەداخەوە زۆرێك بە سوپاسگوزارییەوە بە چنگ و ددان پارێزگاریی لێدەكەن و ئامادەی گیانبەخشینن لەپێناویدا.

 

بەڵام هیچ كات بوونی ستەم و هەڵاواردن و ژێردەستی ڕێگری هوشیاربوونەوە و دەركردنی نالەبارییەكان نییە و هەر هەوڵێك بەوەی بڵێین، سەروەران و سەرمایەداری ناهێڵن ئێمە یا كەسانی دیكە هوشیاربینەوە و لە ڕێوشوێنی كۆمەڵایەتیمان وردبینەوە و شوناسی چینایەتیمان دەركبكەین، پاساوێكە بۆ دەبەنگمانەوەمان و ڕەوایەتیدانە بە كۆیلەتی مرۆڤەكان، چونكە پاساودانی ناهوشیاریی، سەرەنجامەكەی مۆردانە لە هەمیشەییبوون و نەگۆڕبوونی و هاندان بۆ كولتووریبوون و مانەوەی ناهوشیاریی و كۆیلەتی، ئەوەش بێجگە لە خاترجەمكردنی مشەخۆران و سەروەران هیچیدیكە نییە و بەرھەمناھێنێت.

 

هەڵبەتە ئەوەش دەزانم، كە ئەو هەمووە پاساودانەی ناهوشیاریی و سوپاسگوزاریی كۆیلان، تەنیا بۆ مسۆگەركردن و سەلماندنی پێویستی ڕۆڵی شوانەیی كەسانێكە، كە پاگەندەیی "پێشڕەوبوون" دەكەن، بە واتایەكی دیكە بۆ ئەوەی دەستەبژێرەكان پێداویستی شوانەیی خۆیان و ئاسمانییبوونی هۆش بسەلمێنن، پاساو بۆ مێگەلكردنی ژێردەستان دەهێننەوە و ئامانج لەوەش تەنیا ڕەوایەتیدانە بە سەروەریی چینایەتی و سەرەنجام دەتوانن بەوە پاگەندەی سەروەریی باشی خۆیان بكەن و لە گاڵتەجاریی هەڵبژاردنی پارلەمانیدا دەنگی ژێردەستان مسۆگەربكەن و لە كۆدەتا سەربازییەكاندا بەناوی شۆڕشەوە سەركوتمان بكەن و لە ناكاممانەوەی ڕاپەڕینەوەكاندا جێگەی سەروەرانی ڕوخاو بگرنەوە و كۆمەڵگە لەسەر بنەمای "گوێڕایەڵیی پۆڵایین" ڕێكبخەن و هەر كەس سەرپێچی بكات، بەناوی دژەشۆڕشەوە گولەباران یا لە زیندان و ئوردووگەی كاری زۆرەملێدا بیپروكێنن و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەكان بە "مستی پۆڵایینی دیكتاتۆری دەوڵەت و پارت" دەمكوت بكەن.

 

هەندێك هاوڕێ و دۆستی ئازیز لەسەر بایكۆتكردنی ئاهەنگی ٨ی مارچ و نەفرەت لەو كارە، گلەییان لێكردووم.ڕاستییەكەی هەرچەندە هیچ گومانم لە دروستی هەڵوێستم نییە و بەوپەڕی بیرلێكردنەوەی دوو دەهەوە ئەو بڕیارەم داوە، بەڵام هەندێك لە ڕاستییە ئاوەژووكراوەكەش لەلای ئەوانە و پێشتریش ئەوەم دەزانی، هەر بۆیە دەهەیەك زیاترە بەو سەرەنجامە گەیشتووم، بۆ هۆشیاربوونەوەی مرۆڤی كۆیلە، ژێردەست، چەوساوە، هەڵاوێردراو، خۆشباوەڕ، پێویستە سەركۆنەی خودی خۆی بكەین، نەك گلەیی و سەركۆنەی چەوسێنەر و سەروەرەكەی .چونكە سەروەر و چەوسێنەر بەوپەڕی هوشیارییەوە ستەمدەكات، ئازادی كەسانی دیكە دەچەپێنیت، پیلاندەگێرێت، دەكوژێت، تیرۆردەكات، زیندان ئاوەداندەكاتەوە، تۆڕی مافیایی و بڵاوكردنەوەی بەنگكەرەكان دروسدەكات، دەیان كەناڵ و دەزگەی میدیایی بۆ دەبەنگكردنی تاكەكان قوتدەكاتەوە ...تد، بەڵام تاكی چەوساوە و ژێردەست، لە ناهوشیارییەوە دەنگ بە چەوسێنەرەكەی دەدات، لەسەر سەروەرمانەوەی چەوسێنەرەكەی سنگی ئەوانی دیكە هەڵدەدرێت، سەربازی دەكات، دەبێتە پۆلیس و ئاساییس و پاسەوانی زیندان و ئەشكەنجەدەر، دەڵاڵی بازار دەكات، بەكاربەر فریودەدات، پێداگری لەسەر ڕاستی درۆی ڕامیاران دەكات، سیخوڕی و هەواڵگریی لەسەر هاوكار و هاوسێ و هاوەڵی دەكات ..تد، كاتێكیش كە لە سەروەرەكەی نائومێددەبێت، دەست بە گلەیی و گریان دەكات، یا پەنا بۆ گۆشەی مزگەوت دەباتەوە یا گۆشەی مەیخانە دەگرێت، ئەگەر ئەم دووانە دەروونی شێواوی دانەمركێننەوە، ئەوا پەنا بۆ خۆتەقاندنەوە و هیواداری بە پەری و مەی و هەنگوێنی بەهەشت دەباتەوە.

