کەس نیە لە ئێمە بیری لەم دەستە واژەیە نەکردبێتەوە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت لە ژیاندا،هەندێکیشمان سەرەڕای بیرکردنەوەمان لە ئازادی بەشداریمان لە گۆڕەپانەکانی ئازادیدا کردووە بۆ هێنانەدی ئەم ئاواتە و ئەم بەخششە گەورەیە ، بۆسەر ئەرزی واقعی کۆمەڵایەتی.ئێمەش وەک هەرتاکێک یەکەم کەس نین کە باس لەم چەمکە بکەین و بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگڵدا بکەین .هەرچندە باس لەم بابەتە بکەین هەست دەکەین قسەکانمان کۆتاییە ،لە باس کردنی پڕاو پڕی ئەم دەستە واژەیە ،کاتێک دەگەینە ڕاستەقینە وچییەتی ئازادی و ئەو ڕۆڵەی کە دە یگێڕێت لەبزوتنەوەی ژیانی دەرونی و ئاکاری مرۆڤدا .دەبینیت قسەکانمان کۆتاییە لە بواری هۆکاردا بۆ وەدی هێنانی ئەم ئامانجە .ئازادی جارێک دابەش دەبێت بۆ ئازادییە مافەوانیەکان،ئازدییە فیکرییە کان یان ئازادی دەرەکیو ڕزگار بوون .جاری واش هەیە دەکەوێتە بەرامبەر بەندایەتیەوە،یان دەکەوێتە بەرامبەر دیلیەوە یان دەکەوێتە بەرامبەر یاساوە جاری واش هەیە بەرامبەر یەک دەکەوێتە نێوان ئازادی وهەست کردن بە ئازادی یان دەکەوێتە بەرامبەر چەوسانەوە یان دەکەوێتە بەرامبەر دیموکراتی یان بە مانای خودی دیموکراتیە،یان جارێک بە مانای ڕاستەقینە دێت و وە جارێکیش بە مانای واقیع.لە ڕوانگەی هەندێک قوتابخانەی فیکری ڕۆژ ئاواییەوە باڵ گرتنی ڕۆحی ڕەهایە بۆجیهانی بوون ،بەرەو ئازادی دەڕواو ئازادی ئەوجی ڕەها بوونی مرۆڤە.
پێدەچێت لێرەدا بەگشتی نەتوانین مانای تەواوی ئازادی بدەین یان بە مانایەک هەموو جومگەکانی ئازادی شرۆڤە بکەین .ئازادی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا لە سەرەتادایە و زۆرکات وبارو دۆخی گونجاوی تایبەت بە ئازادیمان پێویست دەبێت ،تا بتوانین لە لای ئێمەش وەک هەر تاکێک و وەک هەر کۆمەڵگەیەک بتوانین مانایە ک بە ئازادی بدەین ،یان بە شێوازێک ئازادی ئاشت کەینەوە .ئەمەش سەرەتا لەمافی تاکەکەسی وپێگەیاندنی تاک و ڕاهێنانی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەم چەمکە بەها دارەو دواتر گۆڕینی دەسەڵاتی حوکم ڕانی و ئاشنا بوون بە چالاکی وبەهاکرداریەکانی ئازادییە.
ئازادی پێدەچێت بۆ هەندێک کۆمەڵگا لە ئەوجی ڕەهابوونی خۆیدابێت ومامەڵەی تەواوی لەگەڵدابکرێت ولە ڕوی کرداریەوە خوێندنەوە بۆ هەموو جومگەو لقەکانی
بکرێت یان کرابێت،بۆ هەندێ کۆمەڵگاش تەنیا خەیاڵ یان ئاواتی قومێک ئاو بێت لە بیابانێکی سەرابیدا،وەلەسەر ئاستی تاک خۆ سەر قەبڵاخ نانی خۆی بێت لەو ژینگەیەی کە لێی دەژی.ئەگەر بۆ ئەم دوو جۆرە کۆمەڵگا ئەم مانایانەی هەبێت ئەوا ئازادی بۆ کۆمەڵگای کوردی هێشتا لە قۆناغی یەکتر ناسین دایە ودزەکردنیتی لەژێر باڵی سیاسەتی حوکم ڕانی ودەسەڵاتی ئەمڕۆیی کۆمەلگای کوردیدا .
