دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەڕەشەی داخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی ( تویتەر) یکرد، ڕۆژی هەینی ٢٠١٤/٣/٢١ لە تورکیا بەبڕیارێکی دادگا تویتەر داخرا . تۆڕی کۆمەڵایەتی یاخود خزمەتگوزاری هەواڵی کورت ناسراو بە ( تویتەر ) هاوشێوەی تۆڕی فەیسبووک ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە شۆڕشەکانی ووڵاتانی تونس و میسر و گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لەو ووڵاتانەدا . داخستنی تویتەر لە تورکیا داخستنی گرنگترین کەناڵی کۆمۆنیکاسیۆنی دژبەرانی ئەردۆغانە، تورکیا هاوشێوەی ئەو چەند ووڵاتەی کە چاودێری ئینتەرنێت دەکەن و تۆڕە کۆمەڵایەتیان سانسۆر دەکەن، لەڕێگەی پاڵەپەستۆ خستنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەیەوێ شۆڕش لەڕێگەی تویتەر و فەیسبووک (نەجریوێنی – نەخوێنێ ) یاخود خۆپیشاندان ئەنجامنەدرێ و هەموو کلیکێکی هاووڵاتیان بخاتە ژێر چاودێریەوە . لە سی ئادار واتە کۆتایی ئەم مانگە لەتورکیا هەڵبژاردن دەستپێدەکات، داخستنی تویتەر دە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن حکومەتی ئەردۆغان شکستێکی تری دیموکراتیەتە لەو ووڵاتەدا، پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات بەو کردارەی هەنگاوێکی تر پاشەکشەی بە تورکیا کرد، چونکە تویتەر لە تورکیا دوازدە ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، تەنانەت خودی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ( ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ) جگە لەفەیسبووک دوو پرۆفایلی لە تویتەر هەیە !! ئەردۆغان دوورنیە دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە مۆڵەت بدات تویتەر لەتورکیا بەکاربهێنرێت . عەبدوڵا گوڵ سەرۆک کۆماری تورکیا لەلایەن خۆیەوە داخستنی تویتەری ڕەخنەکرد، بەڵام وادیارە دەسەلاتی ئەردۆغانی نیە، هەرچەندە ئەردۆغان لەڕیگەی دادگا وە هەڕەشەکانی بەئەنجام گەیاند بۆئەوەی کەس نەتوانی ڕەخنەبگرێ و گوایە بابەتەکە یاساییە و کەس لەیاسا بەرزتر نیە، واتە بەکارهێنانی ڤیتۆی سەرۆک کۆماریش ڕۆڵی نەما !
داخستنی تویتەر ئەو گرێ کوێرەکی کردەوە کەچەندین ساڵە ببووە هۆکاری گفتوگۆی نێوان ووڵاتانی ئەوروپا، ئایا تورکیا لەیەکیەتی ئەوروپا ببیتە ئەندام یان نا ؟ بەداخستنی تویتەر بەتێڕوانینی یەکیەتی ئەوروپا تورکیا هێڵی سوری بەزاند، کەڵکی بوونە ئەندامی لە یەکیەتی ئەوروپادا نیە، دەولەتی تورک ئەگەر لەخۆپیشاندانەکان ساڵانە بەدەیان خۆپیشاندەر بکوژێ و بەچەکی کیمیاوی هێرشی کوردستانی باکور بکا و بەهۆکاری سیاسی و کورد بوون بەهەزاران کورد و ڕێبەر ئۆجەلان بەدەیان ساڵ زیندانی بکا لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکا هێڵی سور نیە بەڵام داخستنی تویتەر هێڵی سورە !!!