 

تازەترین بەڵگە و نموونە بۆ كۆیلانی سوپاسگوزار، ژنانن؛ ژنانێك كە لە ئاهەنگی پارتە ڕامیارییەكاندا بەشدارییانكردووە، زوو زوو یەخەی بەڕێوەبەرانی بەرنامەكانی ئاهەنگەكانیان گرتووە "كەی شایی و هەڵپەركێكە دەستپێدەكات، ئێمە بۆ هەڵپەركێ هاتووین نەك بۆ گوێگرتن و لێدانەوەی قەوانی ٨ی مارس ! ".من دەزانم هەندێك کەس بە درکاندنی ئەم شتانە و کردنیان بە بابەتی ڕۆژ، توڕە و هەراسان دەبن، چونکە هەم کۆیلانی سوپاسگوزار بە پیادهەڵدان و دڵنەوایی ڕاهاتوون، هەم سەرمایەگوزارانی ڕامیار لەسەر تەختی ناهوشیاریی کۆیلانی سوپاسگوزار پاڵیان لێداوەتەوە و لە شێواندنی مێژوودا لاقیان لێڕاکێشاوە.بەڵام بە پێچەوانەی ڕاهاتن و خوبەیەکەوەگرتنی ئەوان [شوانە و مێگەل]، هیچ شتێك نییە، کە شیاوی یا لە دەرەوەی یاساکانی گۆرانی کۆمەڵایەتییدا بێت، تەنانەت خوودی ئەو دوو لایەنەش!

 

بەڵێ من دەزانم ئەگەر پیاوانی ڕابەریش ئاهەنگە پارتییەكان بۆ ژنانی سوپاسگوزار سازنەدەن، ئەوا ژنانی دەقگرتوو بە پشتیوانی ڕامیاران و پارتەکان بەخۆیان هەر هەمان كاردەكەن، ئیدی ئەوانی ڕامیار چۆن ئەو هەلە بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی ناقۆزنەوە، خۆ گیل نەبوون، ساڵان و مانگان، فەرماندەرانی پارت ڕۆژ دەژمرن "كەی ساڵیادەكان دێنەوە، كەی ژنێك دەخنكێنرێت و كەی ڕۆژنامەنووسێك تیرۆردەكرێت" تا سەرمایەگوزاری لەسەر بكەن، هەنووكە لەشكرێك كۆیلەی سوپاسگوزار هاتوونەتە خانەی پارت و لە ساڵیادی سووتانی ژنەكرێكارانی شیگاكۆ و خۆپیشاندانەکانی سەدەی نۆزدە لە ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی ساتەکانی کار و کرێی یەکسان، ژنان بەخۆیان خوازیاری شایی و هەڵپەركێن، ئیدی ئەوان بۆ نەیكەن؟!

 

لەبەرئەوە من هەرگیز ڕێگە بەخۆم نادەم گلەیی لە بازرگان بكەم، كە كاڵای خراپ دەفرۆشیت یا خۆراكی ئێكسپایەر بە خەڵكی دەفرۆشیت، من سەركۆنەی بەكاربەری نادەربەستدەكەم، من گلەیی لە ڕامیاران و سەرمایەگوزاریی پارتان ناكەم، بەڵكو سەركۆنەی ئەندامانی خۆشباوەڕدەكەم، من گلەیی لە پیاوانی خۆ-بە -ژن-ڕزگاركەر ناكەم، بەڵكو سەركۆنەی ژنانی دڵخۆش و ئاسوودە بە كۆیلەتی دەكەم.

