ئەم ڕۆژانە لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان زێدە باس لە شەڕی پسکۆلۆژی داعش وکارییگەرییە خراپەکانی ئەو شەڕەو پێویستیی بەرپەرچدانەوەی دەکرێت وبۆتە یەکێک لەمژارە سەرەکییەکانی گفتووگۆکان.بەو پێیەی ئەو ترس و تۆقاندنەی داعش پەیڕەوی دەکات ئەوەندە بەهەند نییەو ڕەوشەکەش هێندە مەترسیدار نییە کە خەڵک بەزیادەڕەویەوە ورەی بڕوخێت و کاردانەوە بنوێنێت.وهەمووشتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە.بۆ ئەمەش پێدەچێت دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن تەواوی حزبەکان فەرمانیان لەدەسەڵاتی سیاسیی وەرگرتبێت کە بەیەک گوتاریی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن وهەوڵبدەن بەپەیڕەوکردنی کۆمەڵێک ڕێنوێنی ورەی خەڵک بەرزڕاگرن وابەئاسانی ولەخۆڕا، وتەنیا بەپشتبەستن بەهەواڵێک کەلەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە بڵاونەبۆتەوە، شاروگوندەکانی خۆیان چۆڵنەکەن.
ئەم بۆچوونەی سەرەوە تەنیا نیوەی ڕاستە، شەڕی پسکۆلۆژی دەتوانێ تا ئاستێکی وێرانکەر کارییگەری خراپی هەبێت.و بۆبەرپەرچدانەوەشی پێویست بە کاروپلانی تایبەت بە بارودۆخی شەڕدەکات.بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە کە ئەم ڕێگاوشووێنانە چین کەدەبێ پەیڕەوبکرێن و چۆن بەرپەرچی هێرشی پسکۆلۆژی دوژمن بدرێتەوە؟
تا ئێستا پێدەچێ ئەو ڕێگاوشوێنانە بریتی بن لە شاردنەوەی زیانەکانی خودیی، بەتایبەتی باسکردنی شەهیدەکان، وکۆمەڵێک هەواڵی تەمومژاوی وەک: پێشمەرگە لەپێشڕەویدایە، یان: دوژمن سەنگەرەکانی چۆڵدەکات و هەڵدێت...کەئەمانە ئەگەر پێویستیش بن تەنیا بچوک و بەشێوەیەکی کاتیی دەتوانن کارییگەریان هەبێت.ئەوەی لەمانە گرنگترە ئامادەکردنی خەڵکە بۆ بارودۆخی شەڕێک کەڕەنگە درێژخایەن بێت.دەبێ هەمووان ئەم ڕاستییە بزانین وقبوڵی بکەین کە شەڕ بەرۆکی کوردستانی گرتووە، دژی لایەنێک ودووان نییەو هەموو خاوەن یەک چارەنووسین.وکاتکیش شەڕبێت دەبێ ئەمەش پێشبینیی بکەین کە زیانی گیانیی وماڵیشی لێدەکەوێتەوەو دەگونجێت شارو گوندیش بەشێوازێکی کاتیی لەلایەن ئەم دوژمنە دڕە بێڕەوشتەوە داگیرو تەنانت وێران بکرێن.ئەمانە هەموو لازیمەی شەڕن وهیچ شەڕێک نەبووەو نابێت، کەهیچ هەورازو نشێوێکی تێدا نەبێت.ئەمانە چەندە دڵتەزێن بن وخەمبارمان بکەن بەڵام لەئاکامدا کورد بەگشتیی گەلێک بەهێزەو باوەڕم وایە هەمووانیش ئەمە دەزانن.
خەڵک ورەی بەمە ناڕوخێت کەلەژمارەی شەهیدەکان، و وردەکاریی پێشڕەویەکانی دوژمن ئاگاداربێت.بەڵکو بەمە دەڕوخێت کە کوڕە هەژارو گومنامەکان شەهیدبن وکوڕوخزمی بەرپرسانیش لەپێخەفی گەرمونەرمدا نیوەڕۆ لەخەوهەستن.
خەڵک ورەی بەمە ناڕوخێت کە پێشمەرگە لەشوێنێکدا پاشەکشەیەکی تاکتیکی بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ڕووبەڕووبوونەوە بکات.بەڵام بەمە دەڕووخێت کە بەهەڵاتن گۆڕەپانی شەڕ چۆڵ بکات.چونکە بارودۆخی شەڕ بۆ کوردان شتێکی نوێ نییەو بەسەدان ساڵە بۆتە بەشێک لەژیانیی وباش دەتوانێت پاشەکشەی تاکتیکیی وهەڵاتن لەیەکتر جیاکاتەوە.
