(كتێبی ڕه‌ش) ـی سه‌رده‌می به‌عس .. نامه‌یه‌ك بۆ وه‌زیری خوێندنی باڵا ... سالار تاوه‌گۆزی

 

 

 

له‌وانه‌یه‌ ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ خوێنه‌ر شتێكی سه‌یر بێت، له‌ڕاستیشدا هه‌ر وایه‌، چونكه‌ بۆئێمه‌یش وه‌ك مامۆستایانی زانكۆ كه‌ ناوی (كتێبی ڕه‌ش) مان بیست سه‌رمان سوڕماو نه‌مانزانی چی یه‌؟!.

 بۆیه‌ هه‌ر زوو په‌یوه‌ندیمان به‌سه‌رۆكبه‌شه‌كه‌مانه‌وه‌ كرد و هه‌ریه‌كه‌مان به‌ر له‌ باسكردنی كتێبه‌كه‌ ته‌نزێكی له‌باره‌یه‌وه‌ گوت: مامۆستایه‌ك ده‌یگوت من (مه‌سحه‌فا ڕه‌ش) م بیستووه‌ به‌ڵام كتێبی ڕه‌شم نه‌بیستووه‌. مامۆستایه‌كی دیكه‌ ده‌یگوت: من (سندوقی ڕه‌ش) ی فڕۆكه‌م بیستووه‌ به‌ڵام كتێبی ڕه‌شم نه‌بیستووه‌. خۆیشم گوتم: من (كتێبی سه‌وز) ی (موعه‌ممه‌ر قه‌زافی) م بیستووه‌، به‌ڵام كتێبی ڕه‌شم نه‌بیستووه‌؟!.

 هه‌موو ئه‌و ته‌نزانه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتن كه‌ سه‌رۆكبه‌شه‌كه‌مان داوای كرد لێمان كه‌ مه‌نهه‌جی ئه‌مساڵی قوتابیان به‌پێی كتێبی ڕه‌ش دابنێین، له‌ڕۆژی دواتر بۆمان ڕوون بوویه‌وه‌ كه‌ كتێبی ڕه‌ش بریتییه‌ له‌ كتێبێكی به‌رگ ڕه‌ش كه‌ له‌ساڵی هه‌شتاكان له‌ژێر چاودێری بیری به‌عسییه‌كاندا دانراوه‌و مه‌نهه‌جی ته‌واوی به‌شه‌ زانستیه‌كانی زانكۆكانی عێراقی تێدایه‌، له‌سه‌رتای كتێبه‌كه‌شدا نوسراوه‌ "موفره‌داتی كتێبی بیری په‌روه‌رده‌یی سه‌رۆك سه‌ددام حوسێن". ئه‌مساڵیش ئێمه‌ وه‌ك مامۆستایانی زانكۆ ناچار كراوین كه‌ موفره‌داتی مه‌نهه‌جه‌كه‌ی خۆمان له‌به‌شه‌ زانستییه‌كانی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هه‌مان مه‌نهه‌جه‌كه‌ی سه‌رده‌می به‌عس دابنێین و ته‌نها بۆمان هه‌یه‌ 10%ی ئه‌و مه‌نهه‌جه‌ نازداره‌ بگۆڕین، له‌كاتێكدا كه‌ پێشتر مامۆستایان ئازاد بوون له‌وه‌ی كه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ تازه‌ترین سه‌رچاوه‌ی زانست موفره‌داتی مه‌نهه‌جی بابه‌ته‌كه‌ی خۆیان دابنێن.

