بۆ په‌رله‌مان وپه‌رله‌مانتارانی كوردستان ... پارێزه‌ر- حمد كریم

سه‌ره‌تا پره‌نسیپی بوون به‌ په‌رله‌مانتار له‌ بیردۆزی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتووه‌ له‌ نێوانی فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمان به‌ سه‌ربراودا كه‌ له‌ سیسته‌می سیاسی ئه‌مرِۆی ووڵاتان له‌ شێوه‌ی دیموكراسیه‌تی ناڕاسته‌وخۆ (نوێنه‌رایه‌تی یان په‌رله‌مانی) دا به‌رجه‌سته‌یه‌. كه‌وایه‌ به‌ پێ ی ئه‌م گرێبه‌سته‌ گه‌ل له‌ ده‌وڵه‌تدا له‌ ڕێگای هه‌لبژاردن كه‌سانێك هه‌ڵده‌بژێرێ وه‌ك نوێنه‌ری خۆی بۆ ئه‌وه‌ی كاروباری ووڵات به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و واز دێنن له‌ به‌ شێك له‌ مافی خۆیان و ماف ده‌ده‌ن به‌ نوینه‌ره‌كانیان تا فه‌رماندارێتیان بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر دابین كردنی ئاسایش و ژیانێكی باش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان . . . وه‌ هه‌رئه‌م گرێبه‌سته‌ش بناغه‌ی ده‌ستووری هه‌موو ووڵاتێكه‌ كه‌ كاری سه‌ره‌كی ده‌ستووریش ڕێكخستنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا له‌ سێ ڕوانگه‌ی سه‌ره‌كی دا:


 یه‌كه‌م/ دیاری كردنی جۆری سیسته‌می سیاسی و ئابوری ده‌وڵه‌ت و جۆری ده‌سه‌ڵاته‌ گشتیه‌كان وه‌ك (یاسادانان و جێبه‌جێ كردن و دادوه‌ری) وه‌ كارو تایبه‌تمه‌ندی هه‌ریه‌كه‌یان و په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ یه‌كتر .


دووه‌م/ دیاری كردنی ئه‌رك و ماف و ئازادیه‌ گشتیه‌كانی تاك كه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته‌ ماف و ئازادیه‌كان دابین بكات به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌ل كردونی به‌ ده‌سه‌ڵات, وه‌ سه‌پاندنی ئه‌ركه‌كانیش ده‌بێت تا ئه‌ندازه‌و سنووری پێویستی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بێت له‌ دابین كردنی ژیانێكی‌ ئاسووده‌و هێمنی و ئاسایش بۆ خه‌ڵك كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ك به‌شێك له‌ گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كه‌.


 سێ یه‌م/ دیاری كردنی جۆری په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و گه‌ل و ئالیه‌ته‌كانی چاودێری گه‌ل به‌سه ر‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ڕێگای پره‌نسیپه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستاو ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و لانه‌دانی ده‌سه‌ڵاته‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران له‌ تایبه‌تمه‌ندی سنووری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ گه‌ل پێ ی داون.

 

به‌ واتایه‌كی تر لێره‌دا مه‌به‌ستی نووسینه‌كه‌م ده‌به‌ستمه‌وه‌ به‌ خاڵی سێیه‌م كه‌ نابێ ده‌سه‌ڵاتداران كه‌ بۆ ئه‌م نووسینه‌م (په‌رله‌مانتارانن) وه‌ك به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ بكه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ گه‌ل پێ ی داون له‌ ده‌ستور . ئه‌گه‌رچی ڕاسته‌ یه‌كێك له‌ كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی په‌رله‌مان دانانی یاسایه‌ بۆ ڕێكخستنی بواره‌ جیاوازه‌كانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی . . . ده‌وڵه‌ت به‌ قازانجی خه‌ڵك به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا نابێ تجاوزی ده‌سه‌ڵاته‌كانی بكات كه‌ له‌ ده‌ستوور بۆی دیاری كراوه‌ كه‌ بناغه‌كه‌ی گرێبه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌تی له‌ گه‌ڵ گه‌ل دا. كه‌واته‌ بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پێنه‌دراوه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕای گه‌ل له‌ ڕێگای پرس پێ كردن و ڕاسته‌وخۆ بڕیار وه‌رگرتن لێ ی له‌ سه‌ر بابه‌ته‌كه‌. ئه‌مه‌ش به‌ ئالیه‌تی ڕاپرسی (ڕێفراندیوم) , وه‌ پێوه‌ر بۆ دیاری كردنی ئه‌ و بابه‌تانه‌ ی كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌ل بریتیه‌ له‌ ئه‌ندازه‌ی چاودێری خه‌ڵك‌ به‌ سه‌ر په‌رله‌مان .


