له پۆله‌كه‌م كه له نهۆمی دووه‌م دایه سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ین له وانه‌یه‌ك كه له كیمیا یا بیركاری ده‌چێت، هاوپۆڵهكانم ئه‌و منداڵانه‌ن كه له قۆناغی سه‌ره‌تایی یا ده‌شی له شوێنێكی تر بینیومن، مامۆستاكه كه چاویلكه‌یه‌كی ره‌شی گه‌وره‌ی له چاوه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان به روومان ده‌تریقێته‌وه، به ده‌م پرسیارێكه‌وه كه ته‌نها ساینی پۆی گۆشه‌یه‌كی سێگۆشه‌ی تیا دراوه داده‌مێنم، بیرم به‌لای ئه‌و بڵقه كهفانهوه ده‌چێت كه منداڵان به‌سه‌ر كۆسپه‌ی ماڵه‌كانه‌وه به قامیش فووی تیا ده‌كه‌ن، بۆنی نه‌خۆشخانه له پۆڵهكهمانهوه دێت، جریوه‌ی پاسارییه‌كانی ناو لق و پۆپی دره‌خته به‌رزه‌كانی سه‌ر شۆسته كه بۆنی دهشتهكانیان لی دی له‌گه‌ڵ خۆیدا ئێواره ده‌ڕژێنێته ناو پۆڵ، خه‌و له‌سه‌ر ته‌خته‌ی دانیشتن ده‌مباته‌وه، خه‌و ده‌بینم، . . . . . . . ، راده‌چڵه‌كێم، له په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌كه‌وه به گوریسێك كه هاوه‌ڵێكم پارسه‌نگم راده‌گری شۆڕده‌بمه‌وه ناو باخچه‌ی قوتابخانه، له رێگادا له‌و پاسانه‌وه ده‌ڕوانم كه خه‌ڵكانێك تێكڕا له په‌نجه‌ره‌كانیانه‌وه به یه‌ك ده‌نگ ناوم ده‌هێنن، به‌سه‌ر عارهبانهكانهوه كه پیره‌مێرده‌كان رایانده‌كێشن به‌ده‌م بنێشت جوینه‌وه ئافره‌تان گۆرانی ده‌ڵێن، له تابلۆی سه‌ر دوكانه‌كان به رووناكی ناوی ئه‌و قوتابییانه ده‌نووسرێت كه له ئاهه‌نگێكی شه‌وانه خه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت، له بڵندگۆی مزگه‌وته‌كانه‌وه ده‌نكی دوعای باران بارین ترس ده‌خاته دڵه‌كان، هه‌ست به شه‌كه‌تییه‌ك ده‌كه‌م، له كوچه‌كانی كۆڵانێكا وون ده‌بم كه ژنان له‌به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كاندا به فنجانی قاوه به‌ختی یه‌كتر ده‌خوێننه‌وه، ئێواره به‌ر ده‌رگای ماڵمان به خه‌ڵكانێكی نامۆ گیراوه، به كه‌لێنی قاچه‌كاندا خۆم ده‌خزێنمه ناو ماڵ، دایكم كه سه‌ری به چهفیهیهكی سپی داپۆشراوه و زۆر له جاران پیرتر دێته به‌رچاو، له‌سه‌ر به‌رماڵێك كه به كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت ده‌ورداوه كه به ده‌م دروستكردنی لیفكهوه به چرپه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا باس له خۆپیشاندانه‌كانی سوریا و دۆزینه‌وه‌كانی به‌م دواییه‌ی گه‌ردوونی و بابه‌تی نه‌زۆكی ده‌كه‌ن، باوكم به‌رامبه‌ر حهشاماتێكهوه له حه‌وشه‌ی ماڵ به‌سه‌ر مێزێكهوه وه‌ستاوه و به‌به‌ر رووناكی گڵۆپێكهوه به په‌رۆشه‌وه باس له دیارده‌ی داماڵین و بهردهڵاكی كۆنترین بزنه كێوی و نه‌خۆشی شێتیی مانگاوه ده‌كات، وورد ده‌بمه‌وه، حه‌وشه‌كه‌مان له هۆڵی وانه گوتنه‌وه ده‌چێت، تێبینی ده‌كه‌م كه باوكم هه‌ر مامۆستاكه‌ی خۆمانه، من هه‌ر بیرم به‌لای پرسیاره‌كانه‌وه ده‌چی، به نهێنی ده‌خزێمه گه‌رماوی ماڵ و له سووچێكدا له‌سه‌ر چیچك داده‌نیشم، بۆ ساتێك ده‌بوورێمه‌وه، خه‌و به‌و كه‌شتیانه‌وه ده‌بینم كه له به‌نده‌ری كه‌ناره‌كاندا له‌نگه‌ر ده‌گرن و به‌یانیان زوو له‌گه‌ڵ قیڕه‌ی قوڵینگهكان به بار و مسافیران جمه‌یان دێت و بۆ دورگه‌كانی ژیان سه‌رهه‌ڵده‌گرن، رووی مامۆستا كه تووڕیی به ئاشكرا له چاوه‌كانیا دیاره به‌ره به‌ره گه‌وره ده‌بی تا پۆله‌كه به ته‌واوی پڕ ده‌كاته‌وه، رادهچڵكێم، هه‌ست به هێڵنج هاتنه‌وه ده‌كه‌م، ده‌نگی ئافره‌تێك هه‌ر بۆ به قسه‌هێنان له ناونیشانی ماڵه‌كه‌مان ده‌پرسێت، هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامی بده‌مه‌وه، به‌ڵام هه‌ست به قورسیی زمانم ده‌كه‌م، بیر له چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی به‌رزیی سێگۆشه‌یه‌كی جووت لا ده‌كه‌مه‌وه، نرخی كۆساینی 45 پله، به‌رامبه‌ر ته‌خته ره‌شه‌كه سه‌ری مامۆستاكه‌م له سێگۆشه‌یه‌ك ده‌چی، بزه‌یه‌ك دامدهگری، له‌گه‌ڵ وورته وورتی هاوه‌ڵانی پۆلهكهما وه‌ئاگا دێم كه به‌سه‌ر سه‌رما وه‌ستاون، رووی پزیشكێك به‌ره به‌ره له‌پێش چاوما روونتر ده‌بێته‌وه كه به ئاماده‌بووان ده‌ڵی: به‌ڕێزان تكایه هێمنی بپارێزن، شڵه‌ژانی ناوی، ئه‌مه ته‌نها ووڕێنهیه له ئه‌نجامی تا، ئاسایییه ئه‌وه‌ی دووچاری هه‌وكردنی ڤایرۆسیی جگه‌ر بێت تایه‌كه‌ی زۆر به‌رز ده‌بێت.