به‌رهه‌می دیدگاو هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش له‌ سیاسه‌تی كوردیدا ... ئه‌یوب جه‌لال ماوانی

 

 

 

بوونی گوتاری هاوبه‌ش، هه‌وێنی ته‌واوی ئه‌وبابه‌ت و بیروبۆچونانه‌یه‌ كه‌به‌رده‌وام له‌سه‌ر پرسی كورد ده‌نوسرێن و سه‌رنج ورای جیاوازی ده‌رباره‌وه‌ ده‌درێت. له‌گه‌ڵ فراوان بوونی پرسه‌كه‌ش هاوكات به‌گه‌وره‌بوونی قه‌واره‌ی كوردناسی و هه‌ڵس و كه‌وت له‌گه‌ڵ كردنی وه‌كو هێزێكی ئاشتی ویست و دیموكراسی خواز، هیچ جار به‌قه‌د ئێستا كوردو كێشه‌كه‌ی جێگای خۆیان له‌ناو موعاده‌له‌ی سیاسه‌تی جیهانی نه‌كردۆته‌وه‌. روداوه‌كانی دوای حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، بوونه‌ هۆكارێك كه‌به‌شی هه‌ره‌زۆری هه‌ڵوێسته‌ ناوه‌خۆیی یه‌كان بكاته‌یه‌ك و به‌ئاراسته‌ی چۆنیه‌تی به‌رپێگرتنی ئه‌م شه‌پۆله‌ مه‌ترسیداره‌ پاڵ پێوه‌بنێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندازه‌ی پێشبینیه‌كان ئه‌وكاته‌شی له‌گه‌ڵدابێت ته‌رجه‌مه‌نه‌كراوه‌ته‌ سه‌رواجب بوونی یه‌ك هه‌ڵوێستی نه‌گۆرو جێگیر به‌ڵكو جۆرێك له‌په‌راگه‌نبوونی تێدا ده‌بینرێت. له‌وماوه‌یه‌دا گه‌لێك مه‌سه‌له‌ یه‌كلایی بونه‌ته‌وه‌ كه‌ده‌كرێت پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌ی پی ده‌وڵه‌مه‌ندتربكرێت، تێگه‌یشتنی تازه‌ به‌رامبه‌ر عیراق و راده‌ی قه‌بول كردنی گۆرانكاریه‌كان ده‌بنه‌ ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه‌ی وابكات سیاسه‌ته‌كانی رابردوو بپێچێته‌وه‌ له‌بریدا روئیای نێوده‌وڵه‌تی بۆكێشه‌ی تیرۆرو چه‌سپاندنی دیموكراسی شوێنی بگرێته‌وه‌. كات له‌وه‌دره‌نگتر نیه‌ كورد سوود له‌رارایی و دودڵی ده‌وڵه‌ته‌هه‌رێمیه‌كان ببینێت، هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ووڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا رازی بكات به‌رێكه‌وتنێكی ستراتیژی درێژخایه‌ن كه‌باره‌گایه‌كی هه‌میشه‌یی سه‌ربازی له‌خاكی هه‌رێم بكاته‌وه‌ هاوشێوه‌ی ووڵاتانی به‌حرێن و قه‌ته‌ر كه‌نیوه‌ی مانه‌وه‌ی خۆیان و پاراستنیان له‌ده‌ست درێژی ده‌ره‌كی به‌بوونی سه‌ركردایه‌تی ناوه‌راست و ئۆستولی پێنجه‌می ئه‌مه‌ریكا ده‌زانن، له‌وه‌ زه‌رورتر نیه‌ مانه‌وه‌ی كاتیمان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌كاربهێنین و سود له‌وده‌ستوره‌ وه‌رگرین كه‌ حكومه‌تی عیراق به‌هۆیه‌وه‌، رێكه‌وتنامه‌ی ئه‌منی له‌گه‌ڵ واشنتن پی ده‌سته‌به‌ركرد له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی. باری سیاسی و جیۆپۆلیتیكی ئه‌مرۆی عیراق، ئاماژه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆیه‌ بۆدوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی كه‌له‌ 2003 رژێمی به‌عسیان پی روخاند بگره‌ هاوپه‌یمانێتی ئه‌نتی تیرۆر له‌هه‌مووسه‌رێكه‌وه‌ قه‌به‌تره‌، زۆرێك له‌ووڵاتان ئه‌گه‌ر به‌چه‌ند سه‌ربازێك وپێشكه‌ش كردنی پارچه‌ چه‌كێكیش بێت گه‌راونه‌ته‌وه‌و خۆیان بۆجه‌نگی چواره‌می تیرۆرو ووشك كردنی سه‌رچاوه‌ دارایی یه‌كانی ته‌رخان كردووه‌. هه‌ڵبژاردنی رێبازی سیاسی تایبه‌ت كه‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌رای نه‌بوونی هه‌ندێك پێویستی تر په‌یره‌وی لێكردووه‌، بوه‌ته‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بایه‌خه‌ به‌رچاوه‌ی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ دراوه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان به‌ مه‌شقپێكردنی و ته‌یار كردنی به‌ چه‌ك و تفاقی نوی، ئه‌وه‌ش گومان له‌شه‌رعیه‌ت بوونی پێشمه‌رگه‌ ناهێلێت كه‌ هێزێكی نیشتمانیه‌و خاك و خه‌ڵك له‌ تیرۆریستان ده‌پارێزێت. هه‌رێمی كوردستان به‌پێی سه‌رجه‌م پێوه‌ره‌كان له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری سه‌ربازی و ئابوریدایه‌، ده‌ربازبوونیله‌و دووبواره‌ش ڕه‌هنه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌ ئابوریه‌كان و به‌ده‌ست هێنانه‌وه‌ی ئه‌وناوچانه‌ی كوردستانیانه‌ی بونیان لای كورد مێژووكرده‌، پرسه‌ چه‌ندلایه‌نه‌كه‌مان ده‌مان گه‌رێنێته‌وه‌ بۆباری ناوه‌خۆیی و روبه‌روی چه‌ندپرسیارێكی جه‌وهه‌ریمان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌وڵامێكی راشكاوانه‌ی ته‌ندروست هه‌یه‌، ئێستا شه‌قامی كوردی به‌بی جیاوازی حه‌قیقه‌تێك ده‌زانن كه‌داعش دوژمنی یه‌ك