 لێ مخابن له‌دوای ئه‌و هه‌مووه‌ خه‌باته‌یكه‌ كورد بۆ ده‌رچوون له‌ژێر گوشاری بیری به‌عسی كردی، دوای كۆنفرانسی ساڵی 2007ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و دوای شاندكردنی ئه‌و هه‌مووه‌ مامۆستایه‌ بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ تاوه‌كو بێنه‌وه‌و لێره‌ گۆڕانكاری له‌زانكۆكان و مه‌نهه‌جی خوێندنی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، دوای ئه‌و هه‌مووه‌ خولی ڕاهێنانه‌ بۆ مامۆستایانی زانكۆ له‌پێناو نوێكردنه‌وه‌ی خوێندنی زانكۆیی له‌هه‌رێم و، كڕینی ئه‌و هه‌مووه‌ سه‌رچاوه‌ زانستییه‌ نوێیه‌، كه‌چی تازه‌ به‌تازه‌ بۆ پاشه‌وه‌مان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌و ناچارمان ده‌كه‌ن به‌پێی موفره‌داتی مه‌نهه‌جی سه‌رده‌می به‌عس وانه‌كانمان بڵێینه‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌دوای مێژووی دانانی كتێبی ڕه‌شه‌وه‌ چه‌ندین بابه‌تی نوێ هاتوون كه‌ له‌ كتێبه‌كه‌دا نین و بابه‌تی (لێكدانه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی) كه‌ خۆم ده‌یڵێمه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌. به‌ڵام كتێبی ڕه‌ش له‌پاڵ موفره‌داتی سواوی مه‌نهه‌جه‌ كۆنه‌كاندا بابه‌تی وه‌كو (ڕۆشنبیریی نه‌ته‌وه‌یی وئیشتیراكی و ڕاهێنانی سه‌ربازی په‌روه‌رده‌ له‌هزری سه‌رۆك سه‌ددام حوسه‌ین) و چه‌ند شتێكی به‌عسییانه‌ی تێدا و چه‌ندین جار ناوی سه‌ددامی تێدا هێنراوه‌.

كه‌چی نازانم بۆچی كتێبی ڕه‌ش خه‌ریكه‌ له‌كن هه‌ڵسوڕێنه‌رانی كاروباری په‌روه‌رده‌یی له‌زانكۆ پیرۆز ده‌كرێت و مامۆستایان ناچار ده‌كه‌ن پێوه‌ی په‌یوه‌ست بن؟!.

 بیانوویه‌كی پشتیوانانی كتێبی ڕه‌ش ڕه‌نگه‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی میتۆدی خوێندن له‌زانكۆكان بێت، به‌ڵام من ده‌پرسم ئه‌ی به‌رنامه‌تان چییه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی میتۆدی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می كتێبی ڕه‌ش نه‌بوون؟. ئه‌ی باشه‌ ئێوه‌ له‌ سه‌پاندنی ئه‌م كتێبه‌ ڕه‌شه‌دا كه‌ به‌ڕاستی بیری ڕه‌شی سه‌رده‌می به‌عسی هێناینه‌وه‌ خه‌یاڵ هیچ پرس و ڕاوێژێكتان به‌ مامۆستایان كردووه‌؟. باشه‌ ئێوه‌ كه‌ كه‌ به‌كه‌سانی ئه‌كادیمین، باش ده‌زانن كه‌ هه‌ر بابه‌تێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌ته‌ك مامۆستایانی پسپۆڕی بابه‌ته‌كه‌دا دابنیشن و گوتووێژ بكه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی میتۆد و موفره‌دات و پرۆگرامه‌كانی خوێندن؟! باشه‌ خۆ به‌ڕێزتان ته‌نها پسپۆڕیتان له‌ ته‌نها بابه‌تی خۆتان هه‌یه‌، ئه‌ی چۆن ئه‌خلاقی ئه‌كادیمی خۆتان ڕێگه‌تان پێده‌دات ده‌ستوه‌ربده‌نه‌ بابه‌تی مامۆستایانی دیكه‌وه‌ و میتۆدی سواوی سه‌رده‌می به‌عسیان به‌سه‌ردا فه‌رز بكه‌ن تاوه‌كو به‌ قوتابیه‌كانی بڵێنه‌وه‌؟!.