خەڵک ورەی بەمە ناڕوخێت کەڕێگا بدرێت هەرکەس قسەی خۆی بکات وڕەخنە لەئەدای سیاسیی سەرکردایەتیی بگرێت.بەڵکو بەناکۆکیی وشەڕەدەندوکەی نێو حزبەکان ودووفاقەیی وناشەفافییەت لەبڕیارو هەڵوێستدا ونەبوونی بەرنامەیەکی تێروتەسەلی سیاسیی وسەربازیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە.
خەڵک ورەی بەمە ناڕوخێت، کەڕاستییەکان چەندە تاڵیش بن بزانێت.بەڵکو درووست بەپێچەوانەوە، کاتێک ڕاستییەکانی لێ بشاردرێتەوە، متمانەی بەڕێبەرایەتیی وسەرکردایەتیی وسیاسەتەکەی نامێنێت وپێشبینی دەکات کە لەپشت سەری ئەوەوە شتێک ڕوودەدات وئەو فریای خۆی ناکەوێت.وپێشمەرگەی هیچ لایەنێکیش ورەی لەگۆڕەپانی شەڕدا ناڕووخێت.بەڵکو ئەوەی ورەی دەڕووخێنێت هەڵوێستی لاوازی ئەو پارت وسەرکردەیە کە ئەو بۆشەڕ دەنێرێت.وبەگشتیی بەرزیی ونزمیی ورەی خەڵک پەیوەستەی سەرکردایەتی سیاسییە نەک شتێکی تر.
ئەرکی دووەم ناساندنی خودی دوژمنە بەوجۆرەی کەهەیە.دوژمن ئەگەر بەهێزبێت دەبێ هەمووان بزانن کەبەهێزەو لەچاو ئەو بەهێزییەی دوژمن هێزی خودیش بنیاد بنرێت.وشاردنەوەی ڕاستییەکان وگرنگیی نەدان بەناساندنی داعش ونەخشەو پلانەکانیی وئەو سەرچاوانەی کۆمەک ویارمەتییان لێوەدەستێنێت وئەو سروشت وژینگەی تێیدا پەیدادەبێت وگەشەدەکات وبەردەوام دەبێت، خەڵک لە ڕووداوو کارییگەرییەکانی دووردەخاتەوە.ئەم بارودۆخەی ئێستا گەلێک هەستیارو مەترسیدارەو پێویستە خەڵک بەووردی لەگەڵ ڕووداواکەندا پێ بەپێ بڕۆن و بەتەواوی ئاشنای بارودۆخەکە بن و بەهیچ ڕووداوێک غافڵگیر نەبن.
ڕۆژگارێکی نەهێندە دوور، بەخەیاڵی کەم کەسماندا دەهات، کە هێزێکی وەک داعش بێتە سنوورەکانمان وبەرۆکی شەڕمان پێبگرێت.کاتێک کە کوردانی ڕۆژئاوا دەیانگوت هەوڵی داگیرکردنی کوبانی، تەنێ هەنگاوی یەکەمە بۆداگیرکردنی کوردستان، زۆربەمان واماندەزانی ئەمە تەنیا پڕوپاگەندەیەکی شەڕە.وئەگەر چاو لەنەخشەی جیوگرافیای کوردستان بکەین دەبینین ئەمڕۆ، بەشی خوارەوەی سنوورەکانمان هەر لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانەوە تادەگاتە جەلەولاو خانەقین وسنووری ئێران، جگە لەچەند ڕاڕەوی تەسک وبچوک بەولاوە هەمووی لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایەو بەواتایەکی تر لە سنووری خوارووی کوردستان (ڕۆژئاواو باشوور)، داعش ئەو دراوسێ نوێیە چارەگران وشەڕفرۆشەی سنوورەکانی باشوورمانە.
