عیڕاق ووڵاتێکە لەئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی کایزەری سەقەت بەپێی بەرژەوەندیەکانی سیستەمی داگیرکاری و سەرمایەداری لەدایکبووە ، ، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە بەشێکی سەرەکی بووە لەسیاسەتی حکومەتەکانی یەکلەدوایەکی عیڕاق بەرامبەر بەگەلی کورد، لەبەرئەوەی گەلی کورد بەشدارنەبووە بەئیڕادەی سیاسی خۆی لە بڕیاری دامەزراندنی دەولەتی عیراق، بەڵکو بەسەریاندا سەپاندووە، بۆیە کێشەی کورد تائێستاش چارەسەرنەبووە، تا مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەدەست نەهێنرێت ئەوا ئەو کێشەیە هەربەردەوام دەبێت لەنێوان باشوری کوردستان و حکومەتی ناوەندی عیڕاق . بەحوکمی ئەوەی کوردستانی باشور هەرێمێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتیەکانی ژێر زەوی و سەرزەوی کەگرنگترینیان (پەتڕۆڵ – نەوت ) و ئاو و کانزاکانە بەو هۆیەوە لەهەرێمی کوردستان داهات و بژێوی هاووڵاتیان چەند ساڵێکە بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوودا باشتربووە، بەڵام تاقیکردنەوەکان سەلماندیان باشتربوونەکە کاتییە، هەرکاتێک حکومەتی ناوەندی بوودجە ببڕێ گوزەرانی هاووڵاتیان و بارودۆخی بازاڕ خێرا بەشێوەیەکی نێگەتیف گۆڕانکاری بەسەردادێت، بڕینی بوودجە جگەلەوەی بیرکردنەوەی دیکتاتۆریەتی حکومەتی ناوەندی هاوشێوەی حکومەتەکانی پێشووتری عیڕاق دەسەلمێنێ، لەهەمانکاتدا بێئەزموونی و ناڕونی دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات !!
دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەساڵی (٢٠٠٣) دا، کورد لەنووسینەوەی دەستوری نوێی عیڕاقدا بەشداربووە، لەو دەستوورەدا کۆمەڵێک خاڵی باشی بۆ کورد تێدایە، بەڵام کۆمەڵێک خاڵی کوشندەی بۆ کورد تیایە کە کورد خۆی پێشتر بەشداربووە لە نووسینەوەیدا و بووە بەهۆکاری دروستبوونی کێشە و تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، گرنگترین ئەوخاڵانەی کەلەدەستووردا هاتووە وەک خۆی دەینووسینەوە بریتین لە :
ماددەی (110)
ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە تایبەتن بە حکومەتی فیدراڵی
بڕگەی هەشتەم : پلان دانانی تایبەت بەو سەرچاوە ئاویانەی لەدەرەوەی عیڕاقەوە دێن و مسۆگەرکردنی برە ئاوی پێویست بۆ ناو عیڕاق بەگوێرەی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتیەکان
ماددەی (111)
نەوت و غاز موڵکی سەرجەم خەڵکی عیڕاقن لەهەموو هەرێم و پارێزگاکاندا
ماددەی (112)
یەکەم : حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوای کێڵگەکانی ئیستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێک داهاتەکانیان بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەکانی ووڵاتدا دابەشبکرێت لەگەڵ دیاریکردنی پشک بۆ ماوەیەک بۆ ئەو هەرێمە زیانلێکەوتوانەی ڕژێمی پێشوو بێبەشیکردوون و ئەوانەش کەپاشتر زیانیان لیکەوت بەجۆرێک گەشەسەندنێکی هاوتەریب بۆ ناوچە جیاوازەکانی ووڵات مسۆگەر بکات و ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت
دووەم : حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهینەرەکان پێکەوە هەڵدەستن بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێوویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز بەجۆرێک کەببێتە مایەی دەستخستنی زۆرترین سوود و کەڵک بۆ گەلی عیڕاق ئەویش بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان .
ماددەی (114)
دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان
یەکەم : بەڕیوەبردن و ڕێکخستنی گومرگ بەهەمئاهەنگی لەگەل حکومەتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە .
حەوتەم : ڕەنگڕیژکردنی سیاسەتی سامانە ئاویەکان و ڕێکخستنیان بەجۆرێک کە دادپەروەری بهێنێتەدی و ئەوەش بەیاسا ڕێکدەخرێت .
ماددەی (140)
یەکەم : دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن هەنگاوی پێوویست دەنێت بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پێداوویستیەکانی ماددەی (58) لە یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بەهەموو بڕگەکانیەوە .
دووەم : ئەو بەرپرسیاریەتەی لەسەر شانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە لەحکومەتی ئینتقالیدا لەماددەی (58) لەیاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوەدا ئاماژەی پێکراوە، بەردەوام دەبێت و دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی هەڵبژێردراو بەگوێرەی ئەم دەستوورە بۆ ئەوەی بەتەواوی جێبەجێبکرێت ( ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، لەکۆتاییدا ئەنجامدانی ڕاپرسی لە کەرکوک و ناوچەکانی تر کەناکۆکیان لەسەرە بۆ دیاریکردنی وویستی هاووڵاتیان ) لەماوەیەکی دیاریکراودا کەلەمانگی ١٢/٢٠٠٧ دا تێپەڕنەکا.
جگە لەوخاڵانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێیکرد خاڵێکی تر کەبریتیە لە کردنەوە یا داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی هێڵە ئاسمانیەکان بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەشێکە لەدەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی .
نوێنەرانی کورد لەساڵی 2005 دا بەو شێوەیە بەشداربوونە لەنووسینەوەی دەستووری نوێی عیڕاق، گرنگترین کلیل کە داهاتی (پەتڕۆڵ، نەوت، غاز ) ی کوردستانە لەڕێگای ئەو دەستوورەوە ڕادەستی حکومەتی ناوەندیان کردووە، ئەوەش وەکو ئەوە وایە لەمەیدانی ئاژەڵان، ئاژەڵ بەشێوەیەکی دیموکراتی بەخۆی چەقۆ هەڵبژێڕێ بۆ سەربڕینی خۆی !! سەرباری جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و هێشتنەوەی تائێستا بەهەڵواسراوی و جێگیرکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لەناوچەکانی کەرکوک، بەرپرسانی کورد لەزۆر بۆنەدا بەشانازیەوە دەڵێن ئێمە لەڕێگای هێزەکانمان واتە هێزی پێشمەرگە سوپای نوێی عیڕاقمان دروستکردەوە !! سەرباری ئەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لەڕێکخستنەوەی ناو ماڵی عەرەبی عیڕاق واتە نێوان سووننە و شیعە و دووبارە هێنانەوەی مالیکی بۆ سەردەسەڵات، دەبینین مالیکی ئەمڕۆ بوودجەی هەرێم دەبڕێ بۆ بەدەستهێنانی دەنگی عەرەبی عیڕاق ئامادەیە هەموو گەلی کورد برسی بکا ! ئەوەی مالیکی دەیکات بابەتەکە شەخسی نیە چونکە ئەوەی پێش مالیکی هەمان هەڵوێستی هەبووە و ئەوەی دوای مالیکیش هەرهەمان هەڵوێستی دەبێت بەرامبەر بە کورد . دەسەڵاتی کوردی بۆ دروستکردنی متمانە لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیانی هەرێم پێوویستە فرۆشتن و داهاتەکانی نەوت بۆ خەڵکی هەرێم ئاشکرا بکا بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیەکی هەرێم بزانێ بڕی فرۆشتن و داهات چەندە بۆ کوێ دەچێ، لەبری ئەوەی ناوماڵی عەرەب و کێشەی نێوان مەزهەبەکانی سوننە و شیعە ڕێکبخەینەوە، کورد پێوویستە بیر لەدواڕۆژی خۆی بکاتەوە، دوای سەدەیەک لەتێکۆشان و قوربانیدانی گەلی کورد و زیاتر لە ٢٢ ساڵ ئەزموونی دەسەڵاتداری لەهەرێمی کوردستان، کورتبینی سیاسی و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بەهەڵەی هاوکێشەکان و بەڕێوەبردنی ململانێکان و پشتبەستن بە ووڵاتانی هەرێمیی و بێئەزموونی و ئامادەنەکردنی ئەجندای پێوویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەجندایەکی لەناکاوی بەرامبەرەکەی بەڕونی لەسیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتن !!