سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌!! .. دلشاد خدر

ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ زیاتر له‌ دوای راپه‌رین هاته‌ كایه‌وه‌ و كه‌وته‌ سه‌رزاران. ئه‌ویش بۆ جوانكردنی ئه‌م كاره‌ قێزه‌وێنه‌یه‌، كـه‌ كه‌سێك بو سودی زیاتر، له‌ كویله‌ی لایه‌نێك ده‌بێته‌ كویله‌ی لایه‌نێكی تر. هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو لای نیو ململایه‌نه‌كه‌ ئه‌وه‌ راستیه‌یان باش ده‌زانی، كـه‌ گواستنه‌وه‌ی كویلایه‌تی ئه‌وانه‌ له‌ ئاغای پێشویان بۆ ئاغایه‌تی وان، ته‌نیا بۆ سودی كه‌سی خۆیانه‌. دیسان لایه‌نی نوێ، لـه‌ رێگای كویله‌كانی نیو راگه‌یاندن به‌رگێكی نیشتمانی و حه‌قانییان ده‌دایێ و ده‌یانكرده‌ سه‌ركه‌وتنێكی نمونه‌یی! هه‌رچه‌نده‌ من گومانم له‌ بوونی سه‌نگه‌ر هه‌یه‌، لـه‌ نیو ئه‌و دوو لایه‌نه‌. بـه‌لام بۆ هه‌موو كاته‌كان سه‌نگه‌ری لایه‌نی بالاده‌ست ره‌واجی هه‌یه‌( به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هوكاری ئه‌م بالا ده‌ستیه‌) و سه‌نگه‌ری شكستخواردوو چول ده‌بێت؟

 

پێش ده‌ست پێكردنی شه‌ری ده‌سه‌لات، ململانێیه‌كانی نیوان پدك و ینك توند بوون، پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی كویلایه‌تی چرتر بۆوه‌. زۆرێك لـه‌ یه‌كێتیه‌كانی بادینان بـۆنه‌ كـویله‌ی پارتی و لـه‌ ناوچه‌كانی هه‌ولیرو سلیمانی و گه‌رمیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. من سه‌روك جاشێكم له‌ هه‌ولێر ده‌ناسی! له‌سه‌ره‌تای راپه‌رین پارتی بوو و، پـاش وه‌ده‌رنانی پارتی له‌ هه‌ولیر بوو به‌ یه‌كێتی و، بێ سه‌رئێشه‌، له‌گه‌ل گـه‌رانه‌وه‌ی پـارتی له‌ 31 ئاب بـۆ هه‌ولیر، گـه‌رایه‌وه‌ نیو پارتی. كـــه‌ باسی سه‌نگه‌ریش ده‌كرا، ئـــه‌و راستگۆیانه‌ ده‌یووت: من سه‌نگه‌رم نیه‌ و هـــه‌موو جارێك تـــه‌نیا لیستی مـــوچه‌ی چه‌كداره‌كانی خۆم لـــه‌و لایه‌نه‌ ده‌گوازمه‌وه‌ بــۆ لایه‌نه‌كه‌ی تــر. لــه‌ كاته‌كانی كــوتای هاتنی سه‌ركردایه‌تی كاتی و سه‌رله‌نوی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی پارتی له‌لایه‌ن بنه‌ماله‌وه‌، كۆمه‌لیك رۆشنبیری ئه‌م حزبه‌ له‌ پارتی بێ هیواده‌بن و دێنه‌ نیو رێزه‌كـــانی حـــزبی شیوعی. بــه‌لام كاتیك شیوعیه‌كان دوای راپه‌رین گلوره‌یان كـــه‌وته‌ لیژی، هه‌مان گروپ گـــه‌رانه‌وه‌ نیو پارتی! له‌كاتیكدا بنه‌ماله‌ هـــه‌موو جومگه‌كانی نیو پارتیان كونترۆل كردبوو!! لــه‌وه‌ش سه‌یرتر ئــه‌و گروپه‌ كـــه‌ بـــه‌پاساوی ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی پارتی لــه‌لایه‌ن بنه‌ماله‌وه‌ پارتیان جێ هێشت، كـــه‌ گـــه‌رانه‌وه‌ بونه‌ ده‌زگایه‌كی كارا بۆ یارمه‌تی دانی بنه‌ماله‌ بۆ پته‌وكردنی كونتروله‌كه‌یان له‌ نيو جومگه‌كانی حزب وبه‌ فه‌لسه‌فكردنی ئه‌م كونترۆله‌.

