وڵاته‌كه‌تان زۆر خۆشه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش زۆر دلسۆزه‌ ... ره‌سول به‌ختیار

 

 

 

زۆر پێكه‌نیم كاتێك هاوڕێیه‌كه‌م گوتی ده‌وام ته‌واو بوو، ئه‌و گلۆپانه‌ بكوژێننه‌وه‌ با وه‌زه‌ی ئه‌و كاره‌بایه‌ بۆ گوندێك بڕوات، یه‌كێكی دیكه‌ له‌وه‌ لاوه‌ هه‌ڵدایه‌وه‌ و گوتی راست ده‌كه‌ی با ئه‌و كاره‌بایه‌ و وه‌زیه‌ بۆ گونده‌كان بچێت وه‌ك "گوندی ئه‌ڵمانی و گوندی ئینگلیزی و گوندی ئیتاڵی و شاری خه‌ونه‌كان و شووققه‌ باڵابه‌رزه‌كان"، له‌ نێوه‌ندی ئه‌و قسانه‌ یه‌كێك گوتی راست ده‌كه‌ی كاره‌باكه‌ با به‌خۆڕایی نه‌ڕوات (به‌پێكه‌نینه‌وه‌) گوتی "راست ده‌كه‌ن ئێمه‌ كارگه‌ و فابریكه‌كانمان زۆرن و له‌به‌ر زۆری به‌رهه‌م كاتیان نییه‌، كاره‌با ببڕی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاڵاكانمان رووبه‌ری فراوانی چینی میللی گرتۆته‌وه‌، به‌راستی گه‌لی چینی میللی گه‌لێكی به‌سته‌زمانن و كار ناكه‌ن و هه‌رده‌م برنج و گۆشت ده‌خۆن، دواتریش پاشماوه‌كه‌ی وه‌ك شاخێكی لی دی، ئه‌و هه‌ژارانه‌ خۆیان بی تاقه‌تن ناتوانن پاكی بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان رێكه‌وتوون تا كرێكارانی بیانی بێنن وه‌ك برایه‌ به‌نگلادیشیه‌كانیان"، له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌و برایه‌ به‌نگلادیشیانه‌ به‌ تاكه‌كانی گه‌لی چین ده‌ڵێت ئێوه‌ نازانن زمانی خۆتان بپارێزن، ئێمه‌ ماوه‌یه‌كی كورته‌ له‌وڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌كه‌تان فێری زمانی ئێوه‌ بووین و ئێستاش ئێمه‌ له‌ئێوه‌ زیاتر زمانی چینی ده‌زانین به‌ هه‌موو دیالێكته‌كانیه‌وه‌.

كابرایه‌كی هیندی باسی له‌وه‌ كرد ئێوه‌ له‌به‌ر پاسی گواستنه‌وه‌ رێگه‌ی ته‌كسیتان نییه‌، ئه‌وه‌ بۆچی هه‌ر یه‌كه‌و پاسێكتان هه‌یه‌، به‌هه‌موو گه‌لی هیندی ئه‌وه‌نده‌ پاسه‌ی نییه‌ بۆ گواستنه‌وه‌، نیپالییه‌كیش گوتی زۆر سه‌یره‌ "من زۆر وڵات گه‌ڕاوم نه‌مبینیووه‌ ته‌كسی ئه‌وه‌نده‌ هه‌رزان بێت، ئێوه‌ به‌راستی شوفێری تاكسییه‌كانتان زۆر به‌به‌زیی و پرۆفیشناڵن له‌ هاژووتنی ئۆتۆمبێل بوار بۆ هه‌موو ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ ده‌ده‌ن"، كوڕێك له‌كۆستاریكاوه‌ هاتبووه‌ شاره‌كه‌مان له‌و چایخانه‌یه‌دا دانیشتبوو به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ گوتی "وڵاته‌كه‌تان زۆر خۆشه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ش زۆر دلسۆزه‌"،

هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ كێشه‌ی بچووكی ئێمه‌ن و چاره‌سه‌ری زۆر ئاسته‌مه‌، با له‌و شته‌ وردانه‌ گه‌ڕێین، ئه‌ی باشه‌ چی له‌سیسته‌می دیموكراسی بكه‌ین، "ئه‌وه‌ قسه‌ی كابرا هیندییه‌كه‌"، به‌بێزارییه‌وه‌ روانیه‌ هاوڕێیه‌ بیانییه‌كانی دیكه‌ی و گوتی "براله‌ینه‌ ئه‌وه‌ كاری ئێمه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ كاری برایه‌ په‌رله‌منتاره‌كانمانه‌".

ئیدی هه‌رچۆنێك بیت ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌به‌ر بی مووچه‌یی و درنگ هاتنی مووچه‌ داهێنان ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌و چه‌ند كارێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی رووبه‌ڕووی هیچ قه‌یرانێك نه‌بێته‌وه‌ و هه‌رچی بندیوار و فه‌زایی هه‌ن ده‌ریان بكه‌ن.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

 

 

 

Related Articles