 ئه‌ی ئه‌م هه‌موو هاش و هوشه‌ چی بوو ده‌تانكرد كه‌ گوایه‌ شاند كراون بۆ وڵاتانی رۆژئاوا تاوه‌كو پرۆگرامه‌كانی خوێندن له‌زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان نوێ بكه‌نه‌وه‌؟! ئایا دوای ئه‌و هه‌موو گه‌ڕانه‌ به‌دونیادا له‌سه‌ر پاره‌ی خه‌ڵكی هه‌ژار و به‌شخوراوی ئه‌و وڵاته‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ڕای جه‌نابتان فه‌لسه‌فه‌ی خوێندنی سه‌رده‌می به‌عس كامڵتیرینه‌؟. یان له‌ته‌مبه‌ڵی و له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆتان ئه‌و شته‌ كۆنه‌تان به‌سه‌ردا فه‌رز كردووین؟!.

 داوا له‌به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌كه‌م به‌دواداچوونێك بۆ كاروباری ئه‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ گوایه‌ خه‌ریكی نوێكردنه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانن یان ئیداره‌ی زانكۆكان هه‌ڵده‌سوڕێنن تاوه‌كو بزانێت ئه‌وانه‌ كێ دایناون و ده‌یانجوڵێنێت، یان تا بزانێت كه‌ ناو به‌شه‌ زانستیه‌كاندا چی ده‌گوزه‌رێت و چۆن كه‌سانێك له‌م سه‌رده‌می بێڕاتبیه‌دا به‌ خۆهه‌ڵواسین به‌لایه‌نی نا زانستی و له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیانله‌ پۆسته‌كانیان چنگیان خستووه‌ته‌ بینی مامۆستایانی زانكۆ و هه‌ر رۆژه‌و بۆ درێژه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی خۆیان جۆره‌ رێنماییه‌كی سه‌قه‌ت و په‌قه‌ت ده‌رده‌كه‌ن. من له‌به‌ڕێز وه‌زیری خوێندنی باڵا ده‌پرسم قوربان كاتی خۆی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ كۆنفرانسی خوێندنی باڵا خه‌رج كراو كه‌چی ئاستی زانستی زانكۆكانت نه‌ك هه‌ر به‌ره‌ وپێشه‌وه‌ نه‌چوو به‌ڵكو بوون به‌جێگه‌ی نوكته‌، ئه‌رێ پێمان ناڵێیت كه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كۆنفرانسه‌ چی بوو؟.

 یان ئه‌و هه‌مووه‌ به‌ڕێزه‌ شاند كران بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ چییان بۆمان هێنایه‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌سه‌رهاتنی گه‌شت و گه‌ڕانه‌كانی خۆیان؟. تكایه‌ جه‌نابی وه‌زیر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌حاڵی هه‌ندێك له‌ زانكۆكانت بكه‌، بزانه‌ چۆن هێشتا كه‌سانێكی باڵابه‌رز و ده‌ست درێژ هه‌ن و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی ئه‌وان ته‌نانه‌ت (یاریده‌ده‌ری به‌شێك) یش دیاری ناكرێت.

من نازانم كه‌ ئه‌و پێوه‌ره‌ زانستییانه‌ چییان لێهات كه‌ له‌سه‌رده‌می پێش به‌ڕێزتانه‌وه‌ ده‌گوترا به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه‌ پۆسته‌كانی ناو زانكۆ دابه‌ش ده‌كرێن؟. نازانم تا چه‌نده‌ ئاگاداری كتێبی ڕه‌ش و پشتیوانه‌كانی ئه‌و كتێبه‌یت، نازانم كێ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌رپشك كردووه‌ تاوه‌كو به‌ویستی خۆیان له‌ناو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی زانكۆدا ته‌ڕاتێن بكه‌ن و كه‌سیش لێیان نه‌پرسێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی كاركردنیاندا چییان بۆ زانكۆ كردووه‌ و بۆ هێنده‌ ته‌مه‌نیان درێژبوو له‌پۆسته‌كانیان كه‌ چه‌ند وه‌زیرێك به‌ڕێ بكه‌ن و كه‌چی ئه‌وان هه‌ر له‌پۆسته‌كانی خۆیاندا بمێننه‌وه‌.