 

لـــــه‌م روژانه‌ هــــه‌والی گواستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری كاك عــارف روشدی لـــه‌ نیو یـه‌كێتی بـۆ پارتی بووه‌ هـه‌والی سه‌ره‌كی راگه‌یاندنه‌كان. منیش لـــه‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواچوونم بــۆ ئــه‌م هه‌والــه‌ كردو له‌ كوتاییدا كاك عارف باسی پاساوه‌كانی خۆی كرد، كـه‌ بونه‌ته‌ هۆكاری گواستنه‌وه‌ی كویلایه‌تی خۆی لـه‌ نیو یه‌كێتی بۆ پارتی! بۆ من ئه‌م كاره‌ی كاك عارف چــه‌ند قێزه‌وێنه‌، پــاساوه‌كه‌شی دوو هێنده‌!!! مـــن لێره‌ لـــه ‌كاك عارف وخۆێنه‌ران ده‌پـرسم، كـــه‌سێك كـــه‌ ئـه‌ندام سه‌ركردایه‌تی بێت و بــــــه‌ هــــــۆ ی رێگری كردنی لـــــه‌ چاك سازی لـــــه‌ نیو یه‌كێتی ئه‌وه‌نده‌ نه‌فه‌س كـــورت بێت و بێزاریه‌كه‌ی بگاته‌ ئاستی وازهێنان! ده‌بێت بتوانی له‌ نیو پارتی باسی چاكسازی بكات؟

 له‌ دوای راپه‌رینی بـه‌هاری 91، كـوچكردو كـانه‌بی گـه‌وره‌ (سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی نـاو خۆشی شیوعیه‌كان هه‌ولێر بوو) لـه‌سه‌رتا چووه‌ نیو رێزه‌كانی یــه‌كێتی، له‌ سەرەتای شه‌ری نیوه‌خۆ له‌ كوبونه‌وه‌یه‌كی كادیرانی سه‌ربازی قسه‌ی له‌ قسه‌كانی كوچكردو جه‌بار فه‌رمان كردبوو، نـــاوبراویش بـــه‌ شیوازێكی نـه‌ شیاو وه‌لامی دابووه‌، كوچكردو كانه‌بی سه‌نگه‌ری خۆی له‌ یه‌كێتی گواسته‌وه‌ نیو پارتی! لـه‌ نیو پارتیش له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی كادیرانی سه‌ربازی له‌گه‌ل دكتور رۆژ شاویس دیسان قسه‌ی كـردبوو، ئه‌وجاره‌یان ناوبراو پێی گــوتوبو كـه‌ ئێره‌ حزبی شیوعـی نیه‌ هه‌موو كـه‌س مافی قسه‌كردنی هه‌بێت لێره‌ پێویسته‌ ته‌نیا گوێ بگریت!

 

كاك عـارف لـه‌سه‌ره‌تای راپه‌رین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بوو، لـه‌سه‌ر لیستی یه‌كێتی. لـه‌ 31 ئاب، لـه‌گه‌ل كــــومه‌لیك ئـــه‌ندام پــــه‌رله‌مانی تـــری یه‌كێتی، وه‌ك دیل كـــه‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستی هێزه‌كــانی پـــارتی. پــارتیش بـــۆ درێژكردنه‌وه‌ی كـــاتی په‌رله‌مان ( كــه‌ ئه‌و كاتی ماوه‌ی دریژكراوه‌ی پـــه‌رله‌مان بــه‌سه‌ر ده‌چوو) سوودی له‌م دیلانه‌ وه‌رگرت و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی رواله‌تی، ماوه‌ی په‌رله‌مانی درێژكرده‌وه‌، به‌لام ئه‌وه‌ی جێگای گالته‌جاری بوو! كه‌ كاك عارف موداخه‌له‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد! كــه‌ هیچ پێویست نـــه‌بوو، مـــوداخه‌له‌كه‌شی هــــه‌موو پێداهه‌لدانی كاك مه‌سعود بارزانی بوو!! له‌كاتیكدا هێشتا خۆێنی هه‌ڤاله‌كانی كـــه‌ به‌ده‌ستی پارتی و هێزه‌كانی به‌عس شه‌هید كرابوون هیشك نه‌ببونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت خۆشی دیل بوو!. ( لــه‌ هه‌مان كاتدا كاك فواد مه‌عسومیش دیل بــوو لـه‌لای پارتی، به‌لام كــه‌ داوایان لیكرد ئاماده‌ی ئه‌م كۆبونه‌وه‌ بێت، بــه‌راشكاوانه‌ وتبوی ئــه‌گه‌ر بـــه‌ هێز ده‌مبه‌ن، ئــه‌وه‌ ئاماده‌ده‌بم. بــه‌لام ئه‌گه‌ر به‌ خواستی خۆم بێ ئاماده‌نابم چونكه‌ من دیلم. بۆیه‌ پارتی رێزی لــه‌و ئازایه‌تیه‌ی گرتوو ئـازادی پێبه‌خشی له‌ ئاماده‌بوون و نه‌بوونی، ناوبراویش ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ نه‌بوو).

 

پرسیاری كۆتایی ئه‌وه‌یه‌:

 ده‌بێت دلسوزی كاك عارف چی بێت بۆ پارتی، ئه‌و كاته‌ی پارتی گلۆره‌ی ده‌كه‌وێته‌ لێژی؟

 یان ئه‌وكاته‌ی پارتی هێزه‌، چ پێویستی به‌ كاك عارف و كاك عارفه‌كانه‌؟

 

 

Related Articles