پرسیاری ئەوەی ئایا داعش بەڕاستی ئەوهێزەیە کە مەترسی خوڵقێن بێت؟ جێاگای ڕامان ودوودڵی نییە کە، بەڵێ! هێزێکی گەورەی بەتوانایەو هەر کەس وهێزو لایەنێک ئەمە وەک ڕاستییەک نەبینێت، خۆی وخەڵک دەخڵەتێنێت وئاکامەکەشی ڕووبەڕووبوونەوەی شکەست.داعش ڕێکخراوێکە، مەزهەب وەک ئایدیۆلۆژیا بەکاردەهێنێت ولەو وڵاتانەدا بەکوردستانیشەوە کە کاری تێدا دەکات، زۆر بەئاسانی لایەنگرو موریدو کۆیلەو شەڕکەر بەدەستدەخات وزۆرکەس لەئێمە پێمانوایە، داعش هەلودەرفەتی گەشەسەندن ومانەوەی لەکوردستاندانییە.بۆچوونێکی ئاوا زێدە هەڵەیە.وئەگەر زۆر بەتوندیی ولەهەموو ڕوویەکەوەو بەهاوکاریی هەمووان پێشی پێ نەگیرێت وڕاونەنرێت، هەرکات دەرفەتی بۆ بڕەخسێت وهەر پارچەیەک لەخاکی کوردستان داگیر بکات، بەهەزاران لایەنگر لەخەڵکی کورد بەدەستدەخات.چونکە ئایینی ئیسلام پێشوەخت ئەو کێڵگە بەپیت ولەبارەی ئامادەکردووەو ئەم هەموو مرۆڤانەی ئەمڕۆ بە دیرۆکی پڕلەدرۆو خورافاتی ئیسلام باوەڕدەکەن، بەئاسانیش سبەینێ بەداعش هەڵدەخڵەتێن وئەگەر ئەبوبەکر بەغدادی بێت وبڵێت لەخەونیدا خواوەند پێی ڕاگەیاندووە کە لەبڕیاری پێشدانی خۆی پەشیمان بۆتەوەو بڕیاری داوە پەیامبەرێکی تریش بۆسەر مرۆڤایەتی کە خۆیەتی بنێرێت، هێشتا بەملیۆن بەدوای دەکەون وبەتاسەوە شاقەلی عەبا چڵکنەکەی ماچدەکەن.وهەروا مەترسی داعش تەنیا لەخودی ئەم ڕێکخراوەو ژمارەی ئەندامانیی وتوانا مادیی ونیزامییەکانییدا نییە.بەڵکو لەودەستە شاردراوانەی پشتی پەردەوەش کە هانی داعش دەدەن و بەشێوازی ناڕاستەوخۆ ڕۆڵ لە داڕشتنی نەخشەوپلانەکایاندا دەگێڕن.
پەیدابوونی داعش ومەزنبوونی هەر لە بابەتی ئەو چیرۆک وفیلمانەی خەیاڵی زانستیی دەچێت کە پزیشکێک لە تاقیگاکەیدا ڤیرۆسێک درووستدەکات وپاشان لەژێر کۆنترۆڵی دەردەچت وبوونەوەرێکی زەبەلاحی وای لێ پەیدا دەبێت، کە هەموو شتێکی جوان وێران دەکات وجیهان ومرۆڤایەتیی دەخاتە ژێر مەترسییەوە.وپاشان هەر لەڕێگای عەقڵ وزانستەوە لەناودەبرێت.
داعشیش کە لەمنداڵدانی ئەلقاعیدە هاتۆتە دەرێ، کۆرپەی ئەو ڤیرۆسە بچکۆلەیە، کەلە تاقیگای دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا درووستکراو ئێستا ئەو بوونەوەرە وەحشیەی لێ پەیدابووە کە جیهان لێی تۆقیوە.ولەگەڵ ئەوەدا کە داعش بۆخۆی گۆڕەپانی ململانێی هێزە هەرێمیی وجیهانییەکانە، بەڵام ئیتر ڤیرۆسێکە لەهەوادا، هەرکەس بخوازێت دوژمنەکانی بەم ڤیرۆسە کوشەندیە لەناوبەرێت، پاشان خۆشی تووشدەبێت.
لەهەمان کاتداو پرسیاریی گرنگی دواترمان پێویستە ئەمەبێت ئایا کورد توانای ڕووبەڕووبوونەوەی داعشی هەیە...؟ دیسان وەڵامەکە بەدڵنیاییەوە بەڵێیە بەڵام بەچەند پێشمەرجەوە.
١-یەکبوونی هێزی هەموو لایەن وبەشەکانی کوردستان لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییەدا فاکتەرێکی گرنگیی هێزی بەرەنگاربوونەوەیەو سەرچاوەو مایەی ورەو باوەڕی خەڵکە.ئەم یەکبوونەش نابێ تەنیا بە ئاستی هەڵوێست و بیروڕادەربڕین سنوورداربێت.بەڵکو کوردستان هی هەمووانە، لەکوێ شەڕ هەبێت جێگای ماف وئەرکی هەر جەنگاوەرێکە خەڵکی هەر شارو گوندو بەشێکی کوردستان بێت لەوێ ئامادەبێت.لەمڕووەو تائێستا پێشکەوتنی باش هەیە.دیمەنەکانی ئامادەبوونی جەنگاوەرانی هەرچوارپارچەی کوردستان لەبەرەکانی شەر، جوانترین وپڕواتاترین وکاریگەرترین فاکتەری سەرکەوتنن وهیچکات بەمە تێک ناشکێین گوندێک یان شارێک لەدەست بدەین.بەهێزی بەرەنگاربوونەوەی یەکپارچەیی هەموو شکەستێک وەردەگەڕێتە سەرکەوتن.وپێچەوانەکەشی، واتا ئەگەر چەندبەرەکیی وپڕۆژەوپلانی نهێنی وئاشکرای جۆربەجۆرو دانیشتن بەتەمای هاوکاریی دەرەکی...ورەی خەڵک بەرزناکاتەوەو ئاکامەکەشی هەر شکەست دەبێت.
