ڕەوتی ڕوداوەکانی ناو ینک بۆسەرجەم لایەنگران و ئەندامانیان جێگەی سەرسوڕمان و جەدەل و قسەو باسە ، بەوەی دەمی هەرکەس و لایەنگرێکی ینک بکەیتەوە ، شانازیەکی بێ وێنە بە ڕابوردوی خۆیان و ڕێکخراو و ڕابەرەکەیان جەلال تاڵەبانیەوە دەکات ، کە باس لە شکستیش دەکەین ، ئەوا بە هەستانەوە و باڵاکردنی دوبارە دڵخۆش دەبنەوە . بە بێ ڕۆچونە ناو فاکتەرەکانی دورکەوتنەوە و پەڕاوێز کەوتنی ینک لە ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بچوک بونەوەیان ، ناتوانین ئایندە و نەزەراتی کورت ماوەیی سیاسەتمەدارانی ناو ڕێکخراوەکەش بخەینە ژێر تیشکی ڕەخنەوە ، ئێستا دەتوانین هەنوکەی سیاسی و بەرنامەو کارکردی ینک لەیەک مەقولەدا کۆبکەینەوە ئەویش ڕوپۆشی ئێستاو داهاتویان بە ڕابوردوەکەیانەوە دەشارنەوە ، بەوەی کە وەک موعجیزەکی سیاسی ڕواداوێکی گرنگ لە مێژودا قسەی لێدەکەن ، نەک وەک ئەوەی چۆنیەتی ئەدای سیاسەتی ڕابەرانیان و بەرنامەی حیزبیان بخەنە ژێر ڕەخنەوە ، یەکسەر بێ ئاسۆییەکی قوڵ بە سەر دید و بۆچونیان دا باڵ دەکێشێت و وەکو کارێکی ئیلاهی و قەزاوقەدەر یان وەک هێزێکی ئیللاهی لەو نوشوستەدا دەستی بوبێت شیکاری بۆ دەکەن ، با لێرەدا بزانین ئەم وەرچەرخانە سیاسیەی ینک وە بچوک بونەوە و خۆ خواردنەوە و خولانەوەی لە ناو بازنە داخراوەکەدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە ؟ .
ینک وەکو ڕێکخراوێکی سیاسی ناسیونالیستی کوردی لە ناو جەرگەی ئەو ڕوبەڕوبونەوە جەماوەریانەی دژ بە زوڵم و ستەمی دیکتاتۆریانەی ڕژێمی عێراق دا لە دایک بو ، یان لە دوای نسکۆی 75 وەک ئالتەرناتیفێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی چەکدار بەدەرکەوتن ، واتە زەمینەیەکی مادی و بابەتیانە بۆ لە دایک بونی ئەو ڕێکخراوە زۆر لە بار بو ، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ینک کێشەی یەک هەڵوێستی فیکری و یەک ئایدیۆلۆژیای ڕێکخراوەیی هەبوە ، واتە خاوەنی یەک میتۆدی فیکری نەبوە ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەسەر سێ باڵی جیاوازدا دابەش بون ، بە حسابی خۆیان ئاغاو دەرەبەگ و پیاوماقوڵانی کورد لە ناو شۆڕشگێڕان و بزوتنەوەی سۆسیالیستی ڕادیکاڵەکان و کۆمەڵەی ڕەنجدەران وەک ڕێکخراوێکی کرێکاری و زەحمەتکێشی شکڵی گرت ، بەڵام خاڵی هاوبەش و ئیستراتیجیەتی خەباتیان کوردایەتی و مافی چارەی خۆنوسین و یان ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و ئازادی بۆ عێراق دەستیان دایە خەباتی چەکداری و سیاسی ، لە جەرەیانی شکڵ گرتنی ڕێکخراوەییان دا نەبونە خاوەنی هەڵوێستێکی سیاسی و تیۆری شۆڕشگێڕانە ، نا حاڵی بون لە مارکسیزم وەکو تیۆرێکی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار و تێنەگەیشتن لەوەی کە مارکسیزم تیۆری شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا دژ بە سیستەمی سەرمایەداری بەڵام ئەمان مارکسیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیان ئاوێزانی یەکتر کرد کە لە ئەسڵ دا مەسەلە نەتەوایەتیەکان وەکو بەرنامەی لانی کەمی کۆمۆنیستەکان تەماشا دەکرێت کە خوێندنەوەی مارکسیستەکانی ناو کۆمەڵە ناسیۆنالیزمیان خستە جێگای کۆمۆنیزمی کرێکاری و خەباتی چەکداریان کردە ئالتەرناتیڤی بزوتنەوەی کرێکاری بۆ ڕوخانی سیستەمی چینایەتی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بی چین و مافی چارەی خۆنوسینیان خستە بەرانبەر خەباتی چینایەتی بۆ دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا ، ئەمانە سەرەداوی ناحاڵی بونی کاڵفامەکانی ناو کۆمەڵە بو لە تیۆری مارکسیزم _ لێنینزم . ڕژێمی سەرسەختی سەدامیش زۆر بێ ڕەحمانە کەوتە کوشتن و لێدانی ئەو هێزە چەکدارە و قەتڵ و عام کردنی سەرجەم دەنگە ناڕازیەکانی ناو خەڵک و ئەو هێزە چەکدارەی پێشمەرگە . ئێمە دەتوانین لێرەدا چەند فاکتەرێکی سەرەکی کە ڕۆڵیان هەبوە لە لاوازکردن و پوکانەوە و بچوک کردنەوەی ینک دا فۆرمەلە بکەین ، لەوانە .