 به‌ڕێز جه‌نابی وه‌زیر، تكایه‌ هێنده‌ گوێ بۆ هه‌ندێك له‌ ئه‌و سه‌رۆك زانكۆو كۆلێژو یه‌كه‌ ئیدارییانه‌ مه‌گره‌ كه‌ ئه‌م و ئه‌و دایناون و قسه‌ی زل زلت بۆ ده‌كه‌ن، تكایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بزانی ئه‌وانه‌ چۆن به‌ربوونه‌ته‌ گیانی زانكۆو خێرو بێریان بۆ خۆیان و منداڵه‌كانیان قۆرخ كردووه‌، وه‌ره‌و له‌ته‌ك مامۆستایاندا كۆ ببه‌ره‌وه‌. گوێ بۆ حاڵی قوتابیه‌كانت بگره‌ به‌تایبه‌ت له‌شارۆچكه‌كان بزانه‌ حاڵیان چۆنه‌؟. من خۆم وه‌ك ڕۆژنامه‌نوس و مامۆستایه‌كی زانكۆ گه‌له‌ك هه‌وڵمدا تاوه‌كو بێمه‌ خزمه‌تت و دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیت بۆ KNN سه‌باره‌ت به‌حاڵی زانكۆكان و وه‌زاره‌ت له‌ته‌كدا ساز بكه‌م و له‌په‌ناوه‌ هه‌ندێك باسی وه‌زعی خواره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ت بكه‌م، به‌ڕێزم به‌ڵام بابولمه‌عالی جه‌نابتان ده‌رگه‌ی به‌سه‌ردا نه‌كردمه‌وه‌و پێم ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ دیداره‌كه‌ت ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌.

قوربان له‌كاتێكدا كه‌ من باسی كتێبی ره‌شت بۆ ده‌كه‌م كه‌ به‌سه‌ر ئێمه‌ی مامۆستادا فه‌رز كراوه‌، له‌ده‌رگای سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سه‌لاحه‌ددینیش دیتم پۆسته‌رێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌ره‌پێدانی پرۆگرامه‌كانی خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌ و باس له‌ وۆركشۆپی نوێكردنه‌وه‌ی پرۆگراخوێندنی چوار ساڵی به‌شه‌كانی زانكۆ ده‌كات، ئایا فه‌لسه‌فه‌ی نوێكردنه‌وه‌ لای ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ته‌نها بریتییه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌مانه‌ بۆسه‌رده‌می كتێبی ڕه‌ش و هیچی تر یان ته‌نها ئه‌و هه‌مووه‌ پۆسته‌رانه‌ - كه‌ بێزار بووین لێیان - ته‌نها بۆ رێكلامكردنه‌ بۆ كه‌سانێكی نزیك له‌بابولعالییه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو له‌ته‌ك هه‌ڵواسینی هه‌ر پۆسته‌رێكدا مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، تكایه‌ جه‌نابی وه‌زیر ئیداره‌ی زانكۆكانت زۆر پێویستییان به‌لابردنی ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌موچاوه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی به‌عسه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ هه‌یمه‌نه‌تیان له‌زانكۆدا به‌رده‌وامه‌و بوونه‌ته‌ مایه‌ی ژانه‌ سه‌ر بۆ ئێمه‌ی گه‌نج، قوربان تكایه‌ به‌دواداچوونێك بكه‌و جارێك له‌كن مامۆستا گه‌نجه‌كانی زانكۆ ببه‌ میوان تا پێت بڵێین كه‌ كێن ئه‌وانه‌ی راكشاون له‌ سێبه‌رتان.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

 

Related Articles