هەرچەندە هێشتا ئەنجامی تەواوەتی دەنگدان ئاشکرا نەکراوە بەڵام بەپێی ئاماژەکان دەنگی گۆڕان لە شاری هەولێر کەمیکردووە، ئەمە ئەگەر لەروانگەی گۆڕینی ئەنجامی هەموو هەڵبژاردنێکەوە تەماشابکرێت کە روودەدات شتێکی ئاساییە، بەڵام بۆچی لای من ئاسایی نیە:
- ماوەی 21-9 و 30-4 تەنها 7 مانگ و 9 رۆژە، واتە ماوەیەکی زۆر نیە بەنیسبەت بڕیار گۆڕینی دەنگدەرەوە.
- گۆران هێشتا نەرۆشتۆتە حکومەتەوە، نەپۆستی وەرگرتوە، نەکارمەندەکانی گەندەڵی گەورە گەورەیانکردوە تا خەڵک سزایان بدات (لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدان و تا بینەقاقای بەرپرس و حکومەتەکانیان لەگەندەڵیدا رۆچۆن و خەڵکیش هەر متمانەیان پێدەبەخشێت) ئەوەی هەیەو نیە گۆڕان وەرەقەیەکی ئیمزاکردووەو هیچی تر.
- گۆڕان ماوەی 4 ساڵە خەڵک لەسەر بودجە، نەوت، داهات، گەندەڵی هوشیاردەکاتەوە خێرە بە چەند مانگێک خەڵک متمانەی پێینەما (کەچی چارەکە سەدەیەکە دەسەڵات بەردەوام درۆ بۆ خەڵک دەکەن کەچی هەر متمانە وەردەگرنەوە) !
- گۆڕان یەکەمجار گەنجێکی خوێندەواری مامۆستای زانکۆی بێ پێشینەی شۆڕشگێڕی کردە سەرۆکی پەرلەمان کە ئەمەش لەخەون دەچوو، کە دەبوو ئەم رووداوە دەنگەکانی گۆڕانی زیاتر بکردایە!
هەربۆیە ئەوەی روویداوە نا ئاسایی بوو، بەڵام هۆکاری روودانی ئەوە چی بوو؟ بەبروای من چەند خاڵێکە: - هەڵەی گەورە رێککەوتنی 17ی نیسانی پارتی و گۆڕان نەبوو بۆ حکومەت، بەڵکو تەوقیتی رێککەوتنەکەبوو، دۆخێکی هەڵبژاردن هەیە، حەماسەت زاڵە، بانگەشە بڕیار دەگۆڕێت، تۆ بێیت و لەوکاتەدا رێککەوتنێک لەگەڵ پارتیدا ئیمزابکەیت (کەبەبروای من رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ گۆران) ئەمە کێشەکەیە، کێشەکە لەخودی رێککەوتننامەکە نیە، کێشەکە لەتەوقیتەکەدا بوو، کەچی یەکگرتوو لە دواین رۆژەکاندا ئەو رێککەوتنەی ئیمزاکردو خۆی لەدەرهاوێشتەکانی رزگارکرد.
- کاندیدکردنی بەرێوەبەری کەناڵی knn کە سەرپەرشتی چەند کەمپینێکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوی کردبوو کەچی لە کەمپینی هەڵبژاردنەدا بەدوربو، ئەمەش کاریگەری کردبووە سەر پەیامی کەناڵەکە.
- رۆڵی خراپی پەرلەمانتارانی گۆڕان، ئەوانەی 7 مانگ بێ ئەوەی هیچ دانشتنێک بکەن موچەیان وەردەگرت و جیانەکردنەوەیان لەپەرلەمانتارانی تر، بێ ئەوەی هیچ دەستپێشخەرییەک بکەن و رای گشتی لەبەرژەوەنی گۆڕان بجوڵێنن، بەجیاواز لە پەرلەمانتارانی تری گۆڕان کە لە 30 حوزەیران دەستکەوتی گەورەیان بۆ گۆڕان دەستەبەرکرد.
- کاندیدکردنی کەسانی نەشیاو ناشارەزاو بێ کاریگەر لەهەولێر کە هەندێکیان بەهۆی ناسیاوی و برادەرایەتیەوە دانرابوون.
- یەکێتی لەوەدا سەرکەوتووبوو کە هەموو گۆڕانی بە کێشەی بەرێز (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر) ەوە خەریکردبوو.
- نەمانی ئەو رۆحە حەماسیەی گۆڕان کە هەمیشە بە دەنگدەرانیەوە دەناسرانەوەو هاننەدانیان بەوەی کە رۆشتنە حکومەت کۆتایی هەموو شتێک نیە.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا گۆڕان 4 ساڵی بەئارامی لەبەردەستدایە بۆ پێداچونەوە بە هەڵەو سیاسەتەکانی خۆی و گۆڕینی خیتابی سیاسی و ئیعلامی خۆی لە خیتابی هوشیارکردنەوەی خەڵک (چونکە ئیتر پێویست ناکات خەڵک لە چۆنێتی دزینی داهات و نەوت و گەندەڵی ئاگاداربکرێتەوە خەڵک ئێستا هەموو شتێک دەزانێت) بەڵکو کار بکا و سیستەم و شێوازی ژیانی ئیداری وسیاسی ئەو وەزارەتانە بگۆڕێت کە وەریدەگرێت بۆ ئەوەی لە ساڵی 2018 باسی دەستکەوتەکانی بکات و دەنگ بەدەستبهێنێت!
لە پێگەی فەیسبوکی هێمن مەحمود وەرگیراوە
https://www.facebook.com/hemn.mahmudhama?fref=nf