هەرچەندە ڕاپەڕینی گەلانی سوریا سێ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان بەدەیان ساڵ بەرلەدەستپێکردنی ئەوڕاپەڕینە ڕوحی شۆڕش و سەرهەڵدانی تیادا دروستببوو .
شاری کۆبانی شاری شەهیدان و شۆڕش و مێژووی پڕ سەروەریە، ئەو شارەی سی وپێنچ ساڵ لەمەوبەر پێشوازی لە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان و هەڤاڵانی کرد، بووبە هێلانەی شۆڕش و برەودان بە ڕێبازی دیموکراتیەت و پێکەوە ژیان و کوردایەتی، لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بووبە دەروازەی سەرهەڵدان و ڕزگاری، لەوێدا بۆیەکەم جار ملیان بەڕژێمی بەعس کەچ کرد و بووبە نموونە بۆ شار و شارۆچکەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان تا زۆربەی شارەکان بەرگی ئازادیان پۆشی .
لەدوای ڕزگاربوونی کۆبانی و شارەکانی تر و دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی دیموکراتی کاتی و پێکهێنانی سێ کانتۆنی جەزیرە، کۆبانی، عەفرین و ئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەردەوامە، هاوکات پلانی دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی تەواوی ئەوکاتە لە پیلانگێڕی و سازدانی کۆمپلۆی جیاواز دژ بە شۆڕشی کورد و سیستەمە دیموکراتیەکەی هەر بەردەوامە، بۆئەم مەبەستەش ووڵاتانی هەرێمی بەتایبەتی تورکیا و سعودیە و قەتەڕ سەرەتا لە سەرێکانی و دواتر لەناوچەکانی هەرێمی عەفرین لەڕێگەی تاقمە تیرۆریستیەکانی بەرەی نوسرە و داعش و گرووپە جیاوازەکانی چەتەکان خۆیان تاقیکردەوە و هێرشی جۆراوجۆریان ئەنجامدا، بەڵام گەلی کورد لەئەنجامی بڕوا بەخۆبوون و پشتبەستن بەجەماوەرەکەی توانی بەرەنگاری هەموو ئەو هێرشە یەک لەدواییەکانە ببێتەوە .
داعش هێزێکە لەدایکبووی حزبی بەعسە، هەمان هێلکەیە لە ڕەحمی حزبی بەعس دروستبووە و کاتی پیتاندنی مارێک هاتە بەرهەم، بۆیە داعش وەک هێزێکی ژەهراوی پشتئەستور بە تورکیا و ڕژێمی بەعسی سوریا و کۆنەبەعسیەکانی عیڕاق و ووڵاتانی سعودیە و قەتەڕ ئەو ئەرکەی پێیسپێردراوە بریتیە لەهێڕش کردنە سەرگەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان، پیلانەکان بەپێی داواکاری ووڵاتانی هەرێمی بەتەواوی جێبەجێ دەکات . ئەو ووڵاتانەی باسمانکرد ئەرکیان کۆکردنەوەی تیرۆریستانە لەهەموو جیهان و هێنانیان و پڕچەککردنیان و یارمەتیدانیانە بۆ شەڕکردن لەدژی گەلی کورد و داگیرکردنی ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆتایهێنان بەو سێ کانتۆنەی کە لەئەنجامی شۆڕشێکی میللی دروستبووە، ئەم جارەیان ماوەی زیاتر لە چوار هەفتەیە داعش و چەتەکانی ژێردەستی بەبەکارهێنانی تانک و چەکی قورس لەچەندین قۆڵی جیاوازەوە هێرش دەکەنە سەر شاری کۆبانی و دەوروبەری بەمەبەستی داگیرکردنی ئەو شارە و دابڕینی لە کانتۆنەکانی تر و دواتر دابڕینی هەرسێ کانتۆنەکە لەیەکتر، بەڵام بەهۆی بەرگری کردنی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و خۆڕاگری جەماوەری شارەکە، توانرا گۆڕەپانەکانی شەڕ بکرێتە گۆڕستانی ڕاسەقینە بۆ داعش و سەرجەم دوژمنانی کورد !
کۆبانی هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد شارێکە خاوەن مێژووێکی پرشنگدارە، ئەو بەرخۆدانە بێ وێنەیە هەر لەخۆی دەوەشێتەوە . سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشەکانی هێزە تیرۆریستیەکان بۆ سەر هەرێمی کۆبانی و بانگەوازی یەپەگە بۆ پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا بۆئەوەی پشتگیری گەلی کۆبانی بکەن و بەکردار بەرگری لەخاکی ووڵات بکەن، ئەوەی تێبینی دەکرێ حزبەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کاردانەوەکانیان لەچوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامەی بریقەدار و لەبەرکردنی جلی جوان و بەستنی بۆیمباخ - کاراڤات وەکو فەرمانبەرە حزبیەکان لە هوتێلە پێنچ ئەستێرەکان تێپەڕناکات ؟ پێوویستە حزبەکانی ئەجوومەنی ناوبراو ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن و بێنە گۆڕەپانی بەرگریکردن لەخاکی کوردستان، چونکە بەتەنیا هێشتنەوەی کۆبانی و هەرشوێنێکی تری خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارودۆخێکی بەمشێوەیەدا خیانەتە .
ئەو شەڕە شەڕێکە بەسەر گەلی کورد سەپێنراوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر گەلەکەمان، بۆیە مافی پاراستنی ڕەوا، بەرگریکردن لەڕۆژئاوای کوردستان وەک شەڕێکی عادیلانە پێوویستە ئەنجامبدرێ و مافێکی ڕەوایە، پێوویستە مامۆستایانی ئایینی بانگەوازی بەرگریکردن لەڕۆژئاوای کوردستان بکەن چونکە بەرگریکردن لەخاکی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان ئەرکە و جیهادی ڕاستەقینەیە، پێوویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە کوردیەکان و جەماوەری کورد لەهەمووبەشەکانی کوردستان بەکردار خاوەنداری لە کۆبانی و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و خاوەن هەڵوێست بین، دەرکردنی بەیاننامە سەردەمی بەسەرچووە، گەلی ئێمە لەرۆژئاوای کوردستان پێوویستی بەهەموو جۆرە یارمەتیەکی سەربازی لۆجستی مرۆیی و هتد . . هەیە، کۆبانی دەروازەی سەرهەڵدانە پشتگیری کردن و بەتەنیا نەهێشتنەوەی ئەرکی هەموومانە .