١ / نەبونی یەکیەتیەکی تیۆری سیاسی و نەبونی ئایدیۆلۆجیەتێکی سەربەخۆ . یان ڕونتر بڵێین نەبونی یەکیەتیەکی سەربەخۆ کە هەمو سەرکردەکان لە یەک ڕێکخراوی سیاسیدا کۆکردبێتەوە ، واتا تێکەڵەیەکی فیکری سیاسی بۆ بە گژاچونەوەی ڕژێم و هێنانەکایەی ئالتەرناتیڤێکی سیاسی و پێشمەرگایەتی لە بەرانبەر پدک دا ، نەبونی یەکیەتیەکی تیۆری سیاسی واتە ناتوانرێت ڕێکخراوەیەکی سیاسی توندوتۆڵیش پێک بێت ، چونکە یەکیەتی ئایدیۆلۆژی پێش مەرجی یەکیەتیەکی ڕێکخراوەییە ، بۆیە هەر لەسەرەتاوە پارچە پارچە بون و جیابونەوە و ئینشیقاق بوە نسیبی ینک ، بەدەست نەهێنانی سەربەخۆیی فیکری و یەک ڕیزیەکی تیۆری _ سیاسی خۆی لەخۆیدا سەرچاوەی شاخە شاخەبونی ڕیزەکانی ڕێکخراوە ، نە پاراستنی ئەو سەربەخۆییە کارێکی کرد تاک ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت و ببێتە کاریزمایەک بەدەر لەو تاکە هیچ پلاتفۆرمێکی سیاسی لەبەردەست نەبو بۆ کارکردن ، لێرەدا ئازادی بیروباوەڕ و گەشەی تیۆری فیکری بەرەو چرۆ کردن ملی نەنا و دیکتاتۆریەتی بیروباوەڕی تاک بوە بزوێنەری سەرجەم بزوتنەوەکە ، لە ئاکام دا کار گەیشتە ئەوەی لە ژێر چاودێری وڵاتانی دراوسێدا ، وە بە پراکتیزەکردنی نەزەراتی ئێران و تورکیا و پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ لە جێگای پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خەڵک خرایە دەستوری کارەوە . واتە ئەوەندەی سیاسەتی کۆنەپەرەستانەی جمهوری ئیسلامی لە کوردستان بە پراکتیک کرا لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە بە داخەوە نیو ئەوەندە خەبات بۆ سەربەخۆیەکی فیکری و حیزبی نەکرا . بۆیە لە سەرەتای هەشتاکان دا وەک هێزێکی هار و حیزبی پلە یەک کەوتە پەلاماری چەکدارانەی باقی ڕێکخراوەکانی ناو بەرەی جود و تا کار گەیشتە ئەوەی بەسەرۆکایەتی نەوشیروان قەتڵ و عامی شیوعیەکانی قەرناقاو پشت ئاشانیان کردو مێژویەکی ڕەش و خوێناویان خوڵقاند ، لە هەمان کات دا بۆ سات و سەودای سیاسی و حیزبی نەک جەماوەری کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سەدام و تا لەئاکام دا متمانەی وەک هێزی یەکەمیان لە کوردستان لای سەدام بەدەست نەهێنا و بۆیە نەیان توانی دەستکەوتە حیزبیەکانی خۆشیان بەدەست بهێنن ، . خودی تاڵەبانی بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەتاتورکەکان و سیاسەتی خومەینیەکانی ئێران لە چەندین بۆنەدا کەوتە دژایەتی کردنی ئەو کەسانەی کە خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیەوە دەبینی و داوای ئازادی و سەربەخۆیی گۆڕا بە داوای قەڵاچۆکردنی نەیارانی سیاسی ناو خۆیان لە نمونەی کادرانی ئاڵای شۆڕش ، تا کار گەیشتە ئەوەی لەم دواییانەدا سکرتێری گشتی بانگەوازی دەوڵەتی کوردیان گۆڕی بە خەونێکی شاعیرانە و هەر خودی تاڵەبانی کەوتە دژایەتی کردنی سەرسەختانە دژ بەوانەی بیر لەمافی چارەی خۆنوسین دەکەنەوە ، هەروەها لەم دەورانەی ئەخیردا جەلال تاڵەبانی کەوتە کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ مالیکی کۆنەپەرەست و دژ بە خەڵکی کوردستان ، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و ڕازیکردنی ئەوان بەوەی کە کورد لەم قۆناغەدا بیر لە جیا بونەوە ناکات ، بەڵکە خۆیان و کوردستانیان بە بەشێکی ئەزەلی و ئەبەدی بە عێراقەوە ، بە دەوڵەتانی ناوچەکە دەناساند .