ره‌نگه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌ و ماوه‌ی لێكدانه‌وه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وراستیه‌ بۆنه‌هێشتوینه‌ته‌وه‌، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌وسه‌روه‌ریه‌یه‌ كه‌دابه‌ش بوون ناخوازێت، ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت راگه‌یاندن و هه‌ڵوێستی ناوچونیه‌كه‌ كه‌ بۆنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی لێدێت، ئه‌وه‌ش بویه‌رێكه‌ داعش حسابی بۆنه‌كردووه‌؟!! له‌كاتێكدا هه‌رێم حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌یی خۆی هه‌یه‌و وه‌زاره‌تێك نوێنه‌رایه‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ كه‌مافی جوڵه‌پێكردن و بریاری هه‌یه‌ وسه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌مووهێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌، پرسیاری جیددی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌ی ئایا شتێكی ئاسایی و سروشتیه‌ پاراستنی سنوره‌كانی كوردستان تێكه‌ڵی ئاوازو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حزبیه‌كان بكرێت هه‌روه‌ك له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابین؟یان ده‌بێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌چاوی ئامانجێكی مه‌زنتربكرێت؟ له‌ هیچ سه‌روه‌ختێكدا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی لای تاكی كورد ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوه‌ته‌ سه‌ردێرو مانشێتی رۆژنامه‌كان وناوه‌نده‌كانی هه‌واڵی جیهانی، گرنگی پێدانه‌كه‌ له‌وه‌چوه‌ته‌ده‌ر له‌ قاوغی هه‌رێمدا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ باس ناكرێت ووردودرشتی له‌وراگه‌یاندنانه‌ ده‌بینینه‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه‌وچۆن بتوانین وه‌ری بگیرَینه‌ سه‌رخزمه‌ت كردن به‌ دۆزه‌ ره‌واكه‌مان و له‌كاتی گونجاوی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بكه‌ین. ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گشت به‌ره‌كانی جه‌نگدایه‌ وشه‌هیدو برینداری كردۆته‌قوربانی، ناردنی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانی پێش ئه‌وه‌ی پیشاندانی به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ بێت له‌دژی تیرۆر، خۆی له‌خۆیدا په‌یامێكی سیاسی گرنگ ده‌گه‌یه‌نێت و سه‌رده‌می كۆماری كوردستانمان به‌بیردێنێته‌وه‌ كه‌ هێزێكی له‌كوردستانی باشووربه‌هانای ئه‌وكۆماره‌وه‌چوو له‌تۆماره‌كانی مێژووی كوردا نه‌به‌ردی و پاڵپشتی سه‌ربازی وسیاسی ئه‌وان وه‌كو شانازی بۆمان ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وكات زه‌حمه‌ت ومشه‌ختی رێگا، پیلانی چوارگۆشه‌ دوژمنی سی لایه‌نه‌ بوببێت، ئێستا ده‌ست خۆشی و یاسایی بوونی وه‌رگرتووه‌ به‌بروای چاودێران مه‌سه‌له‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و هێڵه‌ گشتیانه‌ی كه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستێكی تر ده‌كاته‌ ئه‌مری واقیع، دیتنی كورد به‌یه‌كگرتووی، زامنی سه‌ركه‌وتنی ناوه‌خۆیی یه‌ ئینجا بۆ هاوپه‌یمانان كلیلی سه‌قامگیری ووڵاتێكه‌ كه‌ پێویستی به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی ئارام هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌تانی خودان ئاریشه‌ی وه‌كو سوریاو یه‌مه‌ن و لیبیا، هه‌ربه‌ته‌نها زاده‌ی نه‌بوونی بونیادی ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت نین به‌ڵكو روداوه‌كان ده‌ربری شه‌رێكی مه‌زهه‌بین به‌مانای ووشه‌ چه‌ندین ساڵ درێژه‌ ده‌كێشێت، له‌م دیوه‌یاندا ئه‌گه‌ر هاتوو عیراق به‌ كێشه‌داری چاره‌سه‌رنه‌كراو بمێنێته‌وه‌ به‌ بێگومانی ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌رخاڵی سه‌ره‌تا كه‌ئه‌وه‌شیان پێشهاتێكه‌ هاوپه‌یمانان هه‌رگیز نایانه‌وێت، مانه‌وه‌ی كورد به‌یه‌كریزی زامنی مسۆگه‌ركردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و به‌رهه‌می نه‌براوه‌ی ده‌بێت، دواتر بۆده‌وڵه‌تانی په‌یوه‌ندیدار ده‌بێته‌ كارتی چاره‌سه‌ركردنی زۆربه‌ی ئاریشه‌كان به‌تایبه‌تی كاتی تیرۆر بنه‌بر ده‌كرێت وهه‌رێمێك یاخود چه‌ند هه‌رێمێكی تر دروست ده‌بن.

 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌. 

 

 

 

Related Articles