(حه‌مكۆ شۆ)، ته‌نیا شه‌ش به‌رنامه‌ی لی پێشكه‌شكراوه، كه‌چی مشتومه‌ڕێكی زۆری له‌نێو هونه‌رمه‌ندان و تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نایه‌وه، زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانی هونه‌رمه‌ندان پێیان وایه "ئه‌وه‌ی حه‌مكۆ ده‌یكات گاڵته‌جارییه" له‌به‌رامبه‌ردا حه‌مكۆ ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له‌من ده‌گرن ده‌ستبه‌تاڵن و ره‌خنه له ده‌ستپڕ ده‌گرن".
(حه‌مكۆ شۆ)، به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ریی كۆمیدیه هه‌فتانه له كه‌ناڵی كوردماكس پێشكه‌ش ده‌كری، كه له‌سیناریۆ و ده‌رهێنانی ئه‌كته‌ری كۆمیدی حه‌مكۆیه و هه‌ر خۆیشی رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه له‌نواندندا، ئێستا ئه‌م به‌رنامه‌یه كه‌وتۆته به‌ر ره‌خنه‌یه‌كی توندی هونه‌رمه‌ندان، به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی بواری كۆمیدی.
حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان كه ره‌خنه‌گرێكی بواری شانۆ و سینه‌مایه به (سڤیل) ـی راگه‌یاند، ئه‌وه‌ی حه‌مكۆ ده‌یكات به‌هیچ پێوه‌ر و بنه‌مایه‌ك ناچێته قاڵبی هونه‌ری كۆمیدیا و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی حه‌مكۆ ده‌یكات ته‌نیا بۆ به‌رنامه‌یه‌كی بازڕگانی و گاڵته‌جارییه، ئه‌و هیچی پێ نه‌ماوه نیشانمان بدات، بۆیه به‌بڕوای من حه‌مكۆ له‌م به‌رنامه‌یه‌دا ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه و بڵێت من ماوم له‌سه‌ر حیسابی هونه‌رێكی كرج و كاڵ، به‌ڵام من پێم وایه حه‌مكۆ كۆتایی هاتووه، چونكه ئه‌و كاره‌ی كه پێشكه‌شمان ده‌كات له به‌رنامه‌كه‌ی گاڵته‌جارییه‌كی ته‌واوه". هه‌روه‌ها حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان گوتیشی "من چه‌ند ساڵێكه باسی ئه‌وه‌م كردووه كه‌سانێك له كوردستان په‌یدا بوونه ده‌یانه‌وی نانی كۆمیدیا بخۆن، به‌ڵام هونه‌ری كۆمیدیایان لای خه‌ڵك ناشرین كردووه، پێویسته ئه‌وانه رێ‌یان لی بگیردرێت و بواری ئیشكردنیان پێ نه‌درێت".
ده‌رهێنه‌ر هیوا سوعاد، كه به‌وه ناسراوه زیاتر له‌بواری شانۆگه‌ری كۆمیدیا كار ده‌كات و چه‌ند جارێكیش شانۆگه‌ری كۆمیدی پێشكه‌ش كردووه، له لێدوانێكیدا بۆ (سڤیل) ئه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، شانۆیی كۆمیدیا و ته‌راژیدیا هه‌ر یه‌ك فۆرمه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵی ئیشكردن له‌شانۆی كۆمیدیا زۆر قورستره له‌شانۆی تراژیدیا نموونه ده‌ینێته‌وه و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر كه‌سێك خۆی نوكته‌باز نه‌بێت ناتوانی له‌گێرانه‌وه‌ی نوكته خه‌ڵك به‌پێكه‌نین بێنی، پێویسته ئه‌كته‌ری كۆمیدی به‌حاله‌ت و مه‌وزوع خه‌ڵك به‌پێكه‌نین بخات، نه‌ك به‌گۆرینی شێوازی ده‌موچاو و له‌شولار، پاشان ده‌رهێنه‌ر بابه‌تی زۆر بۆ ئه‌كته‌ر دروست بكات، ئه‌گه‌ر وابكات و شێوازی ئیشكردنی خۆی بگۆڕێت من پێم وایه حه‌مكۆ ئه‌وه‌ی تێدایه ببێته ئه‌كته‌رێكی باشی كۆمیدیا له‌كوردستان و جه‌ماوه‌رێكی زۆر باشی ده‌بێت".
هیوا سوعاد، له‌باره‌ی حه‌مكۆ ده‌ڵێت "ئه‌و ئه‌كته‌رێكی كۆمیدی به‌توانایه، به‌ڵام به مه‌رجێك له‌ده‌ق لانه‌دا و ره‌چاوی رێنمایه‌كانی ده‌رهێنه‌ر بكات و ده‌ست بۆ بابه‌ت و سیناریۆی باش ببات، من ته‌نیا له فه‌یسبووك چه‌ند دیمه‌نێكی به‌رنامه‌كه‌م بینیووه، كه تێیدا حه‌مكۆم به‌لاوازی بینی".
ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ره‌خنه له‌به‌رنامه‌كه ده‌گرن، حه‌مكۆ به كه‌سانی "ده‌ست به‌تاڵ" وه‌سفیان ده‌كات و به (سڤیل) ـی راگه‌یاند "ده‌ست به‌تاڵ ره‌خنه له‌ده‌ستپڕ ده‌گری، ئه‌وه‌ی گیرفانی به تاڵه ره‌خنه له‌گیرفانێك ده‌گری و ره‌قی له‌گیرفانێك ده‌بێته‌وه كه پڕه، له‌به‌رئه‌وه‌ی من به‌رهه‌مم هه‌یه و نه‌وه‌ستاوم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌ستیان به‌تاڵه دێن ره‌خنه له‌من ده‌گرن".
حه‌مكۆ ده‌ڵێت "من پێم سه‌یره مامۆستاكانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان دژایه‌تیم ده‌كه‌ن كه‌چی منداڵه‌كانیان ده‌ستخۆشیم لی ده‌كه‌ن و گوی بۆ قسه‌كانی باوكیان ناگرن و موعجیبی خۆیان بۆمن نیشان ده‌ده‌ن، بۆ نموونه له‌م رۆژانه كوڕه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان نامه‌ی بۆ ناردووم داوا ده‌كات بێته به‌رنامه‌كه‌م دا‌نیشێت، جگه له‌ده‌ستخۆشییه‌كی زۆریش".
حه‌مكۆ رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و كارێكی زۆر گه‌وره ده‌كات كه به هونه‌رمه‌ندانی دیكه ناكرێت و گوتی "به‌رنامه‌كه‌ی من هه‌م شانۆیه، هه‌م به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی".
به‌ڵام هیوا سوعاد ئه‌وه ده‌خاته‌روو كه ئه‌وه‌ی ئێستا حه‌مكۆ له‌به‌رنامه‌كه‌ی پێشكه‌شمان ده‌كات ته‌نیا به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنییه نه‌ك شانۆ، چونكه شانۆ چه‌ند بنه‌ما و پێوه‌رێكی هه‌یه، كه له‌به‌رنامه‌كه‌ی حه‌مكۆدا نییه.
ئه‌وه‌ی زیاتر حه‌مكۆ نیگه‌ران ده‌كات ئه‌وه‌یه كه هونه‌رمه‌ندان زوو حكومی مردنیان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه و به‌بی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی به‌رنامه‌كانی دیكه بكه‌ن و ده‌ڵێت "ئه‌و راپۆرته و ره‌خنه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كان له‌كاتی خۆیدا نییه، پێویست بوو چاوه‌ڕی بكه‌ن، من ته‌نیا شه‌ش ئه‌ڵقه‌م پێشكه‌ش كردووه، بزانن له ئه‌ڵقه‌كانی داهاتوو چیم كردووه ئینجا بڕیار بده‌ن، بۆیه من ئه‌و به دژایه‌تی ده‌بینم، بۆ نموونه خوای گه‌وره كاتێك ده‌بینی به‌نده‌كه‌ی هه‌ڵه ده‌كات یه‌كسه‌ر نایكوژێت ده‌رفه‌تی دیكه‌ی پێ ده‌دات كه بووه 20 هه‌ڵه ئینجا خوا ده‌یكوژێت و یان سزای ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه و حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان چۆن وا زوو حوكمی مردنی منیان دا".
ئه‌و باسی به‌هێزی به‌نامه‌كه‌ی ده‌كات كه له‌به‌ر فشاری زۆری بینه‌ر، ئه‌وان له‌هۆڵی بچووك ده‌رهاتوون و ئێستا له‌هۆڵی میدیا به‌رنامه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن "چونكه دوای نیشاندانی ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌مم بینه‌رم زۆر زۆر بوو، له ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌م 30 بینه‌ر بوون، كه‌چی له ئه‌ڵقه‌كانی دیكه‌دا شوێن نییه و بینه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتووه، ناچار بووین چووین بۆ هۆڵی میدیا، كه شوێنی 1000 بینه‌ر ده‌بێت، دڵنیاشم ئه‌وێش پڕ ده‌بێت، ئێمه بلیتی چوونه ژووره‌وه‌مان كردووه به 100 دینار دیسان بینه‌ر زۆر زۆره، دڵنیام ئه‌گه‌ر بیكه‌ین به 10000 ده هه‌زار هه‌ر بینه‌ر دێت". حه‌مكۆ زۆر به بڕوا به‌خۆبوونه‌وه گوتیشی "دڵنیام ماوه‌یه‌كی دیكه‌م ئه‌م به‌رنامه‌یه‌م ده‌بێته ماركه، وه‌زیره‌كان و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیش دێنه ناو به‌رنامه‌كه‌م و له‌وانه‌یه جه‌نابی سه‌رۆكیش بێته به‌رنامه‌كه‌م، دڵنیام به‌مزووانه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌هه‌موو كوردستان".
