كوردسات نمونه‌ میدیای فاشل.. عه‌لی سیرینی

 

 

 

ساڵێك زیاتر به‌ر له‌ ئێستا، له‌ چه‌ند شوێنێك وتار و سه‌رنجم له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی كوردسات و كه‌ی تیڤی بڵاو كرده‌وه‌.من وامزانی ئه‌م دوو ده‌زگایه‌، گه‌ر به‌ ئه‌سته‌م له‌ شوێنێك ڕه‌خنه‌یان لێبگیرێت، به‌دواداچوون ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ر ڕاست بێت به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌.یه‌كێك له‌و سه‌رنجانه‌م ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌م دوو كه‌ناڵه‌ دیمه‌نی زۆر توند و تیژ (كوشتن و لێدان و...هتد) بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی هیچ ئاگادارییه‌ك ده‌ربخه‌ن، چونكه‌ زۆرێك له‌و شتانه‌ی په‌خشی ده‌كه‌ن به‌ كه‌ڵك خێزان نایێت و به‌تایبه‌تیتریش منداڵان.ڕاستیه‌كه‌ی من زۆر كه‌م ته‌ماشای ئه‌م دوو كه‌ناڵه‌ ده‌كه‌م، یان گه‌ر به‌ ڕێكه‌وت دیمه‌نێكم به‌رچاو بكه‌وێت.به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانمان زیاتر ئاشنا ببن به‌ زمانی كوردی، ته‌ماشای به‌رنامه‌ی منداڵانی كوردسات ده‌كه‌ن، كه‌ ڕۆژانه‌ سعات دووی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ كاتی هه‌ولێر په‌خش ده‌كرێت.ئه‌وه‌ی سه‌رنجم داوه‌، له‌ ساڵی پاره‌وه‌، نه‌ك ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی گرتبووم شوێنی خۆی گرتووه‌ (ته‌نها كه‌مێك نه‌بێت سه‌باره‌ت به‌ كه‌ی تیڤی)، به‌ڵكو ئێستا وه‌زعه‌كه‌ خراپتر بووه‌!

تۆ باسی ئه‌و زنجیره‌ دڕامایانه‌ی كۆری و هیندی و توركی مه‌كه،‌ كه‌ به‌ جارێك پڕه‌ له‌ كوشتن و بڕین و توندوتیژی، كه‌ كاریگه‌ریی زۆر خراپ به‌ سه‌ر خه‌ڵكی كورده‌وه‌ جێ ده‌هێڵێ.وه‌ره‌ ئاستی كوردسات هه‌ڵبسه‌نگێنه‌، له‌و به‌رنامانه‌ی گوایه‌ بۆ منداڵان په‌خشی ده‌كه‌ن.یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ فیلمی كارتۆنی "تاقیگه‌ی تێكسته‌ره‌".ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌‌ بۆ منداڵان نه‌كراوه‌.ئه‌وه‌ی كوردساتی ده‌ستخه‌ڕۆ داوه‌ ئه‌وه‌یه،‌ كه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ به‌ شێوازی ئه‌نیمه‌یشن پێشكه‌شكراوه‌، كه‌ كارمه‌ندانی كوردسات وا تێگه‌یشتوون‌ ئه‌مه‌ فیلمی كارتۆنی منداڵانه‌.له‌ ڕۆژئاوا زۆر جار ته‌نانه‌ت فیلمی سینه‌مایی به‌ شێوازی ئه‌نیمه‌یشن ده‌رده‌هێنن، منداڵانی خوار ته‌مه‌نی 16 ساڵ بۆیان نیه‌ ته‌ماشای بكه‌ن.تاقیگه‌ی تێكسته‌ریش ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، نابێت منداڵان سه‌یری بكه‌ن، چونكه‌ پڕه‌ له‌ دیمه‌نی توند و تیژی و قسه‌ی ناشیاو، كه‌ كاریگه‌ریی خراپ به‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵان به‌ جێده‌هێڵێ.

ته‌مه‌نی كوردسات (مه‌به‌ست له‌و ڕۆژه‌وه‌ كه‌ "ینك" ده‌ستی كرد به‌ په‌خشی ته‌له‌فزیۆنیی) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1992.كه‌واته‌ ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌ ڕووی پڕاكتیزه‌وه‌ 22 ساڵه‌.به‌م پێیه‌ بوایه‌، ئێستا ده‌بوا كوردسات و كه‌ناڵه‌كانی تر پڕ بووان له‌ خیبڕه‌و مه‌عریفه‌ت و زانین، كه‌ كادیری گه‌وره‌و لێهاتووی به‌رهه‌م هێنا با.به‌ڵام مخابن، سروشتی ئه‌و به‌رنامه‌و په‌خشانه‌ی پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، به‌ڵگه‌ن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی عه‌قڵێكی كز ئه‌م ده‌زگایه‌و ده‌زگاكانی تریش به‌ڕێوه‌ ده‌با، كادیره‌كه‌شی به‌ ڕێگای تۆز و با توشی ئه‌م كاره‌ هاتوون.ئه‌گه‌ر كادیری ئه‌م كه‌ناڵه‌ لێهاتوو بوایه‌، ده‌بوایه‌ بیر له‌ ئاینده‌ی منداڵانی كورد بكاته‌وه‌، به‌ چ شێوه‌یه‌ك پێده‌گه‌ن بۆ دوا ڕۆژ.به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌، له‌ ساڵی 1991 ه‌وه‌ توند و تیژیی، له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی، ماڵی كوردی وێران كردووه‌.ڕێژه‌ی خۆ كوشتن و خۆ سوتاندن و به‌ كار هێنانی توند و تیژیی له‌ نێو خێزان، به‌شێكی گرنگی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاریگه‌ریی میدیای خراپ.پارتی و یه‌كێتی دوو لایه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ندن.له‌ جیاتی دۆبلاجكردنی كاری سه‌قه‌ت و خراپ، ده‌یانتوانی سه‌دان به‌ڵكو هه‌زاران كاری هونه‌ری و په‌روه‌رده‌یی جوان بكه‌ن به‌ كوردی، كه‌ شیاوی كه‌شی ناو خێزانه‌و منداڵان به‌ شێوازێكی جوان په‌روه‌رده‌ ده‌كات‌.