٢ / نەبونی میتۆدێکی زانستی و ئیستراتیجیەتێکی پاککراو بۆ داهاتوی خەبات ، یان نەپاراستنی سنوربەندی چینایەتی . واتە گرێدانی خەباتی سەرجەم چینەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بە سەرمایەدار و ئاغاو دەرەبەگ و کرێکارەوە لەناو یەک ڕێکخراودا کە ئەویش ینک .
٣ / نەبونی بەرنامەیەکی سیاسی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵكانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز . واتە پەروەردەنەکردنی کادران و فێرکردنیان بە زمانی سیاسی و میتۆدی شۆڕشگێڕانە . وەفادار نەبونی سەرانی ینک بەرانبەر بە گوتاری سیاسی خۆیان ، وە پەنا بردنە بەر فێڵی سیاسی تا خەڵکانێک کە لە ڕیزەکانی خۆیان دا کە لە سەنگەردان دەرک بە ڕاستی بەرنامەی کاریان نەکەن .
٤ / پەروەردەنەکردنی کادران و خەڵکانی تیۆریسیەن بە بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەی مارکسیزم مەبەست ڕیزەکانی ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانە . وە ئەوەی کە باسە لەسەر خەڵکانی شۆڕشگێڕو زەحمەتکێش نەچوە دەستوری کاریانەوە واتە درزی نێوان پرۆلیتاریاو کۆمەڵە بە هیچ پێوانەیەک نەدەپێورا .
٥ / وە بونی سانتریالیزمێکی زۆر توند و دیکتاتۆرانە و نەبونی ئازادی بیروڕای سیاسی لە ناو ڕیزەکانی ینک دا ، نمونەی ئاڵای شۆڕش و تەفروتونا کردنی لایەنگرانی مەلا بەختیار و زیندانی کردنی کادرانی بە بیروباوەڕی جیاواز . لێدانی هێزە سیاسیەکانی تری ناو بەرەی جود و قەتڵ و عام کردنی چەکدارەکانیان ، کە بوە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی مێژوی ئەو ڕێکخراوەوە .
وە بونی نەوشیروان موستەفا وەکو چەکوشی ئامادە دژ بە نەیارانی ڕێکخراوەکەی و لێدان و ئەشکەنجەدانی نەیارانیان بوە پیشەی هەمیشەی سەرکردەکانی ناو ینک ، یان کوشتنی نەیارانی دژ بە بیروباوەڕی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان .
٦ / فەرزکردنی سیاسەتی تاکڕەوانە لەناو سەرجەم ڕێکخراو و ڕیزەکانی ینک دا ، بەوەی بونی جەلال تاڵەبانی تاکە کاریزمایەکی سیاسی بو ، وە هیچ کەس و کادر و ڕابەرێک بۆی نەبو جێگرەوەی بێت و ئەوەش هێڵی سور بو .
٧ / هەڵبەزو دابەزی ینک لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێش چونی ڕوداوەکان دا ، لە هەشتاکان دا هەڵگیرساندنی شەڕی سەرتاسەری لەگەڵ بەرەی جود و قەتڵ و عام کردنی چەکدارەکانیان و کوشتنی دیلەکان و پاشان سازش و گفتوگۆی ینک لەگەڵ ڕژێمی سەدام و هێنانی سوپای پاسدران بۆ لێدانی بیرە نەوتەکانی کەرکوک و شین و شەپۆڕ و گریانی جەلال تاڵەبانی لەسەر گۆڕی ئیمام خومەینی و پاشان شاڵاوەبەدناوەکەی ئەنفال و ئاش بەتاڵ پێکردنی پێشمەرگەکانیان .
