چما هیوا سوعاد به‌ 85 ملیۆن دینار ئه‌م كاره‌ی كرد!؟ .. زانا دڵشاد دزه‌یی

زیاتر له‌ مانگێك هه‌واڵی شانۆگه‌ری (مه‌م و زین) به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕه‌كان كرایه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند هیوا سوعاد كاری ده‌رهێنانی بۆ كرا و رۆژی 12/5 له‌نێو پاركی شانه‌ده‌ر نمایشكرا، به‌ڵام كارێكی زۆر پێچه‌وانه‌م له‌ توانا هونه‌رییه‌كه‌ی هیوا سوعاد بینی، من حه‌قی خۆم بوو چاوه‌ڕێی كارێكی زۆر باشم بكردایه‌، به‌تایبه‌ت كاتێك زانیم بۆ ئه‌م كاره‌ گوایه‌ پارێزگاری هه‌ولێر بڕی 85 ملیۆن دینار خه‌رجكردووه‌، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام كارێكی هونه‌ری جوانمان نه‌بینی.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجی هه‌مووان بوو ئه‌م شانۆییه‌ پێچه‌وانه‌ی نووسینه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی له‌ كۆتاییدا (مه‌م و زین) به‌ یه‌كتر ده‌گه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ پێشئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌ بكری ده‌رهێنه‌ر ئه‌و روونكردنه‌وه‌یدا "ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌قی داستانه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی خانییه‌"، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ به‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی وا گه‌وره‌ تێپه‌ڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌رهێنه‌ر له‌ كۆتاییدا نیشانی ئێمه‌ی نه‌دا حیكمه‌تی به‌یه‌ك گه‌یشتنی مه‌م و زین له‌م شانۆیه‌دا چی بوو.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نمایشكردنی شانۆ له‌ نێو گۆڕه‌پانی پارك كه‌ هیچ سیفاتێكی مه‌سرحی تێدا نییه‌ وا ده‌كات هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ چاوه‌ڕێی شانۆییه‌كی جدی و باش نه‌كه‌ین، قیره‌ قیری بۆقه‌كانی ناو ئاوه‌كه‌ به‌رزتر بوو له‌ ده‌نگی ئه‌كته‌ره‌كان، ده‌نگی مه‌م زیاد له‌ پێویست به‌رز و ده‌نگی زین زیاد له‌ پێویست نزم بوو كه‌سیان باوه‌ڕیان به‌وی تریان نه‌بوو، هه‌ندێجار خۆزگه‌م به‌وه‌ ده‌خواست زوو ته‌واو بێت و دووركه‌ومه‌وه‌ له‌ هاتوهاواری ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه‌ ته‌علیقیان له‌ مه‌م و زین ده‌دا، به‌ مه‌میان ده‌گوت "ئه‌ی بێوه‌فا". به‌ زینیشیان ده‌گوت "وه‌ره‌ مه‌م لای ئێمه‌یه‌". به‌ڵام له‌ هه‌مووی ناخۆشتر خوا ئه‌مجاره‌ش شانسی هونه‌رمه‌ند ئه‌یام ئه‌كره‌می نه‌دا، ساڵی پار له‌شانۆگه‌ری (پیاوه‌ قرجۆكه‌كه‌) له‌سه‌ر مه‌سره‌ح ته‌نیا مایكرۆفۆنه‌كه‌ی ئه‌و عه‌یبی هه‌بوو، ئه‌مجاره‌ش مایكرۆفۆنه‌كه‌ی له‌كار كه‌وت و زوو له‌ شوێنی خۆی دانیشته‌وه‌، كه‌واته‌ حه‌قی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌یام ئه‌كره‌م گومان بكات ده‌ستێك له‌پشت ئه‌مه‌ دابێت!.

له‌ دوا دیمانه‌كاندا لێكدووركه‌وتنه‌وه‌ و دووباره‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی مه‌م و زین جگه‌ له‌ ده‌رهێنه‌ر باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س تێگه‌یشتبێت، چۆن یه‌كتریان بینیووه‌ و بۆ كی رۆیشتن و له‌ ماڵی باوكی زین چ باسه‌؟ به‌ڵام له‌ هه‌مووی سه‌یرتر دوا دیمه‌نی شانۆیه‌كه‌ بوو، به‌بی حیوار و ئه‌نجام، ته‌واوی ئه‌كته‌ره‌كان هاتنه‌ سه‌ر شانۆ چه‌پڵه‌ی كۆتاییان لێدا، ئه‌مشه‌وه‌ هاوڕێیه‌كی كوردستانی باكورم له‌گه‌ڵدا بوو كه‌مێك پێكه‌نی و گوتی: ئه‌و شانۆگه‌ریه‌یان له‌ باكور بكرایه‌ هه‌تا هه‌ولێر راویان ده‌نان.

ده‌زانم هیوا سوعاد زۆر حه‌ز به‌ شانۆی ئاهه‌نگ ئامێز ده‌كات و ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م ته‌جروبه‌ی نه‌بوو، ساڵی پێرار و پاریش له‌سه‌ر هه‌مان ستایل كاری كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ده‌رهێنه‌ر كارێكی وایكرد دوو ده‌قیقه‌ شانۆ بوو پێنج ده‌قیقه‌ش ده‌هۆڵ و شایی و حه‌فله‌ بوو، به‌جۆرێك زۆرجار بیرم ده‌چوویه‌وه‌ ئه‌م شانۆگه‌رییه‌، له‌كاتێكدا "شانۆی سه‌مائامێز" و "شانۆی ئاهه‌نگ ئامێز" نابێت سه‌ماكه‌ یاخود ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌ بایه‌خی شانۆیه‌كه‌ كه‌م بكاته‌وه‌، خۆ ده‌بوو هیوا سوعاد ئه‌وه‌ له‌هه‌موومان باشتر بزانی به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌ند كارێكی تری ئاهه‌نگ ئامێزی كردووه‌ و تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌ڕاستی شیاوی ئه‌وه‌یه‌ ده‌ستخۆشی و ئافه‌رین له‌ تیپی هه‌ڵپه‌ڕكێی هونه‌ره‌ میللییه‌كانی هه‌ولێر بكه‌ین كه‌ توانیان كۆمه‌ڵێك "تابلۆ"ـی هه‌ڵپه‌ڕكی زۆر جوان نمایش بكه‌ن و سه‌رنجی ته‌واوی گه‌شتیاران بۆلای خۆیان رابكێشن و شانۆیی مه‌م و زین بمرێنن و خۆیان زیندوویانی سه‌ر مه‌سره‌حه‌ بن.

بۆیه‌ ده‌بووایه‌ هیوا سوعاد به‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ كارێكی گه‌وره‌تمان نیشان بدات، خۆزگه‌ جه‌نابی پارێزگاری هه‌ولێر له‌وی ئاماده‌ ده‌بوون و بببینن چ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یان كردووه‌ و كاره‌كه‌ له‌ئاست به‌و پاره‌یه‌دا نییه‌ كه‌ لێی خه‌رج كراوه‌.

 

Related Articles