٢-بەدەستخستنی دەسپێشخەریی وڕێگەنەدان بەوەی دوژمن، کات وشووێنی هێرش دەستنیشان بکات وئێمەش تەنیا لەچاوەڕوانیی وبەرگریدا بەسەربەرین.بەڵکو چارەسەریی هەرە بەپەلە ئەمەیە کە کورد دەستپێشخەریی هێڕش بێت وئیتر کات ودەرفەتی ئەمە لەبەردەستاندا نییە چاوەڕوان بین داخوا کەی ولەکوێ وبەچ هێزێکەوە دوژمن هێرش وغافگیرمان دەکات.ولەمڕووەو جیاوازییەکی ئاشکرا لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکیەتی نیشتیمانیدا هەیە.پارتی هێشتا لەسەر ئەمە سوورە کە کورد تەنیا بەرگریی لەخۆی بکات ویەکیەتیش لەو بڕوایەدایە چاوەڕوانی ڕەحمەتی هێڕشەکانی داعش کارەسات وشکەستی بەدواوە دەبێت.
٣-هاوکاریی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، وتەنسیق لەهەموو ڕوویەکەوە پێویستییەکی بەهەندە.پێویستە ئەم ڕاستییە دەستنیشانبکەین وئەم ڕەخنەیە لەخۆمان وەک دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگرین کەلەسەرەتای ڕووداوەکانی دوای ١٠/٦ وهێڕشەکانی داعش بۆ سەر موسڵ وناوچەکانی تر، کورد ڕێبازێکی هەڵەو نابەرپرسیارانەی لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕەوشە نوێیەدا هەڵبژاردو خۆی لە هەر هاوکارییەک لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عیراقدا بواردو وایزانی بەم کارەی خۆی لەشەڕ دەپارێزێت وعێراق دەخاتە قەیرانێکەوە کەپاشان بەسوودی خۆی بشکێتەوە.ئەم هەڵوێست ومامەڵەکردنە لەڕووی سیاسیی وئەخلاقیەوە نادرووست بوو.کورد هێشتا بەشێکە لەدەوڵەتی عێراق وسەرکۆمارەکەی کە سیمبۆلی سەروەرییەکەیەتی کوردەو، لەهەموو دامودەزگایەکی ئەم دەوڵەتەدا بەشدارەو پێویستە ئەم هەڵوێستە هەڵەیەی خۆی ڕاستکاتەوەو دەربازبوون لەم مەترسییە گەورەیە بە کێشە سیاسییەکانی ترەوە گرێ نەدرێت و وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی وسیاسیی پەیڕەو بکرێت.چونکە کورد نابێ لاقێکی لە دەوڵەتی سەربەخۆداو لاقێکی تریشی لەعیراقدا بێت.وتائەوکاتەی کورد بەشێکە لەعێراق پێویستە پابەندیی ئەرک ومافەکانی بێ وکاتێکیش سەربەخۆبوو، هەر شت دەکرێ گۆڕانی بەسەردابێت.
٤-هاوکاریی دەرەکیی: دوای بەجێگەیاندنی ئەو پێشمەرجانەی سەرەوە، ودڵنیابوون لەوەی هەموو ئامادەکارییەکان تۆکمەو تەواون، ئەمجار پێویستە سەرکردایەتی سیاسیی کورد بەدوای کۆمەک وپشتیوانیی سیاسیی، دیپلۆماتیکیی، یاسایی، وسەربازیی...دەرەکیشدا بگەڕێت.و وەک فاکتەرێکی پشتیوانی نەک فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوە حسابی لەسەر بکات.دەشکرێ فاکتەرە دەرەکییەکان یەکلاییکەرەوە بن بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ زەمانەتێک لە ئاست وچۆنیەتیی وچەندایەتیی ودیارییکردنی کاتدا لەدەست ئێمەدا نییە، ناکرێ پشتییان پێ ببەسترێت.بەم واتایەی ئەگەر ببێت شتێکی باشەو نەشبوو، هیچ! پێدەچێت پارتی هیوایەکی مەزنی بە پشتیوانیی دەرەکیی وبەتایبەتیی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا بەستبێت.بەڵام تا ئەم لەحزەیە ئەمەریکا خەریکی شێروخەتە، دەیکات ونایکات.بەڵام با هەمووان ئەمە باش بزانن، داعش بەهێرشی هەوایی ئەمەریکا لەناو ناچێت ومەترسییەکەی لەسەر کوردستان کەم نابێتەوە.