بۆ منداڵان سه‌دان به‌رنامه‌ هه‌یه‌ (بۆ نمونه‌ به‌رنامه‌كانی ئه‌ی بی سی بۆ منداڵان)، كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رز، په‌روه‌رده‌ی منداڵان ده‌كات و فێری زمان و مه‌عریفه‌تیان ده‌كات.به‌ڵام 22 ساڵه‌ كاری ئاوا، به‌ ڕێكه‌وتی تۆز و باش، ڕێی نه‌كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌م كه‌ناڵانه‌.ئا لێره‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وتوانیت بزانیت كادیری ئه‌م كه‌ناڵانه‌‌، خه‌می گه‌وره‌یان منداڵی كورد و خێزان و ئاینده‌ی ئه‌م گه‌له‌ نیه‌.به‌ڵكو كارێكه‌ بۆ بژێوی ژیان ده‌یكه‌ن، به‌رهه‌مه‌كانیشی ده‌كه‌وێته‌ ژێر زه‌وق و هه‌واو هه‌وه‌سی خودی كارمه‌نده‌كان.چیان پێ خۆش بێت ئه‌وه‌ په‌خش ده‌كه‌ن، بێ گوێدان به‌ ستانده‌ری جیهانیی پێشكه‌وتوو، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ژێر ڕۆشنایی تازه‌ترین لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

له‌م كه‌ناڵه‌و كه‌ناڵه‌كانی تری كوردستانیش، سه‌رنج ده‌درێ هه‌ڵوه‌دایه‌كی سه‌ر شێتانه‌ له‌ ئارادایه‌، بۆ خۆ نیشاندان به‌ ستایڵێكی ڕۆژئاوایی.بۆ نمونه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له‌ كوردسات (به‌رنامه‌ی شۆ فێری) ئاهه‌نگی یادی له‌ دایك بوونه‌وه‌ی كارمه‌ندێكی هاتوو چۆی له‌ سه‌ر شه‌قامێك پێشكه‌ش كرد.گه‌نجێك به‌ لێدانی مۆسیقای غه‌ربی ده‌چێته‌ به‌رده‌م ئه‌م پۆلیسه‌، كێكێكی گه‌وره‌ش له‌وێ دانراوه‌.ئه‌م دیمه‌نه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ دیمه‌نی شه‌قامه‌ پیسه‌كه‌ و بێ سه‌روبه‌ریی، تێكیان نه‌ده‌كرده‌وه‌.هیچ نه‌بێت خه‌ڵك پرسیار ده‌كات، بۆ له‌ دوای چارێكه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ حوكمڕانیی كورد و هه‌بوونیی ملیاران دۆلار، پۆلیسی هاتوو چۆ كۆنتڕۆڵی چوار ڕێیانی بكات؟ ئه‌ی بۆ له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، له‌ نێو جه‌رگه‌ی به‌ناو پایته‌ختی ڕۆشنبیریی، چوار ڕێیان هه‌بێت كه‌ تڕه‌فیگلایتی تیا نه‌بێت.به‌ڵام له‌م هه‌موو سیاقه‌ دژوار و كه‌شه‌ جه‌نجاڵه‌، كوردسات ته‌نها ویستی به‌ شێوازێكی زۆر ناشیاو و نه‌گونجاو دیمه‌نێكی لاساییكه‌ره‌وه‌ی ڕۆژئاوایی پیشان بدات، كه‌ ڕاستیه‌كه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی بێزاریی و قێزی ته‌ماشه‌ڤان.

له‌ جیاتی ئه‌م هه‌موو هه‌وڵه‌ پووچانه‌، پێویسته‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌و كه‌ناڵه‌كانی تریش هه‌وڵ بده‌ن، ئه‌و پڕۆگرامه‌ خراپانه‌ی دۆبلاج كردن بوه‌ستێنن، كه‌ كاریگه‌ریی زۆر خراپ ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خێزانی كورد.به‌لاه‌یه‌نی كه‌مه‌وه‌ ئاگاداریی بڵاو بكه‌نه‌وه‌، پێش په‌خشكردنیی هه‌ر بابه‌تێك یان دیمه‌نێك‌ قسه‌و كرداریی توند و تیژیی تیا بێت‌.له‌مانه‌ش گرنگتر، كاری ژیرانه‌و هۆشمه‌ندانه‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئه‌م كه‌ناڵانه‌ هه‌وڵ بده‌ن كولێژێكی میدیا له‌ كوردستان دابمه‌زرێنن، بۆ ئه‌وه‌ی، به‌ڵكو كادیری میدیایی پڕۆفێشناڵ به‌رهه‌م بێنن، له‌ كارمه‌ندی تۆز و با ڕزگاریان بێت كه‌ به‌ هۆكاریی جۆراو جۆر توشی كاری میدیایی هاتوون!

http://www.dengekan.info/dengekan/gshty/19842.html

 

 

 

 

Related Articles