لە دونیای ئازاد و دێمۆکراتیکدا هەڵە سەربازی و سیاسیەکان کاردانەوەی جیاواز بە دوای خۆیان دا دێنن و لەبەرانبەر هەر کارێکی شکست خواردو یان هەر پلان و بەرنامەیەکی هەڵە دا کەس یان کەسانێک دێنە پێش و بەرپرسیارێتی هەڵە و کەموکورییەکان دەگرنە ئەستۆی خۆیان، وەک بۆتە باو و رەنگبێ ئەگەر ڕۆژانەش نەبێت؛ ئەوە لە هەفتە و مانگ و ساڵەکاندا دەبینین و یان دەبیسین کە دەیان کەس لە بەڕێوەبەران و پلە بەرزە سیاسی و نیزامییەکان لە وڵاتە پێشکەوتوەکاندا بە هۆکاری ئەوەی کە توانای بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکەیان نییە کە کەوتۆتە سەرشانیان، یان بە هۆی کەمکاری و هەندێک سیاسی، نیزامی و...ی هەڵەوە دەست لە کارەکانیان و لە پۆستەکانین دەکێشنەوە و ڕادەستی کەسێکی دیکەی دەکەن کە شیاوتر و لێزانتر و بە تواناترە لەو بوارەداە! هەرچەندە بە رواڵەت ئەو کارە مانای تەسلیم بون و دان نانە بەو ڕاستییە تاڵەی کە ئەو کەسە توانای بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکەی نییە کە پێسپێردراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کارە و ئەو تەسلیم بونەش لە جێگای خۆیدا گەورەترین خزمەتی ئەو کەسە یان ئەو بەرپرسەیە بە خاک و نەتەوە و وڵاتەکەی خۆی، چونکە باش دەزانێت بونی ئەو لەو پۆست و پلە و پایە و لە داهاتو دا رەنگە زیانی زیاتری بەدواوە بێت نەک سود و ئیستفادە، هەر بۆیە ڕێگای دەست لەکار کێشانەوە دەگرێتە پێش و بەو کارەی هەم گلەو گازەندەکان لەسەر خۆی کەم دەکاتەوە و هەم خزمەتێکی زۆر و بەرچاویش بە خاک و وڵاتەکەشی دەکات.
لێرەدا بۆ ئەوەی توانیبێتمان خوێنەر لە دەقی بابەتەکە تێبگەیەنین پێویستە بە کورتی و لە چەند خاڵێکدا ئاماژە بە روداوەکانی بەر لە ئاوارە بون و دەربەدەری و بێ نان و ئاو بونی خەڵکی شنگال بکەین.
١- داعش لە هێرشێکی کوتوپڕدا ناوچەیەکی بەرفراوانی ئێڕاقی داگیر کرد و هەرچی چەک وچۆڵی هێزەکانی دەوڵەتی ئێڕاق لە موسڵ و تکریت بو کەوتە دەستی داعش و دواتریش خەلافەتی ئیسلامی ڕاگەیاند.
٢- هێرشی داعش بۆ سەر ئێڕاق باشترین هاوکاری بو بۆ کورد کە بتوانێ جارێکی دیکە دەست بەسەر ئەو شوێنانەدا بگرێت کە حکومەتی ئێڕاق نە بە یاسا و نە بە زۆر و نە بە خۆشی و ناخۆشی ئامادە نەبو بیداتەوە دەست کوردەکان و بخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، هەربۆیە بەهۆی ئەو هێرشەی داعش و شکانی سوپای ئڕان زۆربەی خاکی کوردستان کەوتەوە ژێر دەستی پێشمەرگە و ئەو ناوچانەی زیاد لە بیست ساڵ بو ڕێگا نەدەدرا بێنەوە سەر هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند سەعاتێکدا کەوتنەوە دەستی پێشمەگە و بونەوە بە بەشێک لە خاکی هەرێم.