بەگشتی کورد ئەگەر بەڕێوەبەرایەتییە سیاسییەکەی بەشێوازێکی درووست وبڕیاری دەستەجەمعی کاربکات ومامەڵە لەگەڵ کێشەکاندا بکات هیچ کەموکوڕییەکی نییەو بەبەراوورد لەگەڵ هێرشکارانی داعشدا چەند خاڵی ئیمتیازی بەهێزی هەیە لەوانە:
١-کورد لەسەر خاکی خۆی ولەناو خەڵکی خۆیدا شەڕدەکات، وخاوەن مۆتیڤ وپاڵنەریی خۆڕاگریی وبەرگرییەو جگە لەمە ئەڵتەرناتیڤێکی تری نییە.ولەمەش بترازێ شەڕو داگیرکاریی وقوربانیدان...بۆ کورد شتێکی نوێ نییەو دیرۆکی سەدان ساڵەی ئێمە پڕ لەئەزموونی شەڕو بەرگریین.وئەگەر لەسەنگەرێک وگوندێک وشارێکدا...کەسانێک ڕێگای ترس وسەرشۆڕی وهەڵاتن دەگرنە بەر، ئەمە سیمایەکی گشتیی نییەو کورد بەگشتیی لەدیرۆکی کۆن ونوێی مرۆڤایەتیدا وەک نەتەوەیەکی هەرە ئازاو جەنگاوەرو گیانبەخش ناسراوە.لەم ڕۆژانەشدا لەزۆر دامودەزگای ڕاگەیاندنی بێگانەوە ئاماژە بەو ڕاستییە کراوەو کورد وەک تاکە هێزێک دەناسرێت کە بەشایستەییەوە دەتوانێت بەرەنگاری داعش بێتەوە.
٢-کورد، بەتایبەتیی لەباشوورو ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئیتر سەردەمی شەڕی پارتیزانیی وشێوازی لێدان وهەڵاتنی بەگروپی بچوک بچوکەوە دەربازکردووەو خاوەن سوپایەکی مۆدێرنی پڕچەک وتفاقی جەنگیی وڕاهاتوو، ومەشقپێکراو، وقاڵبووەوەی جەنگەو لەمڕووەوە هیچ کەموکوڕییەکی نییەو، لەسەر ئاستیی مرۆیی وژمارەی جەنگاوەرانیش هەرکات پێویست بێت بەسەدان هەزار ئامادەی هەڵگرتنی چەکن.
٣-داعش، هێزێکی چارەگرانی ڕەتکراوەو تووڕدراوەو لەسەر ئاستی جیهان، ولەناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخدا جێگای نابێتەوەو هیچ ئایندەیەکی لەبەردەمدا نییەو تەنیاو بیهودە شەڕێک دەکات کە پێشتر باپیرانییان کردیان ونیوەی جیهانیشیان داگیرکرد، بەڵام سەرئەنجام خەلیفە جاهیلەکان ئەوجیهانە تاریکەیان بەسەرخۆیاندا ڕماند کە بەجەنگ وخورافات بنیاتیان نابوو.وجیهانیش ئەمڕۆ پێیخۆش بێت یان نا، لەپێناو مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ژیان وپاراستنی بەها مرۆییەکان دەبێ بێتەدەست وداعش لەناوبەرێت.
٤-چکدارانی داعش کە بە مۆتیڤی مردن وچوونەبەهەشتێکی درۆیینە شەڕدەکەن، زێدە بەگرتنەبەری ڕێگای تاکتیکی جەنگیی ونەخشەوپلانی وردو نەخشەبۆداڕێژراو هێرش ناکەن.بەڵکو پتر خۆیان پێدادەن ولەئاکامدا زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت وکوژراوێکی وا لەدەستدەدەن کە ئیتر لەگوڕوتین دەکەون و هەڵدێن.بەڵام کاتێک هیچ هێزێک پێشیان پێ نەگرێت، ئیتر بێگومان ڕەحم نەک بەمرۆڤ بەڵکو بەئاژەڵ وڕووەک ومردووی ناوگۆڕیش ناکەن.