هۆ کاکی پێشمه‌رگه، هۆ خوشکی پێشمه‌رگه؛ به‌سکی برسی، به‌بێ موچه، به‌دڵی غه‌مگین و کۆڵێک ڕه‌خنه و گله‌یی له ناعه‌داله‌تی و کاربه‌ده‌ستانى کوردستان، ده‌ستان دایه‌وه تفه‌نگ و چونه‌وه مه‌ته‌رێزی شه‌ره‌فی به‌رگری له خاکی کوردستان.
ئاگادار بن قۆناغی به‌رگریمان به‌ڕوو سووری و سه‌ربه‌رزانه ڕه‌ت کرد، پێمان ناوه‌ته قۆناغی هه‌ڵمه‌تی پاکسازی سه‌ره‌تا سنووره‌کانی کوردستان و ئه‌وجا نێو ماڵی خۆمان.
قوربانی ده‌ست و تفه‌نگتان بم، سه‌رمان پیتان به‌رزه. نیشانی دنیاتاندا که توانیتان ده‌روه‌ستی دڕه‌نده‌ترین داگیر که‌ر و به هێزترین چه‌کی دنیا ببنه‌وه. له كاتى هه‌ڵمه‌ت بردندا خۆتان بپارێزن له‌و کارانه‌ی له به‌های مرۆڤ دۆستیتان که‌م ده‌که‌نه‌وه. تکایه مرۆڤ دۆستانه مامه‌ڵه له‌گه‌ل ژن، منداڵ، پیر و په‌که‌وته بکه‌ن. هه‌ر بریندار و دیلێک که‌وته به‌رده‌ستان به خوو ره‌وشتی به‌رزيتان له‌گه‌ڵیاندا سه‌رنجی دنیا ڕاکێشن. به حورمه‌ته‌وه ته‌رمه‌کانیان وه‌ک مرۆڤ ژێر خاک بخه‌ن، ژینگه پاریزانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سروشت و گیانله‌به‌رانی کوردستان بکه‌ن. خۆ دووره په‌رێز بگرن له سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکی، سامان و شوینه گشتیه‌کان له تاڵانی دز و جه‌رده بپارێزن. ڕۆژی هه‌لمه‌ت بردنه، هیچ ڕه‌حم به داگیرکه‌ران مه‌که‌ن، ده‌رسیکیان ده‌ن که هه‌تا هه‌تایه که‌س زات نه‌کات قه‌ره‌ی خۆی له قه‌ره‌ی کورد بداته‌وه.
له دوای گه‌رانه‌وه‌تان گوڵبارانتان ده‌که‌ین و ناوچاوانتان ماچ ده‌که‌ین، پێشمان که‌ون بۆ پاکسازی نێو ماڵی کورد. سارد مه‌بنه‌وه له هه‌ڵمه‌ت بردن تا ئه‌و ئامانجانه‌ی که خوشک و براکانمان له پێناویدا شه‌هید بوون به‌دی دێنین.
ئێوه بناغه‌ی یه‌کریزی ماڵی کوردن، ڕا مه‌وه‌ستن تا خۆتان له موڵکی حزبه‌کان ڕزگار ده‌که‌ن و سوپای پارێزگاری کوردستان دا‌ده‌مه‌زرێنن.
سه‌رکه‌وتن بۆ کوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌یه چونکا خوا له‌گه‌ڵ خۆراگران و ئارامگرانه،
بڕۆن بۆ پێشه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندی قۆناغی ژێر ده‌ستی، کۆیلایه‌تی و ڕزگاری یه‌کجاری خاکی کوردستان و سه‌ربه‌خۆبوونی دانیشتوانه‌که‌ی.
بژی کوردستان
بژی پێشمه‌رگه
براتان
خالید ئاسنگه‌ر
له‌بری داکۆکی که‌ران له مافی مرۆڤ و جینۆساید کراوان
٧ی سه‌پتێمبه‌ری ٢٠١٤
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.