٣- هەڕەشەی ئاشکرای بە نێو دەوڵەتی ئیسلامی و بڵاو کردنەوەی نەخشەی ویلایەتی کوردستانی لە لایەن خەلافەتی ئیسلامی و شەڕی ئەو هێزە تیرۆریستییە لەگەڵ پێشمەرگەدا هەر لە رۆژاوا و شنگالەوە بگرە هەتا دەگاتە جەلەولاو سەعدیە و خانەقین و مەندەلی لە هەندێک شوێن بە بەردەوامی و لە هەندێ شوێن بە شێوەی پچڕ پچڕ هەبو.
٤- داعش یان بڵێم خەلافەتی بە نێو ئیسلامی بە ئاشکرا دژایەتی کورد و هەرێمی کوردستانی دەکرد و گەورە و چوکە دەیانزانی کە داعش وەک چۆن دژی عەرەبی شیعەیە ئاواش دژی کوردە؛ جا ئەو کوردە چ شیعە یان سونی و ئێزێدی یان هەر دینێکی دیکەی هەبێت، ئەوە سەرەڕای بڵاوکردنەوەی نەخشەی ویلایەتی کوردستان لە لایەن خەلافەتی ئیسلامیەوە.
رەنگە ئەوە چەند خاڵە بەس بێت بۆ ئەوەی هەمومان باش لەوە تێبگەین کە وەک داعش و پشتیوانەکانی داعش چەندە دژایەتی کورد و ئەو هەرێمە ئازادەیان دەکرد، ئەوە چەند خاڵەی کە کە باسکران سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن و دەریدەخەن کە داعش یەکێک بو لە مەترسیە سەرەکیەکان بۆ سەر کوردستان و پێموایە پێویست بە هیچ بیانو بەهانەیەک ناکات و هەر قسە و بەهانەیەکیش ئەگەر لەو بوارەدا بهێنرێتەوە تەنیا بۆ چاوبەستنی خەڵک و سود و قازانجی تاکەکەسی و دەست نەکێشانەوە لە پۆست پلە و هەروەها خۆ بە زل زانی و بە گێل و نەفام زانینی خەڵکی کوردە.
لە کاتێکدا ئەو راستیانە بە باشی دەزاندران و نەک تەنیا بەرپرسان و پلەدارە دەوڵەتی و حیزبییەکان تەنانەت خەڵکی ئاساییش ئاگاداری هەمو ئەو راستییە بون، کەچی نە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلە یەک و نە سەرکردایەتی حیزبەکانیش هیچ کردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداو بۆ تاقە جارێکیش ئەو بابەتە گرنگەیان لە نێو مێدیا و کۆر و کۆبونەوەکاندا نەوروژاند، پارلەمان و وەزارەتەکان و بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ نەک هەر هیچیان نەکرد، بگرە وەک ئەوەی نە بای هاتبێت و نەباران، سەر و بنی قسەیان ئەوە بو کە پێشمەرگە ورەی بەرزە و باشترین و مۆدێرن ترین چەکی لە دەست دایە، هیچکەس و هیچ هێزێک ناتوانێ روبەروی پێشمەرگە بێتەوە، سنورەکانی کوردستان هەر هەمو بە پێشمەرگە تەنراوە و خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ مەترسیەک نییە بۆ سەر کورد و دانیشتوانی کوردستان، دەزگا پێوەندی دارەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و دژە تیرۆر ئامادەی هەر جۆرە دژکردەوەیەکی لە ناکاون ئەگەر روبدات و...