پێچ دانیەتی لەگەڵ ڕۆژگاری تەمو مژاوی و ململانێی دەسەڵاتی سیاسی ئەمڕۆ.
بۆیە ئازادی لە ڕونگەی تەواوی کۆمەڵگەی ئازادی خوازدا و بەتایبەت بارو دۆخی نەرێنی ئەمڕۆی ئازادی کۆمەڵگای ئێمە .تەنها مانایەک کە هەبێت ئەوە ئەو مانایە کە بریتیە لە توانای مرۆڤ بۆ پیادەکردنی هەڵبژاردنی ئازاد بۆ گوتن وکردن و ئەنجامدانی ئەو شتانەی بە ڕاستیان دەزانێت ،بەبێ توانای هەڵبژاردنی ئازاد هیچ مانایەک بۆ چەمکی ئازادی نامێنێتەوە.ئازادی لێرەدامانای ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ئەو شتانە بکات کە دەخوازێت بیانکات،بەبێ ئەوەی کەسێک هێزێک ،لایەنێک هەبێت ڕێی لێ بگرێت وسنوری بۆ دابنێت .بێگومان باس کردنی ئازادی وەک چەمک ڕوبەرێکی ڕەهای بێ سنور ناڕاستە وسنور دار کردنی ئازادی پێداویستیەکی کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی گەورەیە ، بەڵام ئەوەی سنور بۆ ئازادی دەکێشێت دەبێت خودی ئازادی خۆی بێت.مرۆڤ پێویستە ئازادی ئەوەی هەبێت ئەو شتانە بکات کە دەیەوێت بیانکات،بەمەرجێک ئەم ئازادیە ئازاری ئازادی کەسانی دی نەدات.مرۆڤ تا ئەو شوێنە ئازادە کە سنوری ئازادی کەسێکی دیکە دەست پێ دەکات.لێرەدا مەبەست لە سنور دانان بۆ ئازادی تەنیا لە ڕێگەو ڕوانگی ئازادی خۆیەوە ئەو خالەیە کاتێک مرۆڤ لە هەوای ئازادیدا دەگاتە ئەوجی خۆی و باڵ لێدەدات ، وێنەیەکی تایبەت ئامادەیە ،وێنەیەک مرۆڤ وەک بونەوەرێک بتوانێت بە پێی بەها مروڤیەکانی خۆی لەنێو ململانێی چەمکەکاندا وێنەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوەو دووبارە خۆی بەرهەم بهێنێت وەک تاک یان بونەوەرێکی ئازاد.کە دەستی باڵای هەبێت لە هەڵبژاردنی چەمکە فیکری و دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان کە لە بەرزترین ئەو چەمکانەن پەیوەندیان بە مرۆڤەوە هەیە.ئەوەی وا دەکات مرۆڤ ئازاد بێت ئەوە تەنیا هەڵبژاردنی ئازادانەی مرۆڤە نەک ئەو هەژمونە سیاسی و کۆمەڵایەتی ودینی و فەرهەنگی وکلتوریە کە هەر یەکەیان لە چوار چێوەیەکدا مانایەک بە مرۆڤ دەدەن ولەوێنەی ئازادی مرۆڤ دەدوێن.لێرەدا ماوەتەوە بڵێین ئەوەی وێنەی مانەوە بە مرۆڤ دەدات گەڕان و پشکنینە بۆ ئازادی وقبوڵکردنی بەهاو چەمکەکانی ئازادیە، کەوێنەیەک لە مرۆڤی تەندروست بەرهەم دێنێت.هەمیشە ئامادەی پرسیار کردن و ڕەخنەو قبوڵکردنی ڕەخنەو بەر پرسیارێتیە مرۆڤیەکانە بە مانایەک مانا بە هەموو چەمک و واتایەکی دیکە دەداو ئامادەیی ڕوبە ڕوبونەوەو ململانێی تیایە ولەسەروشیانەوە بەهای ئازادی قوڵتر دەکاتەوە....
...........................