دواجار حه‌مكۆ پرسیارێكی خسته‌روو و گوتی "ئه‌گه‌ر حه‌مكۆ كۆتایی پێهاتبی ئه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ریش كۆتایی پێهاتووه؟ ئه‌گه‌ر كۆتایی پێهاتووه بۆچی جه‌ماوه‌ر دوام كه‌وتوون؟ دواجار من ئیش بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌م نه‌ك هونه‌رمه‌ندان و ره‌خنه‌گران، هه‌تا جه‌ماوه‌ر هه‌بی حه‌مكۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌تا دوو ساڵی دیكه گرێبه‌ستم كردووه و ئه‌م به‌رنامه‌یه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت".
حه‌مه‌سوار عه‌زیز وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك و ره‌خنه‌گرێكی شانۆیی ده‌ڵێت "به بڕوای من حه‌مكۆی جاران زۆر باشتر بوو له حه‌مكۆی ئێستا، جاران حه‌مكۆ له‌سه‌رده‌مێك په‌یدا بوو له‌گه‌ڵ هه‌ژاری خه‌ڵك و خراپی بژێوی ژیانی خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌و به ته‌كنیك و كه‌ره‌سته‌یه‌كی لاواز هیچ نه‌بی ده‌یتوانی خه‌ڵك به‌پێكه‌نین بێنی و تۆزێك له‌خه‌می ژیان دووریان بخاته‌وه، ئه‌گه‌رچی من له‌گه‌ڵ به‌شێكی چیرۆك و سیناریۆكانی ئه‌وكاتیشی نه‌بووم، به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌رده‌م حه‌مكۆ قبوڵ بوو، كه‌چی ئێستا حه‌مكۆ بیه‌وێت له 2014 ئه‌م كارانه بكاته‌وه هه‌رگیز جێی قبوڵكردن نییه و لێی وه‌رناگیرێت".
هه‌روه‌ها حه‌مه‌سوار ده‌شڵێت "به‌رنامه‌كه‌ی خه‌مكۆ شانۆ نییه و برگه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی و تیجارییه، هه‌رچه‌نده تیجاری له‌كاری هونه‌ریدا به ئاسایی ده‌بینم، بۆ نموونه عادل ئیمام كه‌س ناتوانی بڵێت هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌كادیمی و به‌توانای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی كاره‌كانی به‌م شێوه تیجاریه‌یه، به‌ڵام نابی له‌ژێر په‌رده‌ی كۆمیدیا سوكایه‌تی هه‌بی، ده‌بی كه‌سه خراپه‌كان به ناشرینی نیشان بده‌یت و ریسوا بكه‌یت نه‌ك سووكایه‌تی به هه‌موو خه‌ڵك بكرێت".
مه‌سعود عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی كه‌ناڵی كوردماكس هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی حه‌مكۆ شۆیه به (سڤیل) ـی راگه‌یاند "ئێمه ده‌ست بۆ به‌رنامه‌یه‌ك ده‌به‌ین كه جه‌ماوه‌ری بێت، له‌وانه‌یه ئه‌م به‌رنامه‌ی حه‌مكۆ شۆ له‌لایه‌ن جینی رۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان قبوڵ نه‌بی، به‌ڵام به‌شێوه گشتییه‌كه پێشوازییه‌كی زۆر باشی لێكراوه و بینه‌ری زۆره، دڵنیاشم له‌داهاتوودا ئه‌م به‌رنامه‌یه ده‌بێته به‌رنامه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و پڕبینه‌رترین، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ كوردستان تازه‌یه ئه‌م بۆچوون و ره‌خنانه دروست ده‌بێت و ئێمه به ئاسایی وه‌ریده‌گرین". هه‌روه‌ها گوتیشی "ئه‌م ره‌خنانه وه‌كو ئه‌وه ده‌بینم كاتێك هه‌موو لایه‌ك ده‌یانگوت دراما بیانییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌لتور و داب و نه‌ریتی ئێمه‌ی كورد ناگونجی، به‌ڵام داجار هه‌ر خۆی سه‌پاند و بوونه پڕبینه‌رترین دراماكان له‌كوردستان".
مه‌سعود عوسمان ئه‌م ره‌خنانه به‌ره‌وا نابینی و چونكه ئه‌و ده‌ڵێت "خه‌ڵكانێك ره‌خنه ده‌گرن به‌رنامه‌كه‌یان نه‌بینیووه، بۆ نموونه هێشتا به‌رنامه‌كه په‌خش نه‌كرابوو ته‌نیا ریكلام بوو، خه‌ڵكانێك كوردماكس و حه‌مكۆیان سه‌رزه‌نشت ده‌كرد، بۆیه من ده‌ڵێم جاری زووه حوكمی ئه‌وه بده‌ن كوردماكس هه‌ڵه‌ی كردووه، دڵنیام هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه، ئه‌م جۆره به‌رنامانه له‌هه‌موو وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان هه‌یه و بینه‌ری زۆر له‌شانۆیی جدی زۆرتره، بلیتی زۆر گرانتره له‌شانۆیه جدییه‌كان".
سه‌رچاوه: سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.