به‌ نمونه‌ یه‌كێك له‌و یاسایانه‌ی په‌رله‌مان ده‌ری ده‌كات یاسای ماف و ئیمتیازه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه,‌ كه‌ لێره‌دا ڕاسته‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ ده‌ بێ به‌ یاسا ڕێك بخرێت وه‌ ده‌ركردنی یاساش كاری په‌رله‌مانه,‌ به‌ڵام كێشه‌ لێره‌ دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ماف و به‌رژه‌وه‌ندی خودی په‌رله‌مانتاران خۆیان، وه‌ له‌ ڕووی ئالیه‌تی چاودێری خه‌ڵك به‌ سه‌ریانه‌وه‌ له‌م بابه‌ته‌ هیچ ئالیه‌تێكی یاسایی نیه‌ ڕێگه‌ له‌ په‌رله‌مانتاران بگرێت كه‌ به‌ انصافه‌وه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكه‌ن و تعسف نه‌كه‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و مافه‌ی كه‌ هه‌یانه‌ بۆ دانانی یاسا. بۆیه‌ له‌ بارێكی وه‌هادا ده‌بێ په‌رله‌مان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌ل و ڕای وه‌ربگرێت. لێره‌دا بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی گله‌یی ڕه‌وای خه‌ڵك له‌ زۆری ماف و ئیمتیازاتی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ موچه‌ی زۆرو مافی خانه‌نشینی و پاسه‌وان ,كه‌ جیاوازیان له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی زۆر نا دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ وه‌ هۆكاره‌ بۆ دروست كردنی جیاوازی چینایه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی خودی پره‌نسیپی نوێنه‌رایه‌تی كردنه ‌كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانتار له‌ خزمه‌تی گه‌ل دابێت نه‌ك له‌ سه‌ر باری گه‌ل و به‌ ده‌نگ و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وانه‌وه‌ له‌ سامانی گشتی بخوات بێ ئه‌وه‌ی گه‌ل ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵات و مۆڵه‌ته‌ی پێدابێت .

 

دوای ئه‌م باسه‌ ئێستا كاتیه‌تی كه‌ داوایه‌ك بكه‌م له‌ په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی كوردستان كه‌ به‌م نزیكانه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ ده‌بینه‌ خاوه‌نی ده‌ستووریش. داواده‌كه‌م په‌رله‌مان یاساكانی تایبه‌ت به‌ ماف و ئیمتیازاته‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌موار بكاته‌وه‌ و بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئاستی دادپه‌روه‌ری به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ماف وئیمتیازاته‌كان ئه‌وه‌نده‌ كه‌م نه‌بن كه‌ په‌رله‌مانتار نه‌توانێت ئه‌ركه‌كانی ڕاپه‌رێنێت وه‌ ئه‌ونده‌ زۆریش نه‌بن كه‌ جیاوازی چینایه‌تی و نایه‌كسانی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ دروست بكات . بۆ دڵنه‌وایی خه‌ڵكیش باشتر ده‌بێت ئه‌م یاسایانه‌‌ ڕاپرسی بۆ بكرێت و گه‌ل بڕیاری له‌ سه‌ر بدات، چونكه‌ له‌ كۆتایی دا په‌رله‌مانتار نوێنه‌ری ئه‌وانه‌ بۆیه‌ ده‌بێ گه‌ل خۆی ڕازی بێت چ ماف و ئیمتیازێك ده‌دات به‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی. یاخود گه‌ر ڕاپرسیش نه‌بێت پێویسته‌ په‌ر‌له‌مانتاران به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی و بۆ جێبه‌جێ كردنی دادپه‌روه‌ری, خودی خۆیان له‌م قۆناغه‌ دا یاساكان له‌م بواره‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌و تا له‌ داهاتوو ده‌كرێت له‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان ئالیه‌تێكی چاودێری به‌ نمونه‌ وه‌ك (چاودێری دادگای ده‌ستوری. . . ) جێگیر بكرێت له‌ سه‌ر په‌رله‌مان بۆ یاساو بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ دیاری كردنی ماف و ئیمتیازاته‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وكاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی تری ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر له‌ هه‌رێم دا. له‌ هه‌مان كاتدا به‌م هه‌نگاوه‌ په‌رله‌مانتارانی كوردستانیش ده‌توانن ڕاسته‌وانه‌ له‌ گه‌ڵ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ یاسایی وسیاسیه‌كانی خۆیان، شانبه‌شانی چین و توێژه‌كانی تربه‌شداری بكه‌ن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌وقه‌یرانه‌ ئابووریه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌رهه‌رێمی كوردستان و هاوڵاتیانی به‌ گشتی.

 

 

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

Related Articles