شەهیدانمان لە پێش ئێمەدا ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستانیان گێڕا و منیش ئامادە بووم... بەكر ئیبراهیم

 

 

 

مرۆڤێكم زۆر كەم خەو دەبینم و زۆریش پرسیارم دەربارەی خەون كردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوومەتە وەڵامێكی قەناعەتپێكەر، بە راستیش نازانم چۆن و بۆچی مرۆڤ لە كاتی خەو و لەو ماوە كەمەی كە پێی دەگوترێت خەوبینین، شتگەلێكی وروژێنەر، ترسێنەر و خۆشی بەخشیش دەبینێت، لەو كەمە خەونانەشی كە دەیانبینم زۆر بە كەمی پەنا بۆ گێڕانەوەیان دەبەم، بەڵام ناتوانم ئەو خەونەم بۆ هەمووتان نەگێڕمەوە كە ئەم ماوەیە بە تایبەتیش دوای 10/6 و ڕووداوەكانی مووسڵ، زۆر دیمەنی جیاجیا فرمێسكی ناخۆشی و شادیم پێ دەڕێژن، لەوانە گریانی شادیم بۆ ئامادەیی گەلە بەشخوراو و مەینەتدیدە و سەربەخۆیی نەدیتووەكەی كوردستانە 40 ملیۆنییەكەمە كە بە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوایەوە دڵیان لەلای باشوور و سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە و هەموویان خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن و ئامادەی هەموو هاوكارییەكن بە ماڵ و بە گیان، ئاخر بەراستی ئەوە گریانی خۆشیی دەوێت.گریانیشم بۆ ئەو هاونیشتمانی و پێشمەرگانە دێت كە ئێستا لە دواخاڵی سنووریی كوردستانن و لە بەرگریدا شەهید دەبن و گیان دەسپێرن.بۆیە شاعیر لە بێزاریی ژیاندا گوتوویەتی: ئەی مردن لە كوێی ژیان كوشتمی.منیش دەڵێم ئەی مردن بەرامبەر من و هەموو میللەتی كورد بووەستە هەر ئەوەندە تا سەربەخۆیی كوردستان دەبینین كە بە خوێندنەوەی خۆم زۆری نەماوە هاتنەدیی خەونی چەندین ساڵەمان لە باشووری كوردستان و روو لە یەزدانی مەزن و كاربەجێ دەكەم و نزا دەكەم دەرفەتی ئەو رۆژە نزیكەی سەربەخۆیی كوردستانمان پێ بدات و بە خەونی سەربەخۆیی سەر نەنێینەوە و ئامادەی مەراسیمی ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستانەكەمان بین، ئاخر یەزدان خۆی ئاگادارە كە هەزاران هەزار پێشمەرگە و شاعیر و نووسەر و پاڵە و جووتیار و كرێكار و هاووڵاتی و منداڵی زماننەپژاو لە چاوەڕوانیی هاتنەدیی سەربەخۆیی كوردستان سەریان نایەوە، بۆ سەربەخۆیی خاك و وڵات و نیشتمان لە بەرامبەر داگیركەراندا و بۆ رزگاركردنی كوردستانەكەیان ژیانی خۆیان بەخشی.

