پێشنیازێک بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: په‌یکه‌رێک بۆ فرۆکه‌وان ماجد عه‌بدولسه‌لام ... هیوا ناسیح

 

 

 

دیاره‌ که‌سانی خۆبه‌ختکه‌ر له‌ پێناو خاک و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌که‌یدا هه‌میشه‌ له‌ لای خه‌ڵک و هاوڵاتیانی نیشتمانه‌که‌‌ی جێگه‌ی رێزن ، خۆ گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ له‌ پێناو خاک و نه‌ته‌و‌ه‌یه‌کی تردا گیانی ببه‌خشێت لام وایه‌، رێز و به‌هایه‌کی زیاتر و باڵاتر بۆ خۆبه‌ختکردنه‌که‌ی داده‌نرێت...له‌ جیهاندا نمونه‌ی هه‌ندێک که‌س وه‌ک قاره‌مانی نێونه‌ته‌وه‌یی و دۆستی گه‌لانی چه‌وساوه‌ ده‌هێنرێت، که‌ له‌ پێناو خه‌ڵک و خاک و نه‌ته‌وه‌یه‌کی تردا خه‌باتیان کردوه‌ و گیانیان به‌خشیوه‌.

به‌ڵێ سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانی کوردستان، که‌ له‌ شه‌ڕدا دژی تیرۆریستانی داعش شه‌ر ده‌که‌ن جێگای رێز و خۆشه‌ویستین، به‌ڵێ سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کان جێگای ستایش و درودن، به‌ڵام لای من لیوای فڕۆكەوان ماجد عەبدولسەلام تەمیمی (ماجد عاشور)، که‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌ و له‌ کارێکی فریاگوزاریی خه‌ڵکانی ده‌ربه‌ده‌ر و بێلانه‌ و ئاواره‌‌ی کوردی نێو خاکی خۆیان، خه‌ڵکانی شه‌نگال گیانی به‌خشی، رێزێکی تایبه‌تی هه‌یه‌، دوێنێ (نوری مالیکی) له‌ مه‌راسیمی ناشتنه‌که‌یدا زۆر ستایشی کرد و باسی له‌ (ده‌ستپێشکه‌ری)یه‌کانی ناوبراو له‌ کاره‌کانیدا و ئازایه‌تی و لێهاتوویی ناوبراو کرد.

فرۆکه‌وانی کۆچکردوو ماجد عه‌بدولسه‌لام رۆژی ١٢/٨ ده‌رمان و خواردن و ئاو و په‌تۆ و که‌لوپه‌لی تری گه‌یانده‌ ئاواره‌کانی سه‌ر چیای شه‌نگال، دواتریش ئه‌وه‌نده‌ی پێی بکرێت مناڵ و ژن و که‌سانی پیر و نه‌خۆش و په‌ککه‌وته‌ی ئاواره‌کانی هێنایه ناو فڕۆکه‌که‌ی، وه‌ک ده‌شڵێن هۆکاری سه‌ره‌کی به‌ربوونه‌وه‌ی کۆپته‌ره‌که‌ی سوارکردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ له‌ خه‌ڵکی ئاواره‌ و تێکچوونی هاوسه‌نگی کۆپته‌ره‌که‌ی بووه‌!! ره‌نگه‌ که‌سانێک هه‌بن بڵێن، جا گرنگی چییه‌، ئه‌و فرۆکه‌وانێک بووه‌ و ئه‌رکی خۆی به‌جێ هێناوه‌، منیش ده‌ڵیم: ئه‌و ئه‌رکه‌که‌ی به‌ دڵسۆزی و به‌وپه‌ری له‌خۆبوردوویی به‌جێهێناوه‌، له‌ پێناوی خه‌ڵکانێکی لێقه‌وماو و برسی و نه‌خۆش و ئاواره‌، له‌ نه‌ته‌وه‌‌یه‌کی تر، که‌ به‌هۆی که‌مته‌رخه‌می هه‌ڵاتن و به‌جێنه‌گه‌یاندنی کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازی کورده‌وه‌ وایان به‌سه‌ر هاتوه! گیانی سپارد.