ئیدی بەو جۆرە قسانە هەمو خەڵکی کوردستانیان دڵنیا کردبۆوە لەوەی کە نەک داعش ، بەڵکو هیچ هێزێکی دیکەش و بگرە لە داعش بەتواناتریش توانای ئەوەی نییە پێ بنێتە خاکی کوردستان و بستێک لەو خاکە داگیر بکات، مەگەر ئەوەی بە دیل و دەستبەستراوی پێ بنێنە خاکی کوردستانەوە، دەنا هیچکەس توانای شکاندنی پێشمەرگەی نییە، کات رۆیشت و سەرئەنجام هێرشێکی لە ناکاوی داعش پێشمەرگەی شکاند و ناوەچەیەکی بەرفراوانی کوردستان کەوتە دەستی هێزەکانی داعش، (بۆیە دەڵێم شکان چونکە ئەگەر قەرار بێت ئەو شکانە ناو بنێین تاکتیک و ئەوە تاکتیکی نیزامی بێت، لە هیچ شوێنێک نەبوە و ڕوینەداوە کە شارێک بە هەمو خەڵکەکەیەوە بۆ دوژمن چۆڵ بکەی و بڵێی فەرمو بە دڵی خۆت بکوژە و ببرەو زیندەبەچاڵ بکە)، پێشمەرگە شكا و بەشێکی هەڵات بۆ رۆژاوا و بەشێکیشی بۆ ناوچەکانی دیکەی باشور و چەند پێشمەرگەیەکیش شەهید بون، بەشێکی کەم لە خەڵک دەرباز بون و هاتنە ناوچە ئارامەکان و بەشی زۆریش هەڵاتن و بە رواڵەت لە دەستی داعشەکان ڕزگاریان بو؛ بەڵام کەوتنە دەستی بێ نان و ئاوی و جێگاو ڕێگا و لەوێشدا چاوەڕوانی ئەوە بون کەی داعشەکان یان بێ ئاوی رۆحیان لێدەستێنێت، کەوتنە ناو چیا و بەبێ هەبونی هیچ ئیمکاناتێک لە شاخ و کیوەکانی شناگال مانەوە و چاوەڕوانی دەستێک بون کە لە مرگ و مردن رزگاریان بکات! کات رۆیشت و ئەوە زیاد لە یەک هەفتەیە هێشتا هەر وەک لە مێدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە زۆربەی ئەو خەڵکە هەروا ماونەتەوە و چاوەرانی یارمەتی و هاوکاری و ڕزگاربونن، (دیارە کۆمەڵێکی بەرچاو لەو خەڵکە ڕزگاریان بوە بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر هەر لەو چیا و شاخ و دۆڵانە هەر بە برسێتی ماونەتەوە) کەچی هێشتا هەر هیچ و هەر کەس! هێشتا کەس خۆی بە بەرپرس و خۆی بە خەمخۆر نەزانیوە و ئەوەی کە دەبو بکرێت هەم لە پێش ڕوداوەکە و هەم لە دوای روداوەکەش هەر نەکرا و هەر کەس نەبو بڵێ من بەرپرسم، کەس نەبو بڵێ من کەمتەرخەم بوم، کەس نەبو بڵێ من لەبەرانبەر ئەو تراژیدیا مرۆییە گەورەیەدا خۆم بە تاوانبار دەزانم و شەرمەزارم، کەس نەبو بڵێ مردنی منداڵە چاوگەشەکان هەڵەی منی تێدا بو، کەس نەبو بڵێ برسێتی و تینوێتی ئەو دەیان هەزار کەسە دەخەمە ئەستۆی خۆم و بە دەست کێشانەوە لە پۆستەکەم و دان نان بە هەڵەکەم داوای لێبوردن لەو ژنانە دەکەم کە داعش بێسەروشوێنی کردون و کەس نازانێ چیان بەسەر هاتوە ، کەس نییە داوای لێبوردن لە بنەماڵەی ئەو شەهید و بریندار و بێسەروشوێنکراو و برسی و تینو ئاوارە و دەربەدەر و ماڵ وێران کراو و منداڵە چاوگەشانە بکات کە لەبەر بێ شیری و تیشکی گەرمی لیزەر ئاسای هەتاوی شاخەکانی شنگال گیانیان سپارد، کەس نەبو بە دو وشە و ئەگەر بە رواڵەتیش بێت داوای لیبورد بکات و دەست لە پلە و پایەکەی هەڵبگرێت، باشە دەبێ بۆ هیچکەس خۆی بە بەرپرس نەزانێت لەبەرانبەر ئەو تراژیدیا مرۆییەدا؟! ئایە کەس هەڵەی نەکردوە؟! ئایە