 

نموونەیەکی شۆکێنەر، كاتێك كە لە پارلەمانی هەرێمی كوردستان و ‌عیراقدا قسەکەرانی دێمۆكراسییەكەی ئەمەریكا؛ ژنان لە پێش مەلا و سەرۆكخێڵ و پیاوانی هەوسبازەوە دەنگیان بە یاسای چەند ژنە دا، هەر ئەو کات گوتم " لەبەرئەوەی کە، بە لاف و گەزافی چەپ، ئەوەندە كۆمەڵگەی هەرێم كرابوو بە كۆمەڵگەیەكی سكیولار، چاوەرێمدەكرد بۆ ڕۆژی دوایی لە هەموو گوند و شارێكەوە لەشكری ژنانی ناڕازی و ئازادئەندێش و یاخی بەرەو هەولێری پایتەخت بەرێبكەون و وەك ژنە یاخییەكانی ئەفریكا، تەلاری پارلەمان و كاناڵەكانی ڕاگەیاندن داگیربكەن و ئاگر لە هەموو كاخەزێكی ڕەشكراوە بەردەن"، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەك هەر پاگەندە بێبنەماكانی چەپیان بەدرۆخستەوە، بەڵكو منیشیان لە ڕوودانی ئەو خەونە نائومێدكرد و منیان گەیاندە ئەو بڕوایەی، كە ئەگەر پارلەمانتارەكانی پارلەمانی هەرێم بڕیاری قەدەخەكردنی زێڕ و میكیاج و كەوشی پاژنە بزمارییان بدایە، ئەگەر بڕیاری نەهێشتنی مارەیی و پێشەكی ڕابواردنەكان و گواستنەوەی بووك وەك گیراوی جەنگە خێڵەكییەكان بۆ ماڵی زاوای سەركەوتوویان بدایە، بەدڵنیاییەوە كۆیلە-ژنانی سوپاسگوزار ئاژاوەیەكیان بەرپادەکرد، هەرگیزاو هەرگیز دانەدەمرکاوە.

 

لە پیاوانی فێمینیست تكادەكەم، پێش ئەوەی تووڕەببن و پێچاوپێچ من تۆمەتباربکەن و پاساوی کەچبینینەکان بەوە بدەنەوە و حاڵی تەنک/ڕواڵەتئەندێشی بیانگرێت، با ئەم دەستەواژەیەش بخوێننەوە " پێڵاوی زێڕ بازاڕی گەرمە " و سەرنجێكی ئەم وێنانەش بدەن، كە لە كۆتاییدا بەستەریانم داناوە !ڕاستە كەمینەیەكی زۆر كەم لە ژنان دەتوانن لەم پووچگەرایی و وێرانبوونە بەهرەمەندبن، بەڵام زۆرینەی ژنی كورد شانازییان بۆ بڕی ئاڵتوون و دەوڵەمەندیی باوان و بوونی ئۆتۆمەبێل و تەلاری بەرز دەگەڕێتەوە و وەك پلەیەکی بەرز بۆ خۆنواندن بەرامبەر ژنانی دیكە بەکاریدەبەن.هەر كەس ئەم بۆچوونە بە ناڕەوا دەزانێت، با بە ئامارگیرییەك لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە خودی ژنان، ڕێژەی ئەو ژنانە بدۆزێتەوە، كە خەونی ئاوا فیر‌عەونانەییان نییە !

 

*******************************************

پەراوێز:

تکایە بۆ بینینی وێنەکان، سەردانی ئەم بەستەرانە بکەن :

ڕۆژی پۆشاكی کوردی و میدیا زێڕنگەر/ زێرفرۆش، ئاوا دەیگۆڕێ

https://fbcdn-sphotos-h-a.akamaihd.net/hphotos-ak-frc1/t1/1979593_599589003459616_758734896_n.jpg

کەوشی زێڕین بازاری گەرمە، چەند-ژنە نوێنی نەرمە

http://baharikurd.com/eg-ku/1773-hawler-zer-dakreta-qondara.html

١٠ی ئازاری ٢٠١٤

 

Related Articles