وێنه‌یه‌کی فڕۆکه‌وانی شه‌هید له‌سه‌ر چیاكه‌ هه‌یه‌، وه‌ک ده‌رده‌كه‌وێت هی کاتی نیشتنه‌‌وه‌ و‌ پێش فڕین بێت.منداڵێكی ئاواره‌ له‌ باوه‌شده‌گرێت و زه‌رده‌خه‌نه‌ی‌ بۆ ده‌كات!! ئای که‌ وێنه‌یه‌کی دڵته‌زێنه‌، تۆ بڵێی ناوبراو وه‌ک فرزه‌ندی خۆی سه‌یری ئه‌و مناڵه‌ی نه‌‌کردبێت، بۆیه‌ وا به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ له‌ باوه‌شی ده‌گرێت و بۆی پێده‌که‌نێت!! تۆ بڵێی لێپرسراوه‌کانی خۆشمان ئاوا به‌ دڵسۆزانه‌ کاره‌کانیان به‌جێ بگه‌یه‌نن و مناڵی ئاواره‌کانی شنگال وه‌ک هی خۆیان سه‌یر بکه‌ن؟؟!!

لێره‌دا سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی هیوای چاکبوونه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ ده‌خوازم که له‌و رووداوه‌دا بریندار بوون، هاوکات پێشنیازێک بۆ وه‌‌زیری پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌رێز (مسته‌فای سه‌ید قادر) ده‌‌که‌م، که‌ له‌ بری ئه‌و به‌هاناچوونه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ی فڕۆکه‌وان (ماجد ته‌میمی) و وه‌ک رێز و پێزانین و وه‌فایه‌ک بۆ ناوبراو ، که‌وا له‌ پێناو خه‌ڵکی لێقه‌وماو و ئاواره‌ی کوردستاندا گیانی خۆی به‌خشی ،وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، فڕۆکه‌وانی ناوبراو وه‌ک شه‌هیدی کوردستان و خه‌ڵکی کورد بناسێنێت، هه‌روه‌ها له‌ به‌رده‌می وه‌زاره‌ته‌که‌دا یان هه‌ر جێگه‌یه‌کی تر له‌ نێو پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستاندا په‌یکه‌رێکی بۆ دروست بکرێت.هه‌روه‌ها خێزان و هاوسه‌رو مناڵه‌کانی ناوبراو وه‌ک مناڵی شه‌هیدی کوردستان حسابیان بۆ بکرێت و موچه‌ و ئیمتیازی تایبه‌تییان بۆ دابین بکرێت، تا خه‌ڵکان بزانن، کورد و خه‌ڵکی ئێمه‌، وه‌فادارن و ئه‌و که‌سانه‌یان بیرناچێت که‌ له‌ کاتی ناخۆشی و کاره‌سات و مه‌رگه‌ساته‌کاندا فریایان که‌وتون و هاوکارییان کردون...

درود بۆ گیانی سه‌لام ته‌میمی فڕۆکه‌وان، یه‌که‌م فڕۆکه‌وانی شه‌هید له‌ پێناو رزگارکردنی مناڵانی چاوگه‌شی کورد.

ڕه‌وانی شاد، گۆڕه‌که‌‌ی پڕ له‌ گوڵ و روناکی بێت...

سه‌رنج:

  • ·        بۆ بینینی وێنه‌ی فرۆکه‌وانی شه‌هید، که‌ مناڵێکی ئێزیدی ئاواره‌ له‌ سه‌رچیاکه‌ له‌ باوه‌ش گرتوه‌، کلیکی ئێره‌ بکه‌ن:

http://www.lvinpress.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=8781&Jor=1

 

 

 

 

Related Articles