تراژیدیای مرۆیی شنگال هەڵەی کەسی تێدانەبوە؟! ئایە ئەوە هەڵەی ئەو خەڵکەیە کە نەیان توانی زوو رابکەن؟! ئەی ئەگەر وانییە دەبێ هەڵەی کێ بێت، ئایە ئەو خەڵکە چونکە نەیانتوانی ڕابکەن بۆیە دەبێ سزای درەنگ راکردنەکەیان بەمجۆرە وەربگرنەوە؟! ئەی ئەگەر وا نییە بۆ لە ناو ئەو حکومەتی هەرێمی کوردستانە دا کە سەرۆک و سەرۆک وەزیر و دەیان وەزیر و پەرلەمانتار و پلەداری سەربازی و ئیداری و ......هەیە؛ بۆ کەس نەبو خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرانبەر ئەو تراژیدیا مرۆییە کە بەسەر ئەو هەزاران کەس و بناماڵانە هات؟! باشە بۆ خەڵکی ئاسایی شارەکان، ژن و پیاو و گەنج و تەنانەت منداڵەکانیش هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و بە کردەوە ئامادەن سەروماڵیان لە پێناو شنگال و شنگالیەکاندا ببەخشن، ژنان و پیاوانی کورد لە باشور و باکور و رۆژهەڵات و رۆژاوا و بگرە لە ئوروپا و وڵاتانی دورە دەستیشەوە بە کردەوە سەلماندیان کە ئامادەن بۆ هەرجۆرە فیداکاریەک و خۆیان لە ئاست ئەو تراژیدیایە بە بەرپرس زانی و ئەوەی لە دەستیان هات کردیان و دەیکەن، بەڵام بەرپرسە سەرەکییەکان ئامادە نین شان وەبەر ئەو بەرپرسیارێتییە بدەن، باشە ئەگەر باسی موچە و زەوی پێدان و ئۆمبێل و ...ئەو شتانەش بایە هەر بەو جۆرە دەبون کە ئێستا هەن؟! دڵنیام کە ئەگەر باسی دۆلار و نەفت و سەیارە و...بایە ئێستا سەدان و بگرە هەزاران کەس لە بەرپرس و پلە بەرزە سیاسی و سەربازیەکان پێشبڕکێیان دەکرد بۆ چونە سەر شاشەی تیڤی و لێدوان دان بۆ رۆژنامە و قسەکردن لە سەر رادیۆکان و چەندین پەیام و بەڵێنیان بەو خەڵکە لێقەوماوە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەدا، بەڵام ئێستا کەس نییە و کەس مەسئول نییەو کەس بەرپرسیارێتی ناخاتە ئەستۆی خۆی و هەرکەسە و بەجۆرێک خۆی لە کامێرا و میکرۆفۆنەکان دەشارێتەوە!
ئەو کارەساتە گەورە و ئەو تراژیدیا مرۆییەی کە بەسەر خەڵکی شنگال هات ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکە بایە بە دڵنیاییەوە ئێستا نەک هەر بەرپرسێکی سیاسی و پلەدارێکی سەربازی، رەنگ بو دەیان کەس لە بەرپرسە سیاسی و سەربازیەکان دەستیان لە کار دەکێشایەوە و دەهاتنە سەر تەلەفزیۆنەکان و داوای لێبوردنیان لەو خەڵکە دەکرد و دانیان بە کەمکاری و هەڵەکانی خۆیان دادەنا و شوێنەکانی خۆشیان چۆڵ دەکرد بۆ کەسانی دیکە، بەڵام بەداخەوە ئەوە بۆ دو هەفتە نزیک دەبێتەوە کە ئەو کارەساتە رویداوە؛ بەڵام تا ئێستاش کەس خۆی بە بەرپرس نەزانیوە و نازانێت!
با ئێستا لە ئێوە خوێنەران و خەڵکی کوردستان بپرسم، بە ڕای ئێوە دەبێ کێ بەرپرس بێت لە ئاست ئەو کارەساتە گەورەیەی کە بەسەر ئەو هەزاران کوردە هاتوە لە شنگال و دەوروبەری؟!
١٠/٨/٢٠١٤