سیاسه‌ت مه‌دار ... به‌ختیار ئه‌حمه‌د

زه‌حمه‌ت نه‌بێ جه‌نابی سیاسه‌تزانی مه‌زن

شتێكیترمان جگه‌ له‌جه‌نگ بۆ

بخوڵقێنه‌

ئێمه‌ ته‌ماشامان پر بوو له‌بینینی ئه‌م كوشتارگه‌یه‌

ئاخر رووحی ئێمه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و

ئافاتی ئینسان كوژییه‌ ناگرێت

له‌ماڵه‌كه‌ی ئێمه‌دا په‌پووله‌ به‌بۆنی گوڵه‌كان گیان ده‌سپێرێت ئێمه‌له‌مه‌رگی منداڵان وژنانی ئه‌م شاره‌ ڕامه‌هێنه‌

فێری ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌توانیه‌مان مه‌كه‌

گه‌ر ئاره‌زوو ده‌كه‌ی رووحمان له‌تاراوگه‌ بنیشێنه‌وه‌

ئه‌مما به‌دورمان بكه‌ له‌شه‌ر

به‌دورمان بكه‌ له‌جه‌نگ

سه‌یركه‌ جه‌ناب ئێستا خوێنی كوچه‌كانی ئێره‌ وشك نه‌بۆته‌وه‌

وه‌ره‌ له‌بری خوێن بۆ پاككردنه‌وه‌ی كۆلانه‌كانی ئێره‌ بارانی خۆشه‌ویستیببارێنین

وه‌ره‌ له‌بری ئه‌وه‌ی رۆژانی هه‌ینی بچین بۆ مه‌زارگه‌

با له‌ باغه‌ خه‌یاڵاوییه‌كانی نیشتیماندا

سه‌رقاڵی چنینه‌وه‌ی محبه‌ت بین

با به‌منداڵه‌كانمان بڵێن ده‌ستی میهره‌بانی یه‌كتر بگرن

باخوێن له‌زهنیاندا بسڕینه‌وه‌

بائه‌وان چه‌شنی ئێمه‌ سه‌رتاپای ئه‌دگاریان نه‌بێت به‌جه‌نگ

بائه‌وان خاوه‌نی خه‌ونبن؛ خه‌ون

من نامه‌وێت سیاسه‌تزان بم

سیاسه‌تزانی وه‌ك تۆ بم!

ده‌مه‌وێ ئاشتیزان بم

مرۆڤ په‌روه‌ر بم

گه‌ر ئاواش رازینی ده‌رمكه‌ له‌م شاره‌

من وام

نامه‌وێت وه‌ك تۆبم ..ئاخر چیبكه‌ممن وام

نامه‌وێت وه‌ك تۆ بم.

قه‌ڵادزێ

به‌ختیار ئه‌حمه‌د

 

Related Articles