با وردە وردە بێمە سەر گێڕانەوەی خەونەكەم، وەك دەگوترێ مرۆڤ ئەگەر بەردەوام خەیاڵی لەلای شتێك بێت، ئەوا راستیی ژیاتی رۆژانەی لە خەونیشدا دەبینێت، بە راستی منیش لەو دۆخەی ئێستای عێراقدا سەربەخۆیی كوردستان هەموو خەیاڵ و خولیای داگیر كردووم و بەردەوامیش نووسینی نووسەرە دیارەكان و لێدوانی سیاسییەكانی كوردستان و ناوچەكە و جیهانیش دیقەت دەدەم و دەخوێنمەوە، بۆیە لە لێدوان و نووسین و خوێندنەوەی خۆیشمەوە بە ئومێدی زۆرەوە دەڕوانمە نزیكبوونەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی باشووری كوردستان و پێم وایە زۆر نزیك بووەتەوە، بەڵام بەو مانایەش نییە ئەم قۆناغە هەم هەل و هەم مەترسی نییە، بۆیە ئەگەر خەونەكەیشم كە ئێستا بۆتان باس دەكەم پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، زۆر راستە.
شەوی 28-29/6/2014ـیە و هەموومان نیەتمان هێناوە كە سبەی لە یەكەم رۆژی رەمەزاندا بەڕۆژوو بین، كات پشتی یەكی شەوە و نازانم سەعات چەندی نیوەشەوە، لەبەر ئەوەی لەو خەونەمدا لە ئاهەنگ و رێوڕەسمی سەربەخۆیی كوردستان ئامادەم، ئای پەروەردگاری مەزن ئەوە چ خەونێكە، ئەوەتام لەگەڵ شەهیدانی خاك و وڵات و شەرەف كە بەرگی هەموویان سەرتاپا ئاڵای كوردستانە و ئەو رۆڵە نەبەزانەی كوردم دێنە بەرچاو كە لە ریزی خەبات و تێكۆشان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان بە قارەمانیەتییەكی بێوێنەوە پێشوازییان لە مەرگ كردووە..بە بینینیشیان بە نەخشەی كوردستانەوە كە نەخشەكە بە پەتی سێدارە دروست كراوە و ناوی گوند و چیا و كانی و ناحیە و قەزا و شارەكانی لەناو نەخشەی كوردستاندا بە خوێنی شەهیدان نووسراوە، ئەوەتا شەهیدانی فیشەك و ساچمە و تۆپ و تەیارە و سێدارە كوران و كچانی باوەڕ بە نیشتمان ئاهەنگی سەربەخۆیی كوردستان دەگێڕن، خۆ ئەوەتا لە خزمەتی شێخی پیران و قازی و شێخ مەحموود و بارزانیی نەمر و سەرجەم شەهیدانی كوردستان لەسەر خاكی پیرۆزی كوردستان بەپێوە دەست لەسەر سنگ وەستاون و بەڕێزەوە لە پێشوازیی شەهیداندا بەرچاو دەكەون و بە ڕێزەوە دەڕواننە دەستە دەستەی شەهیدان و جلوبەرگی ئەوانیش سەرتاپای لە ئاڵای كوردستانە، دەوڵەتانی میوان و ئامادەبووی مەراسیمی سەربەخۆیی كوردستان بە شەرمەزارییەوە بەرچاو دەكەوتن لە بەرامبەر ئەم ژمارە زۆر و بێشومارەی شەهیدانمان و خوێنی بەناهەق رژاوی كورد كە چەندین سەدەیە بۆ سەربەخۆیی دەیڕێژێت و ئەوانیش بێدەنگییان هەڵبژادبوو.
بەڕێزان، خۆشەویستان، دڵسۆزان، قیاداتی سیاسی، دەزانن شەهیدانی كوردستان لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا داوایان هەبوو داوا هەموویان بە یەك دەنگ و دەست لەسەر سنگ هاواریان دەكرد و دەنگیان كەشكەلانی فەلەكی هێنابووە خرۆشان و دەیانگوت، وەرن سوێندمان بە كەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتی میللیی كورد، بە ئاڵای موقەدەسی كوردستان بۆ بخۆن كە تا ئاخیر هەناسەی ژیانتان و تا ڕژاندنی ئاخر تنۆكی خوێنتان بۆ یەكێتیی كوردان، بە گیان و بە ماڵ لە ڕێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستاندا تێبكۆشن و موتیع و وەفادار بن بەرامبەر خوێنی رژاوی ئێمە و نەوەی داهاتووی كوردان.بە راستی هەر لە خەونەكەمدا هەزاران پرسیارم لە خۆم دەكرد و پەنام بۆ یەزدان دەبرد كە ئایا ئەوە خەونە یان راستی، ئەی كوا سەركردایەتیی سیاسیی كورد بۆ ئامادە نین؟ ئایا شەهیدانمان بە راستی ئاگاداری نزیكبوونەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردین؟ لەو كاتەدا دەهۆڵی پارشێو لەو خەوەی راپەڕاندم و دەستم بۆ لای یەزدانی مەزن و كاربەجێ بەرز كردووە و روو لە پەروەردگار بەو مانگی پیرۆزی رەمەزانە داوام كرد سەركردەكانی كورد ئەم هەلە لە دەست نەدەن و ئەم خەونەمان بۆ بكەن بە واقیع.

 

 

 

 

Related Articles