پاشان ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ و قۆناغێکی نوێی خەباتیان ، لە گەرماوگەرمی ڕاپەڕیندا هەڵۆ سورەکانیانن بەردایە گیانی خەڵکی ڕاپەڕیو و شوراکان و داگیرکردنی موڵک و ماڵی بەجێماوی ڕژێمی پێشو و ئاودیوکردنی سەرجەم کەرەسەو کارگەو کارخانەکان لەژێر چاودێری لێپرسراوانێک کە بە ناو پێشمەرگەی کۆنن و خاوەنی خەباتن و چەکداری بێشوماریان لەدەوری خۆیان گردکردبۆوە ، پاشان شەڕی کۆنەپەرەستانەیان لەگەڵ پەکەکە و بە کوشت دانی سەدان پێشمەرگەیان لەو جەنگەدا ، یان لێدانی هێزە ئیسلامیەکان و دوایی شەڕێکی کۆنەپەرەستانەیان دژ بە پدک بەرپا کرد ، بوە هۆی بەکوشت دانی هەزاران پێشمەرگەو ئاوارەبونی دەیان هەزار کەس ، یان خۆ دەوڵەمەند کردن بە سەروەت و سامانی گشتیەوە ، پڕکردنی گیرفانیان لەسەر حسابی ئەوەی ئەوەی ئەم کۆمەڵە سەرکردەیە خاوەنی هەمو کوردستان بن ، کۆمەڵێکی بە ناو سیاسی وەکو باندی مافیایی کە لە شاخ تاکە ئەرکیان کوشتنی سەرباز و جاش و گرتنی ڕەبایەو سەربازخانە بوە و دەستبەسەراگرتنی دەستکەوتەکانیش بۆ دەستی کۆمەڵێک سەرکردەو لێپرسراو بوە ، نامۆیی ئەم تاقمە چەکدارە بە کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی کوردستان هەمان بەرخوردی شاخیان لەگەڵ خەڵکی شارەکان دەکرد وەک ئەوەی کە لە ڕابوردودا دەرهەق بە خەڵکی لادێکان ئەنجامیان دابو . خۆناساندنی ئەم تاقمە بە خەڵکی شارەکان تەنها لەڕێگەی چەکدارەکانیانەوە بو ، واتە ئەمان وەک باندێک هەر لێپرسراوە و کۆڵانێکی کۆنترۆڵ دەکرد و سیمای شارستانی شاریان گۆڕی بە شارێکی مافیایی و قافڵەی ڕیزبەستوی ئۆتۆمبیلەکانیان و سکی برسی خەڵکی کوردستان لە بەر بێکاری و ئابڵوقەی ئابوری و لە ولاوە خۆ دەوڵەمەند کردنی چەند کەسێکی فیرعەون ئاسا و بێکارەبایی و بێ ئاوی خەڵک و چراخانی ماڵی مەسئولەکان و تەنانەت قەبرستانەکانیشیان ببوە چراخان و ئەمانیش بە فیرعەون لە ناو خەڵک دا ناو دەبران . یان لە ژێر سایەی زۆنی سەوزدا دەیان خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی تیرۆر کران ، یان ینک هێندەی بەدوای بە خێزانی کردنەوەی ڕێکخراوە وە بو هیچ خەمی باقی خەڵکی قوربانیدەریان نەبو ، وای لێهات ینک بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی قۆرخ کرا ، هەمو جێگاکانی دەسەڵات و هەمو پلەوپایە حیزبیەکان بۆ کۆمەڵێ کەسی نزیک لە بنەماڵەی تاڵەبانی تاپۆ کرابو ، پەل هاویشتنی پیاوەکانیان بۆ ناو هەمو جومگەکانی دەسەڵات ، بە تایبەتی لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری کارێکی وایان کرد پرۆژەکانیان کۆنترۆڵ کردو بە دەڵاڵەکانی خۆیان دەفرۆشتەوە ، یان بە حیزبی کردنی سەرجەم فەرمانگەکان و دادگاکان و خرانە بەرژەوەندی چەند کەسێکی ناشایستە بە کۆمەڵگای مەدەنی .
ئەمانە کۆمەڵێک فاکتەری گرنگ بوون کە ( ینک ) یان بەم ڕۆژە گەیاند .