کافرکردنی لایەنێکی سیاسی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بێئەخلاقی تاقمە تیرۆریستیەکان دەسەلمێنێ ... فوئاد زیندانی

 

 

 

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە قەیرانی سوریا درێژەی هەیە ، هەرچەندە لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا کەبەشێوەیەکی دوور لەتوندوتیژی سەریهەڵدا بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەشێوەیەکی خوێناوی تر بارودۆخەکە درێژە دەدات ، چەندین تاوانەکانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی ڕوویاندا ، لەوانەش کۆمەڵکوژکردنی کوردەکانی نیشتەجێی شارۆچکەکانی تەلعەران و تەلحاسڵ لە ٢١ ی تەموزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە تیرۆریستەکانی وەکو بەرەی نوسرە و داعش و چەندین ڕێکخراوی تر کە گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و هاوکات بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعسی سوریا و ووڵاتانی تورکیا و سعودیە و قەتەڕن ، هەروەها تازەترین کۆمەڵکوژی لە بەرەبەیانی ٢٠١٤/٥/٢٩ لە گوندی تلیلیە و تیمادی نزیک شاری سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەدژی دانیشتوانی سڤیلی ئەو گوندانە بەدەستی تاقمی تیرۆریستی داعش ئەنجامدرا ، پازدە کەسیان کۆمەڵکوژکرد کە منداڵی تەمەن (١١) مانگی تا مرۆڤی تەمەن حەفتا ساڵیان تێدابوو .سەرۆکی داعش کەنازناوی (ئەبوبەکر ئەلبەغدادی) بۆخۆی داناوە ئەفسەرێکی پلەداری دەزگای هەواڵگری (مخابەرات) ی ڕژێمی پێشووی عیڕاق سەردەمی سەدام حسێن بوو ، داعش بەناوی جیهادکردن و بەهاوکاری ووڵاتانی وەکو تورکیا و سعودیە و قەتەڕ و کۆنە بەعسیەکانی عیڕاق و ڕژێمی بەعسی سوریا ڕۆژانە لەناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەدژی خەڵکی سڤیل تاوانەکانی جەنگ و دژە مرۆڤایەتی ئەنجامدەدا ! لێرەدا پرسیار ئەوەیە هیچ موسڵمانێک هەیە نەزانێ کوشتنی منداڵی ساوا و ژن و پەککەوتە تاوانە ؟ بۆچی ئیدانەی ناکەن ؟ مامۆستایانی ئایینی لە ووتارەکانی ڕۆژی هەینی بۆچی ووتاری لەسەر نادەن و ئەو تاوانە بە موسڵمانان بناسێنن ؟ داعش لە دوای کۆمەڵکوژیەکەی گوندی تلیلیە ڕایگەیاندووە کە کوردەکانی یەزیدی کۆمەڵکوژ کردووە ! دواتر دەرکەوت زۆرینەی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە بەڕەگەز( عەرەب) ی ناوچەکانی تری سوریان لەبەر بارودۆخی شەڕ ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوون لە گوندێکی کوردانی باوەڕمەندی یەزیدی نیشتەجێبوون ، باوەڕمەندانی یەزیدیش بەهۆی تیرۆرەوە پێشترئەو گوندەیان چۆڵکردووە واتە گوندی تلیلیە .داعش و گرووپە تیرۆریستیەکانی تری گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی سوریا ئەرکی سەرەکیان شەڕکردن و هێرش کردن بووە بۆ سەر ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، بەهەمانشێوە لەناوچەکانی تری وەکو حەلەب و هەرشوێنێکی تری سوریا بەدەیان و سەدان کوردی بێتاوان دەڕفێنن ، دەستبەسەر دەکەن و بەتاوانی کوردبوون دەیانکوژن ، هەموو ئەو هێزە تیرۆریستیانە کاتێک کوردان دەکوژن یان کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدەن ڕایدەگەیەنن کە کورد کافرن ، بە فەتوای (تەکفیر) دانیشتوانی گوندێک یا شارۆچکەیەکی کوردی کۆمەڵکوژدەکەن نەک لەبەر ئەوەی موسڵمانن یان نا بەڵکو لەبەر ئەوەی کوردن ، ئامانجی ئەو تاقمە تیرۆریست و بەکرێگیراوانە بێگومان داگیر کردنی ڕۆژئاوای کوردستان و پاکتاوکردنی کوردە ، ئەوەش پلانێکە تورکیا و سعودیە و قەتەڕ و ڕژێمی بەعسی و چەند ووڵاتێکی تری هەرێمی دایانڕێژتووە و کاری ڕۆژانەی لەسەردەکەن ، یارمەتی لۆجیستی و سەربازی و پزیشکی و پڕچەککردن پێشکەشی ئەو تاقمە تیرۆریستیانە دەکەن .تاکە هێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەموو پیلانگێڕیە و هێزە تیرۆریستیانەی هەبێت ، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یە ، ئەو هێزە کوردیە بووە بە سونبولی خۆڕاگری بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ، لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆریانداوە و توانیویانە چۆک بەدوژمن دابنێن پیلانەکانی تیرۆریستان و ووڵاتانی هەرێمیی دژبەری کورد تێکبشکێنن .

هێزە تیرۆریستیەکان لەڕێگەی کەسانێکی کوردی باوەڕمەندی خۆیان کە هاوشێوەی ئەبوبەکر بەغدادی پێشتر بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعسی و دەزگا جاسوسیەکانی سەدام حسێن بوون ، هەوڵدەدەن لەڕێگای چەند کەناڵێکی کوردی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان (تەکفیر)ی حزبە عەلمانیەکانی کوردی بکەن بەمەبەستی حەڵاڵکردنی خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ، نموونەش لەسەر ئەو هەوڵە چەپەڵە لەچەند شەوی ڕابردوو لەکەناڵی ڕووداو بینرا ، کاتێک کۆلەوارێکی وەکو د.ع.مەدخەلی بەناو ئیسلامی سیاسی (تەکفیر)ی حزبی شیوعی کوردستانی کرد .ئەگەر سەیری چەند فەتوایەک لە فەتواکانی بانگخوازە ئیسلامیەکان بکەین ئەوکات دەزانین کێن ئەوانەی تەکفیری خەڵک و لایەنە کوردیەکان دەکەن و باسی جیهادکردن دەکەن ، بۆ نموونە : بانگخوازی سعودی (ناصر العمري ) ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو جیهادیەکان لەکاتی جیهادکردن ئەگەر( ژن )یان لەلا نەبوو سێکسی لەگەڵ بکەن ئەوا دەتوانن لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان سێکس بکەن حەڵاڵە !!! ، بانگخوازێکی تری سعودی (محمد العریفي) بەهەمانشێوە ڕایگەیاندبوو جیهادیەکان لەکاتی پێوویست دەتوانن لەگەڵ هاوڕەگەزەکانیان واتە ( ڕەگەزی نێرینە ) سێکس بکەن حەڵاڵە !!! لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت بەفەتوای ئەو تاقمە بەدڕەوشت و بێ مۆڕاڵانە و هاوشێوەکانیان لەهەرێمی باشوری کوردستان حزبێکی پێشکەوتووخوازی وەکو حزبی شیوعی کوردستان (تەکفیر) دەکرێ و لەڕۆژئاوای کوردستان گەلێکی تێکۆشەری وەکو گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکرێ ! کافرکردنی لایەنێکی سیاسی و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بێئەخلاقی تاقمە تیرۆریستیەکان دەسەلمێنێ ..

 

 

 

 

Related Articles